📍لەهەمو بۆنەیەکدا سلێمانی رێگاکانی بە هۆی زۆری ئۆتۆمبێل و بەرتەسکی رێگاکانی و نەبونی سەد مەتری دەخنکێن! 📍قۆناغی یەکەمی پرۆژی سەد مەتریەکە گەیشتۆتە کوێ؟ 📍کەی قۆناغەکانی تری دەست پێدەکەن؟ 🔻((بە شێوەیەکی مەیدانی پرۆژی سەد مەتریەکە (ئۆتۆبانی بابان)مان لە سلێمانی بەسەرکردەوە.)) جادەی سەدی یان وەک ناونراوە ئۆتۆبانی بابان، دوای کێشمە کێش وفشارێکی زۆری سیاسی و پەرلەمانی و میدیایی و جەماوەری خرایە بواری جێبەجێکردنەوە. ئەگەرچی ئەوەی دەستیپێکراوە بەشی یەکەمیەتی کە لە تاسڵوجەوە تا نزیكی عەربەت دەڕوا بەڵام بایەخێکی ستراتیژی ئێجگار گەورەی بۆ سلێمانی هەیە و دەشێ وەک یەکێک لە پرۆژە گرنگەکان بۆ ئایندەی سلێمانی بناسێنرێ. ئەم پرۆژەیە جگە لە بایەخی هاتوچۆ و کەمکردنەوەی فشار لەسەر ناوشار، دەکرێ وەک دەرفەتێکی گرنگی سەرلەنوێ دیزاینکردنەوەی سلێمانی بە ئاراستەی شەقامەکەدا ببینرێ بەو مەرجەی بە ماستەرپلانێکی تۆکمە وەک پرۆژەیەکی وەبەرهێنان بە هەردو دیوی رێگاکە بە عەقڵیەتی شارسازی رێکبخرێ نەک بە عەشوائیات و داگیرکاری زەوی. چەند زانیاریەکی ورد سەبارەت بە پرۆژەکە؛ * قۆناغی یەکەم ۳۲کم درێژی شەقامەکەیە. * وا بریارە سەرەتای مانگی ۸ ی ۲٠۲۳ تەواو بێ. * بە گوێرەی سەرپەرشتیاری پرۆژەکە لە سەدا ۲۲ ی تەواو بوە. * بە درێژایی ۳۲ کیلۆمەترەکە جگە لە کیلۆمترێک کە تەجاوازات رێگای گرتون کاری برین و پڕکردنەوە ئەنجامدراوە. * شەقامەکە ۷ یەکتربر و ٥ ئەندەرباس و ٦۸ ئاوبارە و پردێکی گەورەی لەسەرە. * بەهەردو ئاراستەکەدا توانای لە خۆگرتنی ۱۸ ئۆتۆمبێل هەر لاینەی ۹ ئۆتۆمبێلی هەیە. * لە نێوان هەردو لاینەکە جەزرە وەسەتیەک هەیە کە پانیەکەی ۱۲ مەترە. * لە نێوان سایدی سەرەکی و خزمەتگوزاری جەزرەیەکی تری ناوەندی هەیە بە پانی ۷ مەتر. * وا بریارە هەمو لایەنە هونەریەکانی هێلکاری و تابلۆی هاتوچۆی بە پێشکەوتوترین ئاست تێدا جێبەجێ بكرێ. چیمان بینی؟ لەگەڵ سەرپەرشتیاری پرۆژەکە قسەمانکرد، جگە لە وەرگرتنی زانیاری لە نزیکی تاسلوجەوە تا دەمرکان و رێگای عەربەت بە مەیدانی کارەکانمان لە پرکردنەوە و بڕین و پرد و وردەکاریەکانیی تر بەسەر کردەوە. بە درێژایی ۳۲ کیلۆمەترەکە جگە لە یەک دو کیلۆمەتر نەبێ کاری تێداکراوە، زیاتر لە هەزار کەس وەک ستاف لە پسپۆری جیا جیا کاری تێدادەکات هەموی دەستی کاری نیشتیمانی و ناوخۆییە. بە گوێرەی راپۆرت و خستنەروەکانیی ئەندازیاری سەرپەرشتیار بە کوالێتیەکی بەرز تێکرای قۆناغەکانی ئەنجامدەدرێن. لە سەدا ۲۲ پرۆژەکە تەواوبوە کە لە نزیکەوە کارەکانم بینی تەواوێک دڵخۆش بوین تا ئەو کاتەی باسی مانەوەی کێشەی تەجاوازاتیان بۆ نەکردبوین. دو بەربەستی گەورەی بەردەم پرۆژەکە؛ بەربەستی یەکەم کێشەی مانەوەی تەجاوازاتە کە تیایدا خانو یا باخ یان مەخزەنی تێدا دروستکراوە و هەتا ئێستا ئەو لیژنەیەی کە بەرێوەبەرایەتیەکانی شارەوانیی و کشتوکاڵ دروستیانکردوە نەیتوانیوە بە خێرایی حەسمی بکا و بە داخەوە لە زیاتر لە کیلۆمەترێک کارەکان پەکیان کەوتوە و هیچی لێ نەکراوە. بۆ شارێگایەکی لەو شێوەیە دەبو لایەنە ئیدارییە پەیوەندیدارەکان خێراتر بهاتنایەتە سەر خەتی چارەسەری یەکجاری تەجاوەزاتەکانی سەر رێگاکە. بەربەستی دوەم پرسی جیاوازی نێوان بەهای دراو و دۆلارە دوای گۆڕینی بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی، حکومەتی عێراق لە رێگای وەزارەتی دارایی بە بریاری تایبەت ئەم زیانەی بەڵیندەرەکانی چارەسەر کردوە دەبێ حکومەتی هەرێمیش هەمان کار بکات. داگیرکاری زەوی پرسێکی