کاک نەوشیروان و دۆسیەی نەوت
12/4/2020 11:05:00 PM
عهلی حهمه ساڵح
لە پێناو راستی
بەندە بەو پێیەی
پێش ئەوەی ببمە ئەندام پەرلەمان، رێکخەری ژوری لێکۆڵینەوەی ئابوری بوم، کە بومە پەرلەمانتاریش
لەو لیژنانەی پەرلەماندا بوم کە پەیوەندیان بە نەوت و پارەوە ھەبو.. بۆیە لە نزیکەوە
ئاگاداری زۆر وردەکاریمکە پەیوەندی بە باوەڕ و بڕیاری کاک نەوشیروان بو بۆ دۆسیەی
نەوت، بە ئەرکی خۆم دەزانم ئەم راستیانە بنوسم بۆ ئەوەی لە دۆسیەی نەوت و سیاسەتی
نەوتدا غەدر لە کاک نەوشیروان نەکرێت.
کاک نەوشیروان
دژی ئەوە نەبو کە ھەرێمی کوردستان نەوت بەرھەمبھێنێت یان ژێرخانی نەوتی ھەبێت، بەڵام
گرفتی لەگەڵ گەندەڵی و ناشەفافی و بەدامەزراوەیی نەکردنی کەرتی نەوت و گازدا ھەبو.
ھاتنی ئاشتی ھەورامی
ئاشتی ھەورامی
ھاتە لای کاک نەوشیروان؛ کاک قادری حاجی عەلیش لەوێ بو، سێ کاتژمێر قسەی بۆ کردبون
سەبارەت بەگرێبەستە نەوتییەکان لەگەڵ کۆمپانیاکانی نەوت و نەخشەی بلۆکە نەوتی و
گازییەکانی پیشان دابون. دواتر من لەگەڵ ھەردو رەوانشاد دانیشتم. کاک نەوشیروان زیاتر
گوێی گرتبو، کاک قادریش ھەندێک پرسیاری لە ئاشتی ھەروامی کردبو، وەڵامی وەرنەگرتبو
لەوانە، پارەی شیرینی نەوت چۆن بەشکرا؟ چۆن کۆمپانیا خزمەتگوزاری و ئەمنیەکانی نەوت
پارە وەردەگرن؟ ئاشتی ھەورامی ناڕاستەوخۆ وتبوی: لای من نیەو لای خەڵکی ترە.
بۆ گرێبەستی
(50) ساڵەی تورکیا، نە گرێبەستی پیشاندابون و نە وردەکاری وتبو، نەگرێبەستەکەی پێبو؛
تەنیا ئەوە نەبێت باسی لەوە کردبو کە لە بری بۆری بۆیان و تێپەڕبونی نەوت وەک تاریفەی
گومرگی بڕێک پارە دەدەن، ئەمەش نھێنی نیەو پارساڵ (494) ملیۆن دراوە!
دوای بەشداری
کردن لە حکومەت لە (2014)
وەک لەسەرەوە
ئاماژەم پێدا کاک نەوشیروان دژی دەرھێنانی نەوت نەبو، دژی ئەو ھەمو گەندەڵی و ناشەفافیەتە
بو کە لە دۆسیەی نەوتدا هەبو. بەتایبەت ئەو کات کە باسی شیرینی نەوت و ٥ ملیار دۆلارەکە
زۆر دەکرا، بەڵام دیار نەبو چی لێھاتوە، لە بانکی (HSBC) و دواتر خرایە بانکی کوردستان و دیارنەبو
چی لێھاتوەو چۆن بەشکراوە.
کاک نەوشیروان ھێندە
ناڕازی بو لە سیاسەتی نەوت، بە وەزیری دارایی وتبو: نابێت واژو لەسەر کۆنوسی کۆبونەوەکانی
ئەنجومەنی ھەرێمیی نەوت و گاز بکەیت و نەیکرد.
سەرۆکی حکومەتی
پێشو زۆر مەبەستی بو وەزیری دارایی کە نوێنەرایەتیی گۆڕان دەکات، واژو لەسەر کۆنوسی
ئەنجومەنیەکە بکات.
ئەوەبو بە رەزامەندی
گۆڕان، وەزیری دارایی نوسراوێکی کرد، ئامادەیی دەربڕی بۆ واژوکردنی کۆنوسەکان بەم
مەرجانە.
یەک: ھەبونی زانیاری
لەبارەی گرێبەستی نەوتی.
دو: ئاگادار بون
لە چۆنیەتیی فرۆشتنی نەوت و داھاتی نەوت و خەرجی و ھەمو ژمارە حسابیەکان.
