182 عیراق

بەهەماهەنگی هەرێم دەست بە سەر 20 ملیۆن دۆلار و 60 کیلۆگرام زێڕی جومەیلیدا گیراوە

12:22 - 16/08/2026

زەمەن_هەواڵ

 

ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق ڕایگەیاند کە لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکاندا لە دۆسیەی گەندەلی بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوتی عێراق، عەدنان جومەیلیدا بەھەماھەنگی ھەرێمی کوردستان، دەستبەسەر بڕێکی زۆری ملیۆن دۆلار و زێڕدا گیراوە.

ئەنجوومەنەکە لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە دادوەری لێکۆڵینەوە لە دادگای ناوەندی نەھێشتنی تاوانەکانی گەندەڵی، زیا جەعفەر ئاماژەی بەوەداوە کە بە ھەماھەنگی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان، رێکاری یاسایی توند لە دۆسیەی تۆمەتبار بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوت، عەدنان جومەیلی و و کەسانی دیکەی تێوەگلاو لە گەندەڵی گیراوەتەبەر.
زیا جەعفەر ئاماژەی بەوەشداوە لە ئەنجامی بەدواداچوونەکانیاندا بۆ دەستبەسەرداگرتنی ئەو سامانەی کە لە بەھەدەردانی پڕۆژەکانەوە دەستکەوتووە، دەست بەسەر ٢٠ ملیۆن و ٣٤٠ ھەزار دۆلار و ٢٠٠ ملیۆن دینار، ٦٠ کیلۆگرام زێڕ و حەوت ئۆتۆمبێلدا گیراوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق باس لەوەش کراوە کە ئەو بڕە پارە و زێڕ و حەوت ئۆتۆمبێلە کە دەستیان بەسەردا گیراوە، گەڕێندراونەتەوە بۆ گەنجینەی دەوڵەت.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو کە لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن بۆ دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی کە تێوەگلاون لە گەندەڵی.

لە ماوەکانی ڕابردوو بڕیکاری پێشووی وەزارەتی نەوتی عێراق عەدنان جومەیلی بە تۆمەتی تێوەگلانی لە گەندەڵی، لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانی عێراقەوە دەستگیرکرا کە ئێستا لەژێر لێکۆڵینەوە دایە.

لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکاندا تا ئێستا، دەست بەسەر بڕێکی زۆر پارە و زێڕی دەوڵەت داگیراوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن