یەکجار بەو ڕادەیە؟!
8/18/2026 12:27:00 PM
هۆشیار عەبدوڵا
لە ئێستادا یەکێتی هەموو میدیاکانی خۆی و نەوەی نوێی هاوپەیمانی خستۆتە خزمەتی ئەوەی گوایە هاوسەنگی هێز دەگێرنەوە. لەوەش زیاتر دەڕۆن دەڵێن هەموو دەسەڵات دەبەین بۆ خۆمان! لە ئێستادا با هەڵوەستەیەک بکەین بزانین دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە ٢ ساڵ بەسەر دوا هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا، هاوکێشەی دەسەڵات لە هەرێمدا چۆنە و چی لێهاتووە؟!
سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێم کابینەی نۆ لە ٢٠١٨ ەوە، لای پارتییە، مەسرور بارزانی سەرۆکە و قوباد تاڵەبانی جێگریەتی و ئەو حکومەتە ناشەرعیەش هەم بەغدا و هەم غەیری بەغدا مامەڵەی لەگەڵ دەکەن و تەنانەت بە کاربەڕێکەریشی نازانن بەڵکو بە شەرعیەتی تەواوەوە هەڵسوکەتی لەگەڵ دەکەن! وەزیرەکانی یەکێتی هێشتا قوتابی عاقڵ و بێ قڕەی نێو کابینەکەی مەسرور بازرانین، مەگەر ئەوانەی گۆڕان لەوان گوێڕایەڵتر بن وەگەرنا لە هەشت ساڵی تەمەنی ئەو حکومەتەدا تاکە وەزیرێکی یەکێتی نەیتوانیوە بۆ هیچ پرس و باسێک بەرامبەر مەسرور بارزانی بڵێ لەل!! بە کورتییەکەی ئەوە یەکێتییە هێشتا کورسی سەرۆکایەتی کابینەی نۆ ی بۆ مەسرور بارزانی وەک خۆی هێشتۆتەوە و ئامادە نییە لێی بکشێتەوە یان لانیکەم لای خۆیەوە کۆتایی بە شەرعیەتەکەی بهێنێ کە بە هیچ رێسا و یاسایەک نە شەرعیەتی ماوە و نە ماوەی یاسایی!
لەو لاشەوە؛ بە میدیا و ڕاگەیاندن و پڕوپاگەندە بێت، یەکێتی حکومەتی هەرێمی نەهێشتووە و خۆیان گوتەنی نەیان هێشتووە مەسرور بارزانی ببێتەوە مودیر عام، بەڵام لە ئەرزی واقيعدا وا دوو ساڵ زیاتر بە سەر پەرلەماندا تێدەپەڕێت کەچی مەسرور بارزانی هەر سەرۆکی حکومەتە و سەرۆکی قوباد تاڵەبانی و وەزیرەکانیشیەتی! ئەو بە دەسەڵاتی تەواوەوە سەرۆکی حکومەتە جا خوای دەکرد تا دە ساڵی تر یەکێتی هەر دەیگوت نابێتەوە بە مودیر عام، ئەو حکومەتی خۆی هەیە و پەکی نەکەوتووە!
جا دیقەتیش بدەن، باسی حکومەتی نوێ، جگە لە یەکێتی و هاوپەیمانەکەی، لای کەس مەوزوع نییە، نە لە عێراق و نە لە دەرەوەی عێراق! وەک ئەوەی هەمووان دەستیان لە هەرێم و دیموکراسیەکەی و شەرعیەتی دامەزراوەکانی شۆردبێت و بەلایانەوە گرنگ نەبێت!!
خەڵکی هەرێم ساڵی ٢٠٢٤ بۆ چوار ساڵ دەنگی داوە وا نیوەی چوار ساڵەکە تێپەڕی یەکێتی و نەوەی نوێ نەیان توانیووە نیوەی حکومەت لە پارتی وەرگرن، نیوەیان پێ وەرنەگیراوە، ئێستا دەڵێن؛ هەمووی؟!
ئەوەیە «دەڵیین نان نییە، کەچی ئەو داوای کولێرە دەکات!» گاڵتەکردن بە عەقڵی خەڵک یەکجار بەو ڕادەیە؟!
لە هەموو ئەوانە گرنگتر قسەیەکە کە خەڵک تێبگات و بزانێت؛ پێکهێنان و نەهێنانی حکومەتی نوێ لە نێوان پارتی و یەکێتیدا تەنها بۆ سەرقاڵکردنی خەڵک و لایەنگرانیانە وەگەرنا بەم دۆخەی ئێستا هەردوولا مەمنون و ڕازین!