573وتار

گۆڕان و تروسکایی ئەوسەری تونێلەکە

9/19/2019 10:35:00 AM
هۆشیار عەبدوڵا

 

هەڵبژاردنی خانەی راپەڕاندن و سەرپێکەوتنی هەنگاوەکانی خۆ رێکخستنەوە لە ئێستاوە تا سێ مانگی داهاتوو وا دەکا چەند سەرنجێکی پوخت بخەمە ڕوو:

یەک: بۆ حزبی سیاسیی زیندوو لە هەموو شتێک گرنگتر روئیاو دونیابینیە، لە ماوەی رابردوودا ئەوەی وایکردووە گۆڕان بێتە دواوە هۆکارەکەی نادیاری و قەلەقی و زۆرجار نەبوونی روئیایەکی روون بووە بۆ پرسەکان، بۆ کێشەکان، بۆ چاوەڕوانیەکانی خەڵک. لێرەوە دەبێ ئامانجی هەموو جوڵە سیاسی و رێکخراوەییەکانیی داهاتوو؛ رۆشنی و نوێکردنەوەی گوتارو دونیابینی بزوتنەوەکە بێت.

دوو: بۆ هەموو رێکخراوێکی سیاسیی مەسەلەی شەرعیەتیی دیموکراسی‌و دەستوری وەک مەسەلەی ئاووهەوا وایە بۆ ژیان، نوێکردنەوەی شەرعیەتی دامەزراوەکان لەسەرووی هەموویانەوە جڤاتی نیشتمانیی زەرورەتێکی حەیاتیی و هەنوکەییە بەشێوەیەک کە جارێکی تر بە گوێرەی دەستور رێگە نەدرێت تاکە یەک رۆژ ماوەی کارکردنی دامەزراوەکان درێژبکرێتەوە بەمەش گۆڕان دەتوانێ ببێتە پارتێکی سیاسیی تۆکمە.

سێ: لە وەفاتی نەوشیروان مستەفاوە تا ئێستا گۆڕان و گوتارە سیاسیەکەی دۆخێکی جیوەیی ناجێگیریان وەرگرتووە هەتا ئێستا بەشێوەیەکی رێژەیی ئەو ناجێگیرییە بەردەوامە، ئەوەش وایکردووە هەم بەشێکی زۆری دەنگدەر هەم لایەنگرو کادری کاراو هەڵسوڕاوی دیار دووربکەونەوە، جارێکی تر جێگیربوونی دۆخی بزووتنەوەکە پەیوەستە بەوەی تا چەند ئەو بزووتنەوەیە دەتوانێ باوەش بۆ هەموو ئەو تواناو دەنگ و رەنگانە بکاتەوە، کە بەهەر هۆکارێک هەیە تۆراندونی.

چوار: هیچ شتێک هێندەی هۆشیاری سیاسیی بۆ هەڵسوڕاوانی گۆڕان گرنگ نییە، هۆشیاری و وەعی سیاسیی لە دیدی مندا لەسەرووی دڵسۆزیشەوەیە، چونکە دڵسۆزی ناهۆشیارانە زیانی لە سود زیاترە، زۆر زەرورە هەڵسوڕاوی گۆڕان بە کەم رازی نەبێت، هەنگاوی ئاسایی نەکاتە دەسکەوت، کلتوری رەخنەو هەڵسەنگاندن لە فکریدا هەبێت نەک ستایش و پیاهەڵدان.

پێنج: ئەوەی بۆ گۆڕان سەرمایەیەکی مەعنەوی گەورەیەو دەبێ شانازی پێوە بکا دەستوری ئێستای بزوتنەوەکەیە کە وایکردووە بزوتنەوەیەکی فەرشیی و ئاسۆیی نەک ستونیی و مەرکەزیی دروست ببێت، وایکردووە دامەزراوەکانی بە تەنیشت یەکەوە بجوڵێن نەک لەسەروو و خواری یەک، وایکردووە هەڵبژاردنی پۆستەکان و گۆڕین لە پەیکەری رێکخراوەییدا لە رێکخەرەوە بۆ خوارەوە ئاسایی و ئاسان بێت، گۆڕان دەستورێکی هەیە کە رێگە نادا هیچ کەس خاوەنی دوو پۆست و دوو ئەرکی حزبی و حکومی یا پەرلەمانی بێت لە یەک کاتدا، دەستگرتن بە رۆحی ئەو دەستورەو جێبەجێکردنی وەک خۆی تا دەبێتە دەستورێکی تەواو بەرجەستەو قاڵبوو وە رێگرتن لەوەی دەسکاری بکرێ یا بشێوێنرێت ئەرکێکی ئێجگار گرنگ و هەستیارە.

شەش: ئەوانەی نیگەرانن لە بزوتنەوەکە بەتایبەت ئەوانەی بەهۆکاری شەخصی نا بەڵکو لە ئەدائو جوڵەی بزووتنەوەکە نیگەرانن چارەسەر وازهێنان نییە لە گۆڕان، چارەسەر مانەوەو هەوڵی گۆڕانکاریە هەرچەندە سەختیش بێت، من بە هەموو ئەوانە ناڵێم هیوادارم لە دەرەوەی گۆڕان خەونی گۆڕانکاری ون نەکەن، بەڵکو پێیان دەڵیم لەناو بزوتنەوەکە خەونی گۆڕانکاری ون مەکەن چونکە گۆڕان خۆی پێویستی جدی بە گۆڕینە، ئەوەش راستیەکە هەمووان دانی پێدادەنێن، وازهێنان بژاردە ئاسانەکەیە بژاردە قورسەکە مانەوەو جەنگانە لەپێناو ئامانجە باڵاکانی گۆڕان.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن