حەوتەوانە
2/26/2019 10:06:00 AM
هۆشیار عەبدوڵا
یەک:
گۆڕان ڕای لەسەر خراپیی سیستمی سیاسیی هەرێم نەگۆڕاوە، بەڵكو سورە لەسەر ئەوەی کە ئەم سیستمە خراپەو بێ کەڵکەو دەبێت چاک بکرێت هەر لەوپێناوەشدا زۆرینەی جڤات بڕیاری بەشداریکردنی لە حکومەتدا داوە، واتا گۆڕان بەشدارە نەک بۆ ئەوەی ببێتە بەشێک لە سیستم بەڵکو بۆ گۆڕینی سیستم بەشدارە.
دوو:
ئەوە گۆڕان نەبوو لەگەڵ خۆیدا بوغزو کینەی سیاسیی هێنا، بەڵکو لەگەڵ لەدایکبونی گۆڕاندا بوو کە بە بوغزو کینەیەکی سیاسی زۆرەوە مامەڵەی لەگەڵدا کرا، گۆڕان زۆر هاواری کرد دژی نەخۆشەکە نیە هاتوە نەخۆشیەکە لەناوبەرێت، ئەوان بون کێشەکانیان لەگەڵ گۆڕان گەیاندە لوتکەی دژایەتی و دوژمنایەتی .
سێ :
گۆڕان هات بۆ ئەوەی ململانێی سیاسیی بکاتە دۆخێکی تەندروست، هات خەباتی مەدەنی بکاتە مۆدێل، هات کۆمەڵگە هۆشیار بکاتەوەو کردی، ئەو هێزە بوو کە رەخنەی سەرپێخست و چەکەکانی بێدەنگ کرد، ئەوە گۆڕان نەبوو کە نەزانێ ململانێی مەدەنی چیە، ئەوە ئەوان بوون کە بە جۆرەها شێوە پەلاماری گۆڕانیانداوەو توندوتیژیان بەرامبەر بەکارهێناوە، لە بەرامبەردا تاکە یەکجاریش گۆڕان پەنای بۆ توندوتیژی نەبردووە.
چوار:
گۆڕان بەم بەشداریەی لە حکومەت بلیتی پاکبوونەوە ناداتە کەس، دیدی لەسەر بەدکاریەکانی رابردوو نەگۆڕاوە بەڵام گۆڕان بۆ سبەی و ئایندە دەڕوانێت و نەچەقیوە لە گرێکانی رابردوودا، بەڵکو هاتووە بە داڕشتنی بەرنامەیەکی کار بۆ کابینەی نۆ، بەرپرسیارێتی لەسەر لایەنە بەشداربووەکان زیادکردووەو باری شانی خۆی و ئەوانی تریشی بە بەرنامەیەکی سیاسیی بۆ چاکسازی قورسکردووە .
پێنج:
گۆڕان حزبی ریفۆرم و بەرنامەیە، تا ئەوکاتەش دەتوانێت بژیت کە دەستدەگرێت بەو بەرنامەیەوە، بەڵام بۆ جێبەجێکردنی بەشێک لەو بەرنامەیە پێویستی بە گۆرینی ئالیەت و هۆکارو پێداویستی قۆناغەکان هەیە کە مەرج نیە تەنها ئۆپۆزسیۆن یان لەدەسەڵاتا بوون بێت، گرنگ دەستگرتنە بە ئامانجەکانەوە هەموو ئالیەتێکی مەشروع بۆ هێنانەدیان رەوایە .
شەش:
هەموو قۆناغێک بەرپرسیارێتیەک دەکاتە ئەولەویەت، بۆ ئەم قۆناغە کە گۆڕان پێیایدا تێدەپەرێت بەشداری لە دەسەڵات بە باش زانراوە، ئەوە بە مانای ئەوە نیە کاتێک بزانێ کێشە لە جێبەجێکردندایە سەبری ئەیوبی هەبێت و سڵیش ناکاتەوە لەوەی لەسەر بەرنامەکەی هەمو ململانێیەک بکات و دە جاری تر لە حکومەت بێتە دەرەوەو دەیتر بچێتە حکومەتەوە، گرنگ جێبەجێکردنی بەرنامە چاکسازیەکەیە، گۆرانخوازان ئەو گوتەزا پڕ حیکمەتەی کاک نەوشیروان کە وتی عیبرەت لە جێبەجێکرندایە نەک لە نوسیندا لایان قاعیدەیەکی گرنگەو لێی لانادەن.
حەوت:
لە وەفاتی کاک نەوشیروانەوە تا ئەم لەحزەیە، دەیان پیلان و موئامەرە لەسەر گۆڕان هەن، ئەو پیلانانە لەگەڵ چەندین هەڵەی ناوخۆیی وایکردووە کە گۆڕان قورسایی دوو خولی رابردووی لە پەرلەماندا نەمێنێت، رووداوەکانی رابردوو هەموویان بە ئاشتی و ناکۆکیەکانەوە، لە رێکەوتن و ترازانەکانەوە وایانکردووە گۆڕان نەفەسێکی واقعی تر لە سیاسەتکردندا بگرێتە بەر بەشێوەیەک کە سیاسەت چیتر لای گۆڕان هەر ململانێ نیە بەڵکو لەپاڵ ململانێدا مناوەرەو هاوسەنگی راگرتن و خوێندنەوەی واقعی سیاسی سەر ئەرزە وەک خۆی.
ئەگەر لەسەرەتاوە و لە 2009وە، گۆڕان وەک هێزێکی ریفۆرمخواز وەرگیرایەو گۆڕانخوازان سزای سیاسی نەدرابان و بە جۆرەها شێوە توندوتیژی لەدژی گۆڕان ئەنجام نەدرایە، ئەگەر لەسەرەتاوە هۆشداریە پێشوەختەکانی گۆڕان لە بواری سەربازی و دارایی بە هەند وەربگیرانایە، پەیام و رووبەڕووەکانی نەوشیروان مستەفا بە چاوی بەرژەوەندی نیشتیمانی سەیربکرانایە نەک چاویلکەی حزبی، دەزانرا کە گۆڕان پرۆژەیەکی مەدەنیی نەفەسدرێژە بۆ گۆڕانکاری.
ئەوانەی گۆڕان بەوە تۆمەتبار دەکەن کە پێشتر بەرامبەرەکانی بە دوژمن و شەیتان کردووەو ئێستا پەشیمانە خۆیان لەو هەموو دوژمنکاریەی دژی گۆڕان کراوە، لادەدەن و ناڵێن لەسەرەتاوە گۆڕان لەبری وەرگرتنی وەک پرۆژەیەکی نیشتیمانی وەک موئامەرەو تەخوین و مەترسی بۆسەر هەرێم ململانێی لەگەڵدا کراو هەوڵی سڕینەوەی دراوە بە جۆرەها شێوە.
گۆڕان پرۆژەیەکی مەدەنیی ریفۆرم خوازە لەو پێناوەشدا بەردەوامە.