سەرەتا سەرۆکی
حکومەت رازی بو، بو بە بڕیارێک لە بڕیارەکانی ئەنجومەنی ھەرێمی نەوت و گاز، ئەوە جێگیر
کرا زانیاری بدرێتە ھەمو ئەندامان. بەڵام دواتربڕیارەکە جێبەجێ نەکرا، کاک نەوشیروانیش
رازی نەبو واژو لەسەر ھیچ کۆنوسێک بکرێت.
ئاشتی ھەورامی و
سەرۆکی حکومەت، دەیانوت: پارەی نەوت دەچێتە ھالک بانکی تورکیاوە و لەوێوە دەگەڕێتەوە
کوردستان. پاش پێداگیری گۆڕان، بڕیاردرا ژمارە حسابێک بۆ حکومەت و وەزارەتی دارایی
لە ھالک بانک بکرێتەوە. دوای ئەوەی وەزیری دارایی چوە تورکیا، دەرکەوتبو حسابەکەی
حکومەتی ھەرێم ھیچ بڕە پارەیەکی تێدا نیە... کاک نەوشیروان بەمە زۆر نیگەران بو! ھیچ
کارێک بەم ژمارە حسابە نەکرا، پارەکان ھەر دەگەڕایەوە بانکی کوردستانی ئەھلی و ھەر
لەوێش دۆلارەکەی دەگۆڕدرایەوە بە دینار. ئێستا یەک شت گۆڕاوە لە بری بانکی
کوردستان، ئاڕ تی بانکی ئەھلی ئەم کارە دەکات.
من باش دڵنیام،
جگە لە د.ئاشتی و سەرۆکی حکومەتی پێشو، تاوکو ئێستا کەس رێککەوتنی (50) ساڵی نەخوێندوەتەوەو
لای نیە، ئەوەی ھەیە بۆیان باسکراوە بڕێک پارە دەدرێتە تورکیا لە بڕی تێپەڕبونی نەوت،
ئەی چی دیکە دیار نیە!!
تەنانەت دۆسیەی
نەوت ھێندە نھێنیە سەرۆکی حکومەت نەیدەھێشت کەس لە شێوازی فرۆشتن و نرخی داشکاندن
بزانێت!!
سەرەتای (2015)،
کات بەیانیەو کۆمپانیای ڤیتۆڵ لە ماڵی سەرۆکی حکومەتن بۆ کڕینی نەوتی کوردستان، وەزیری
دارایی ئەوکات دەڕوات بۆ ئەوەی ئاگاداری نرخ و شێوازی فرۆشتن بێت، بەڵام نێچیروان
بارزانی بەوپەڕی ڕێزەوە بەڕێی دەکات و دەڵێت: دەمانەوێت بەتەنیا دانیشین و نامانەوێ
کەس ئاگاداری ئەم وردەکاریە ببێت، تەنانەت جێگری سەرۆکی حکومەتیش لەوێ نەبو.
ئەوان نەیاندەھێشت
کەس ئاگاداری وردەکاریی مامەڵەی یەک گرێبەستی فرۆشتنەکە بێت، چ جای بێن وردەکاری
گرێبەستی (50) ساڵە بدەنە دەست کەس.
ئەگەر جێگری سەرۆکی
حکومەت وردەکاری ئەم گرێبەستە دەزانێت، تەنیا بە ھاوسەرۆکان بڵێ بۆ ئەوەی نەڵێت
ئاگادار نیم.
ئێستاش وەک ئەوکات،
لە پێنچ ئەندامی ئەنجومەنی ھەرێمی نەوت و گاز، جێگری سەرۆکی حکومەت و وەزیری دارایی
و کاروباری ئابوری و پلاندانان ھەیە! بەڵام لەم کابینەدا ئەم ئەنجومەنە ھەر کۆنەبوەتەوە
و دڵنیام لە وردەکاریی فرۆشتنی نەوت و داشکاندنەکانی ئاگادارنین.. چ جای رێککەوتنی
(50) ساڵە لەگەڵ تورکیا.
تێبینی: ئەو زەرفە
گەورەی ئاشتی ھەورامی ھێنای بۆ کاک نەوشیروان، ساڵانەیەکی نەوت و غازو نەخشیەک بو،
لە گەڵ چەند کتێبێک کە دەرباری نەوت ھی فوئاد قاسم ئەمیر بو بەدیاری بۆ کاک نەوشیروان
ھاتبو، دای بە من، ئێستا لای منەو یەکێ بۆ توێژینەوە ویستی لە خزمەتیدایە.