47 عیراق

١٥٠ هەزار دامەزراندن لە ساڵی نوێ دەستپێدەکات

03:02 - 24/09/2026

زەمەن_هەواڵ

 

عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عیراق رەزامەندیی رەسمی دەربڕی لەسەر تەرخانکردنی 150 هەزار پلەی وەزیفی لە چوارچێوەی بودجەی گشتیدا، کە بڕیارە تەواوی پرۆسەی پێشکەشکردن و رێکخستنی لە رێگەی ئەنجومەنی خزمەتی گشتیی فیدراڵییەوە جێبەجێ بکرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٢٤ی ئەیلولی ٢٠٢٦، شیماء فەتلاوی، ئەندامی پەرلەمانی عیراق رایگەیاند: سەرۆکوەزیران رەزامەندی رەسمی لەسەر تەرخانکردنی ئەو ١٥٠ هەزار پلە وەزیفییە دەربڕیوە، هەروەها هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پەروەردەدا دەستپێکردووە بۆ دەرکردنی ئاگادارییەکی بەپەلە بۆ بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان لە بەغداد و پارێزگاکان، بە مەبەستی دیاریکردنی پێداویستییە راستەقینەکانیان لە کادێری پەروەردەیی.

ئاماژەی بەوەش کرد کە بەشێکی سەرەکیی ئەم ئامانجە بۆ داپۆشینی کەمیی میلاک لە دامەزراوە پەروەردەیییەکان تەرخان دەکرێت.
لە لایەکی ترەوە، عەزیز شەریف میاحی، ئەندامی پەرلەمان ئاشکرای کرد کە ئاڕاستەی حکومەت و پەرلەمان بەرەو ئەوەیە ئەم دامەزراندنانە هەموویان لەسەر میلاکی هەمیشەیی دەوڵەت بن.

جەختیشی کردەوە کە سپاردنی ئەم دۆسیەیە بە ئەنجومەنی خزمەتی فیدراڵی بەهۆی بوونی سیستەمی ئەلیکترۆنی و پێوەرە روونەکانیەتی کەتێیدا دادپەروەری لەنێوان داواکاراندا دەستەبەر دەکات.

میاحی زانیاری ئەوەشی دا کە پەرلەمان لە ماوەیەکی نزیکدا میوانداریی سەرۆکی ئەنجومەنی خزمەتی گشتیی فیدراڵی دەکات بۆ تاوتوێکردنی وردەکارییەکانی دۆسیەکە و داڕشتنی ئالیەتێکی دیاریکراو و ئەمن بۆ دابەشکردنی پلە وەزیفییەکان.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