حەڤدەی شوبات
2/17/2019 11:59:00 AM
هۆشیار عەبدوڵا
حەڤدەی شوبات و رۆژانی دوایی ساتەوەختێكی مێژویی جیاوازن لە دەسەڵاتی جوت حزبەكە، حەڤدەی شوبات پێی گوتین سنگی لاوانی كورد و خوێنی گەنجان نەك هێڵی سور نیە بۆ دەسەڵاتیان بەڵكو ئاسانترین كارێكە كە لە پێناو مانەوەی خۆیاندا بیكەن.
ئەو دو حزبە دەسەڵاتیان بەهۆی ڕشتنی خوێنی شەهیدانی حەڤدەی شوبات و رۆژانی دوایی و بەهۆی دونیایەك بەدكاری ترەوە، لەوانە تەزویر و تاڵانی نەوت و دەنگدزین و سوتاندنی كارتی ریفراندۆم و ۱٦ ئۆكتۆبەر و دەیان بەدكاری تر بەردەوامە.
لام سەیرە كە بۆ دەسەڵاتی ئەو دو حزبە باسی شەرعیەتی یاسایی بكرێت، باسی كورسی پەرلەمانی بكرێت، واز لەوە بێنە لە هەڵبژاردن بە تەزویر دەیبەنەوە و شەرعیەتیان هی تەزویرە، بەڵام لە شەرعیەت باڵاتر مەشروعیەتە لە ۱۷ی شوبات و رۆژانی دواییەوە ئەو دو حزبە فڕیان بەسەر مەشروعیتەوە بۆ حوكمڕانی خەڵك نەماوە .
شەهیدانی حەڤدەی شوبات خەڵكانێكی غەریببون بۆ هەموان، كەس نەیدەناسین بەڵام چونكە لە سەر رێگایەكی رەوا بون ، ئەوەتا چونەتە مێژوەوە، لە دڵی كوردستاندا دەژین، بونەتە سیمبول و ساڵانە یادیان بەرز رادەگیریت و ئەو دەسەڵاتەی ئەوانەی شەهید كرد هەتا مێژو مابێت سەری شۆڕە، جا ئەگەر نەك دەسەڵاتی چوار پارێزگا بەڵكو هەموو كەونی بەدەستەوە بێت .
بۆ ئەمساڵ ئەگەر قسەیەك هەبێت لەو یادەدا بكرێت ئەوەیە كە دەسەڵاتی هەرێم زادەی دەیان تاوانی وەك حەڤدەی شوباتی رەتكردنەوە و هەوڵدان بۆ گۆرینی ریشەیی ئەركێكی نیشتیمانیە و لادان لەو ئەركە جا هەركەس بیكا باجەكەی گران دەبێت.
شەهیدانی حەڤدەی شوبات پێمان دەڵێن، ئەوەی مانا بە رەوایەتی ئەدا دەسەڵات نیە، بەڵكو رێگای راستە، بۆ سەركەوتن، لانەدان لەو رێگا راستە، گرەنتی و چمانە.
نەوشیروان مستەفاش هەروایكرد مرد و لە رێگا راستەكەی خۆی لاینەدا.