میدیا وەک دەسەڵات، میدیا وەک دەربار
9/25/2025 11:56:00 PM
هۆشیار عەبدوڵا
قسەکانی
دوێنێی وتەبێژی ماوەبەسەرچووی حکومەتی هەرێم لە وەڵامی پرسیارێکی کەناڵ ٨ دا
پەیوەست بە ئامادەنەبوونی کەناڵی ڕووداو ، ئێجگار فشیانە و نابەرپرسیارانە بوو،
زمانێک بوو لە هی تەور دەچوو تا مرۆڤ!
قسەی من
لەسەر ئسلوب و ئاستی وتەبێژەکە نییە چونکە لای هەمووان ڕوونە و دواجاریش ئاوێنەی
ئەو حکومەت و کەسەیە کە بەناوییەوە دەدوێ، قسەم لەسەر رۆڵی میدیایە وەک دەسەڵات،
وەک یەکەیەکی زیندووی کۆمەڵگە، وەک دەسەڵاتێک بە تەنیشت دەسەڵاتەکانی ترەوە!
ئایا
ئێمە لە هەرێمدا لەبەردەم میدیایەکین کە دەسەڵاتە یان چەکی دەستی دەسەڵاتە؟!
میدیایەکە کە سەرەتاییترین رێزی شوناسی خۆی دەگرێت یان تواوەتەوە لە دەربارییدا!؟
ئایا
ئێمە لەبەردەم میدیایەکی ترساوی ئیقصاکراوداین کە بە رەحم و سۆز و بەزەیی
بانگهیشتی کۆنگرەی رۆژنامەوانی دەکرێت یان دەسەڵات دەبێ مەمنون بێت میدیا بیگەیەنێ
و بیگوازێتەوە؟!
ئایا
ڕەوایە هیچ پەیامنێرێک لەوێ لەسەر ئەو قسانەی وتەبێژ نەهاتە دەنگ؟! ناڕەزاییەک
دەرنەبڕدرا؟!
کاتێک
ئیهانەی پەیامنێری کەناڵ ٨ دەکات و دەڵێت تێلت بۆکراوە و تۆش ڕەنگە چارەنوست وەک
ڕوداو بێت بۆچی هەر لەوێ مایکەکەی لانابەت و نایەتە دەرەوە؟! بۆچی ئەوانیتر
هەڵوێستیان نەبوو؟! ئاخر سەنگی رۆژنامەوانی و بەهای هەواڵی قسەکانی هەموو جارێکی
ئەم وتەبێژە چییە تا ئەو هەموو بێمنەتییەی لێ قبوڵبکرێ؟! ئاخر لە قسەی سواو و
دووبارە و بێ ناوەرۆک و پڕ لە ڕق چیتری گووتوە تا میدیا مەمنونی حضور بێت و
سەرباری ئەوەش ئیهانە بکرێ؟!
ساڵی
٢٠٠٥ وەک پەیامنێری کەناڵی کوردسات، لە ئیتاڵیا لەگەڵ مامجەلال بووم، لە کۆتایی
کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا پرسیارێکم لێکرد ، راستەوخۆ کوردسات دەیگواستەوە،
وەرگێرەکە پرسیارەکەی منی گەیاند، کە پرسیارەکەم تەواوکرد ، مامجەلاک گووتی تۆ
پەیامنێرەکەی خۆمانیت دواتر جوابت دەدەمەوە! لەوێدا یەکسەر دوو سێ رۆژنامەوانی
ئیتاڵی هاتنە دەنگ و گوتیان بۆ جوابی پرسیاری ئەو ڕۆژنامەوانەی نەدایەوە؟! کە
مامجەلال هەستیکرد وەڵامنەدانەوەی بوو بە مەوزوع دەستبەجێ بانگی کردمە بەردەمی تا
پرسیارەکانم بکەم و لە بری پرسیارێک سێ پرسیارم کرد.
رۆژنامەوانی
زیندوو، پەیامنێری ئازا ئەو کەسەیە خەمی شکۆی خۆی و هاورێکانیشی دەخوات، تا ئەوەش
نەکات نابێتە ئەو کەسەی شەرەفی نوێنەرایەتی دەنگی خەڵک و گەیاندنی حەقیقەت و
راستییەکانی هەبێت.
سەندیکای
رۆژنامەنوسانی کوردستان و سەنتەری میترۆ و دەزگا ئەکادیمییەکانی کاری رۆژنامەوانیی
و میدیایی لەبەردەم بەرپرسیارێتی گەورەدان بۆ جارێکیتر داڕشتنەوەی شکۆ و پێگەی
میدیا بەگشتی و میدیاکاران بە تایبەتی!
شکۆیەک؛
کە هێندە بەرز و باڵا بێت هیچ سیاسییەکی فاشیل نەتوانێ ئیهانەی بکات و لە جێگەی
خۆیدا ڕایبگرێ!
هۆشیار
عەبدوڵا