مەترسیدار لەسەر ئێستا و ئایندەی سلێمانی؛ دو ئامانجی سەرەکی لە پشت ئەو سەردانە مەیدانیەمانەوە بوو؛ یەک: شەپۆلێک داگیرکاری زەوی فراوان سلێمانی گرتۆتەوە لە ئێستاوە چاوبرێندراوەتەوە نزیکی ئەو شەقامە، ئەمە هەم تاوانە هەم شیواندنی شارە، ئەم پرۆژەیە دەتوانێ سلێمانی بە جوانترین شیوە فراوان بکا بەو مەرجەی لە چوارچیوەی ماستەرپلانێکی باشدا بە عەقڵیكی وەبەرهێنانی نیشتیمانی نەک کەسی و حزبی هەردو بەری سایدەکە ئاوەدان بکاتەوە. دو: کاتی ئەوەیە قۆناغی دوەمی پرۆژەکە بخرێتە پلانەوە و تەنها بەم ۳۲ کیلۆمەترە نەوەستێت. حکومەت چی بکا بۆ قۆناغی دوەم: یەکێک لە رێکارە هەرە پێشکەوتوەکانی شارسازی و بونیادنانی خێرا بریتیە لە هاوبەشی نێوان کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت، لە هەرێمی کوردستان کەرتی گشتی یان دەرفەتی نەداوە کەرتی تایبەت هەناسە بدا و بە نەفەسی حزبی و عائیلی قوتی داوە، یان ئەو پەراوێزەشی بۆ کەرتی تایبەتی هێشتۆتەوە لە سەر بنەمای دوژمنکاری بوە نەک تەواوکاری دەبێ ئەم عەقڵیەتە بگۆرێ بۆ فەلسەفەی (ppp) Public–private partnership. واتا هاوبەشی نێوان هەردو کەرت، نمونە زیندو و سەرکەوتوەکانی دونیای نوێش لە بونیادنان و شارسازی هەر بەم ئالیەتە کراوە، ئەم هاوبەشیە دەبێ بە یاسا رێکبخرێ، بە جۆرێک دەتوانرێ سەرەتای دەرفەتی هەستانەوە یا جیابونەوەی نێوان هەردو کەرتەکە بێت، چونکە ئێستا هێندە تێکەڵاون خەڵک سنورەکانی نیوان کۆمپانیا و حزب لەیەک جیا ناکاتەوە. ئەگەر حکومەت بتوانێ لەم هاوبەشیە تێبگا و کۆمپانیاکان بە نەفەسی حزبی و کەسی مامەڵە نەکا دەتوانێ کاری کوالێتی بەرز بە توانای ناوخۆیی و نیشتیمانیی ئەنجامبدا، چونکە بەراستی ئەوەی من لە وردەکاری ئەم پرژەیەدا بینم لەو رێژەیی ئەنجامدراوە بە کۆمپانیای بچوک و توانای سنوردار ناکرێ و پێویستی بە کوالێتی بەرز هەیە. بەو فەلسەفەیە گرنگە حکومەت قۆناغی دوەم لەهەر ئاراستەیەکدا بە گونجاوی دەزانێ دەست پێ بکا، چونکە لە بنەمادا چەندین ساڵ پرۆژەی سەدیەکە دواکەتوە و ناکرێ بەش بەش کردنیشی هێندەی تر دوای بخا. ئۆتۆبانی بابان، خزمەتێکی گەورە بە ژیرخانی ئابوری و ئاوەدانسازی سلێمانی دەکا، جدی بون لەسەر بەجێگەیاندنی ئەم پرۆژەیە بە تەواوی بایەخی گەورەی بۆ سلێمانی هەیە چونکە بەراستی لە ئێستادا بەهۆی نەبونی رێگای هاوشیوە سلێمانی لەبواری هاتوچۆ خنکاوە. پوختەی قسە؛ * پرۆژەکە کاری باشی تێداکراوە بەڵام تەجاوەزات هێشتا چارە نەکراوە، لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ جوڵەی یەکلاکەرەوە هان دەدەین بۆ ئەوەی لە سەرەتای مانگی ۸ ی ۲٠۲۳ پرۆژەکە لە وادەی خۆیدا تەواو بێت. * دەبێ بەرپرسانی ئیداری شار هەم ماستەر پلانی ئەم رێگایە ئامادە بکەن، هەم قۆناغی دوەم بخەنە سەر سکە. * دەبێ هەمو لیژنەکانی چاودێری لە ئاستی پارێزگا و پەرلەمان چاودێری جێبەجێکردن و چۆنێتی دابەشکاری زەوی ئەو سنورەش بن، چونکە بە گوێری زانیاری من دابەشکاری نا قانونی دەستی پێکردوە. ئەو رێگایە زۆر دواکەوتوە بێ مەعنایە رێگە بدرێ زیاتر لە ژێر هیچ پاساوێکدا دوابکەوێ، بۆ ئەو مەبەستەش چاوی چاودێریمان لەسەر کۆمپانیای جێبەجێکار و لایەنە ئیداریەکانیش دەبێ، هەر کەسیش لەهەر حزب و لایەک بێت ببێتە هۆکاری دواخستنی ئەم پرۆژەیە وەک خۆی رێگریەکانی باس دەکەین و لەبەردەم رایگشتی ئاشکرای دەکەین، هەڵبەتە لەگەڵ ئەوەداین هەمو کەس مافی یاسایی خۆی وەرگرێ، بەس کەس مافی نیە رێگایەکی ئاوا گرنگ و ستراتیژی سلێمانی پەکبخا.
سۆشیال میدیا