78 عیراق

ئەفراح خان 95 موڵكی بەناوەوەیە كە بەتۆمەتی گەندەڵی ئێستا گیراوە

03:50 - 29/08/2026

زەمەن_هەواڵ

 

دەستەی دەستپاکی فیدراڵی عێراق  ئۆپەراسیۆنێکی گەورەی پشکنینی بۆ سەر ماڵی یاریدەدەری بەڕێوەبەری تۆمارکردنی خانووبەرەی سەلاحەددین ئەنجامدا و دەستی بەسەر دەیان سەنەدی خانووبەرە و بڕێکی زۆر پارە و زێڕدا گرت.

ئەمڕۆ شەممە، ٢٩ی ئابی ٢٠٢٦،  دەستەی دەستپاکی عێراق ئاشکرایکرد، تیمەکانیان بە فەرمانی دادوەر پشکنینیان بۆ ماڵی تۆمەتبار (ئەفراح شەممەری) لە شاری تکریت کردووە، کە گومانی سپیکردنەوەی پارە و هەڵئاوسانی سامانی لێ دەکرێت, لە پشکنینەکەدا دەست بەسەر سەنەدی رەسەن و گرێبەستی کڕینی 95 خانووبەرەدا گیراوە کە لە پارێزگاکانی بەغدا، دیالە و سەلاحەددین دابەش بوون و بە ناوی خزم و مەعقیبەکانییەوە تۆماری کردبوون تا خاوەندارێتییە راستییەکەیان بشارێتەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، جگە لە سەنەدی خانووەکان، دەست بەسەر 31 بەیاننامەی سپی پەنجەمۆرکراو، 4 کۆمپیوتەر (کە یەکێکیان ئامێری بارکۆدی فەرمانگەی تاپۆی تێدا بووە)، بڕێکی زۆر پارەی دینار و دۆلار، سندوقێکی پڕ لە زێڕ و ئۆتۆمبێلێکی مۆدێل بەرزدا گیراوە کە لە ماڵی تۆمەتبارەکەدا حەشار درابوون.

هەر لەم چوارچێوەیەدا، هاوسەری تۆمەتبارەکە دەستگیر کراوە و لە کاتی لێکۆڵینەوەدا دانی بەوەدا ناوە کە نزیکەی 27 خانووبەرە بە ناوی ئەو بە شێوەیەکی رووکەشی تۆمار کراون، لە کاتێکدا موڵکی هاوسەرەکەی بوون و پارەکەیان لە رێگەی بەرتیل و سوودوەرگرتن لە پۆستی گشتییەوە دەستکەوتووە.

لە ئێستادا بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی سەلاحەددین، هاوسەری تۆمەتبارەکە بەپێی ماددەی 36 لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە ژمارە 39ی ساڵی 2015 راگیراوە و رێکارە یاساییەکان بۆ تەواوکردنی کەیسەکە بەردەوامن.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن