617وتار

موازنەی ۲٠۱۹ ی عێراق،كۆتایی بەسیستمی پاشەكەوت هێنا

3/8/2019 7:26:00 PM
هۆشیار عەبدوڵا

لابردنی سیستمی زۆرە ملێی پاشەكەوت كە وایكرد فەرمانبەرانی هەرێم چەندین ساڵ ژیانێكی سەخت بەرێبكەن، منەتی ناوێ داوای لێبوردنی دەوێ، هەموو ئەوانەشی كە پێشنیاری ئەو سیستەمەیان كرد، ئەوانەی پشتیوانیان كرد لە ئەنجومەنی وەزیران، ئەوانەی جێبەجێیان كرد تاوانێكی گەورەیان ئەنجامدا،بەڵام سەیرە ئەوانەی سەپاندیان لەبری شەرم، شانازی بەلابردنیەوە بكەن، بەتایبەت كە ئەگەر یاسای موازەنەی ۲٠۱۹ ی عێراق چمانی مووچەی نەكردایە، لا نەدەبرا .

لا نەدەبرا ئەگەر لە موازەنەی عێراقدا موچەی فەرمانبەران بێ ناردنی نەوتیش لە رێگەی سۆمۆوە جێگیر نەكرایە ، ئاخر خۆ مەعقول نیە هەرێم نەوتی خۆی بفرۆشێ، داهاتی ناوخۆی لابێت،پارەی لە بەغدادەوە بۆ بێت و هێشتا بڵێ موچەی تەواو نادەم ؟!

ئەو پارەیەی لە موازەنەی ۲٠۱۹ دا ، جێگیركراوە وەك پشكی هەرێم، لەحاڵەتێكا هەرێم پابەندیش نەبێت بە ناردنی نەوتەوە حصرا بۆ موچەی فەرمانبەران جێگیر كراوە، بۆیە هەرێم دەبێت موچەی فەرمانبەران بدات بە تەواوەتی،لەراستیدا لە گفتوگۆكانی موازەنەدا ئەگەر پاساوەكەمان موچەی فەرمانبەرانی هەرێم نەبوایە هیچ پەرلەمانتارێك ئامادە نەبو دەنگبدات بەو مادەیەی موچەی فەرمانبەران و پیشمەرگە گرەنتی دەكات.

لە گفتوگۆكانی موازنەدا، هەمو ئەندامە كوردەكانی لیژنەی دارایی شایەتن ،گوتمان با مەلەفی نەوتی هەرێم حكومەتی عێراق چۆنی دەوێت وا چارەسەری بكات ، چۆن و بە چ رێگەیەك هەرێم ناچار دەكات نەوت بداتە سۆمۆ ئازادە، بەڵام مەعقول نیە حكومەتی عێراق هیچ رێگەیەكی نەبێت بۆ چارەسەری مەلەفی نەوت سزادانی فەرمانبەرانی هەرێم نەبێت، بۆ مێژوو بەشێكی زۆری پەرلەمانتارانی شیعە و سوننە هاوڕا و هاوسۆز بون لەگەڵماندا و زۆرێكیان وتیان مەسەلەی موچەی فەرمانبەران و ژیانیان دەبێت هێڵی سور بێت، بەڵام لەهەمان كاتدا ئەوەشیان گوت لە حاڵەتێكدا رازی دەبین كە دەبێت ئەو پارەیە بدرێتە موچە ئەگەر نەدرێتە موچە هەڵوێستی تریان دەبێت، هەر بۆیەشە لە گفتوگۆكانی كۆتاییدا بۆ جێگیر كردنی تەعدیلی مادەیی دە، لە دەقەكەدا موچەی فەرمانبەران جێگەكرایەوە و رازی بون پێی و توانیمان لە لیژنەی مالیە تێیبپەرێنین.

گرنگە رون بێت هێشتا پرسی ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بێ ئەوەی هەرێم نەوت بنێرێت پرسێكی گەرمە و جیگەی رەخنەی بەشێك لە كوتلە سیاسیەكانە و هێشتا لە مەترسیدایە و ئەو حاڵەتەش تەنها رەنگە بۆ ۲٠۱۹ بچێتە سەر كە بێ ناردنی نەوت پارە بێت ، بۆیە زۆر گرنگە هەرێم ئەو چاكسازیانە بە خێرایی ئەنجام بدات؛
یەك: پرسی نەوت شەفاف و بە نیشتیمانی بكات، چارەسەری مەلەفی نەوت بكات لەگەڵ بەغداد بە شێوەیەكی یەكجارەكی نەك پینە و پەڕۆ بۆ ئەوەش دەبێت یاسای نەوت و گاز لە پەرلەمانی عیراق دەربچیت و هەرێم دژ نەبێت ، گرنگە لە پارەی زیادەی داهاتی نەوت پرسی شایستەی كۆمپانیاكان حەسم بكات و كەڵەكەی نەكات، ئەوە نەكات مەلەفی نەوت ساڵ دوای ساڵ دەبێتە بارێكی گرانتر و نەگبەتی زیاتر دێنێت نەك خۆشبەختی .

دو : جگە لە داهاتی نەوت ، داهاتی ناوخۆش دەبێت شەفافانە كۆبكرێتەوە بۆ خەزێنەی حكومەت نەك گیرفانی حزب و كەسەكان ، لەو روەوە رێكخستنەوەی باج بە یاسا ئێجگار گرنگە.

سێ : زۆر گرنگە لە هەرێم بە زویی یاسایی چاكسازی لە موچە و دەرماڵەكاندا تێبپەرێنرێت و دوای تەعدیلاتی زیاتر بە ئاراستەی عەدالەتخوازی و پەرلەمان دەنگی لەسەر بدات .

چوار : بۆ مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ دەبێت هەرێم لیستی موچە بنیرێ بۆ بەغداد ، گرنگە لیستی موچە پاككبكرێتەوە و لیستێكی راستەقینە سازبكرێت و بدرێتە بەغداد بۆ ئەوەی لە موازەنەی ۲٠۲٠ ئیعتیمادی بخەینە سەر.

پێنج: عەیبەیەكی گەورەیە چیتر حكومەتی هەرێم بێ یاسای بودجە داهاتی نەوتی و نانەوتی ، تەخشان و پەخشان بكات ، یاسای بودجە كۆمەلێك ژمارەی گریمانەییە سیاسەتی دارایی ساڵێكی حكومەتە و بێ یاسای بودجە نە عەدالەت هەیە لە تەوزیعی داهاتدا نە دەشتوانرێت چاودێری سەرفكردن بكرێت و لێپرسینەوە بكرێت لە چۆنێتی سەرفكردندا، بونی یاسای موازەنە بۆ هەرێم ئەركی پەرلەمانی كوردستانە كە فشار لە حكومەت بكات كە یاسای موازەنە بنێرێتە پەرلەمان بۆ ئەمسالیش نەبێت بۆ ۲٠۲٠.
بێ ئەنجامدانی ئەم (پێنج) هەنگاوەی سەرەوە كێشەیی قەیرانیی دارایی و بەرێوەبردن چارەسەر نابێت و هەركەسیش ئیدیعای ئەوە بكات كۆتایی دێت جگە لە شیعار شتێكی تر ناڵێت.

دوا قسە ئەوەیە ئەگەر هەڵگرتنی پاشەكەوت ریزێك هەنگاوی جدی چاكسازی لەگەڵدا نەبێت و تەنها بۆ ئەوە بێت بڵێن خۆمان سەپاندمان و خۆشمان لامانبرد و وەك منافەسەی نێوان ئەم كابینەیە و كابینەی داهاتو مامەڵەی لەگەڵدا كرابێت ئەوە بە دڵنیاییەوە درێژە بە قەیرانەكە ئەدات نەك چارەسەر.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن