فایەق زێدان پێشوازیی لە محەمەد باقر قاڵیباف و وەفدی یاوەری كرد
11:44 - 20/08/2026
زەمەن - هەواڵ
فایەق زێدان، سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عیراق، پێشوازیی لە محەمەد
باقر قاڵیباف، سەرۆكی پەرلەمانی ئێران كرد بۆ بەهێزكردنی پەیوەندییە یاساییەكان و
جێبەجێكردنی رێككەوتننامە هاوبەشەكان.
نوسینگەی راگەیاندنی ئەنجومەنی باڵای دادوەری لە راگەیاندراوێكدا ئاشكرای
كرد، كە ئەمرۆ، دادوەر فایەق زێدان پێشوازیی لە محەمەد باقر قاڵیباف و وەفدی یاوەری
كردووە.
لە دیدارەكەدا، هەردوولا گفتوگۆی چڕیان ئەنجامدا لە سەر رێگەكانی پەرەپێدانی
هەماهەنگیی نێوان بەغداد و تاران لە بوارە دادوەری و یاساییەكاندا.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا، جەخت لە سەر گرنگیی بەدواداچوون و جێبەجێكردنی ئەو
رێككەوتننامە و رەشنووسانە كرا كە پێشتر لە نێوان هەردوو وڵاتدا ئیمزا كراون. هەردوولا
هاوڕا بوون كە بەهێزكردنی پەیوەندییە یاساییەكان دەبێتە هۆی پاراستنی بەرژەوەندییەكانی
هەردوو گەلی دراوسێ و چارەسەركردنی كێشە یاساییە هاوبەشەكان بە شێوەیەكی خێرا و رێكخراو.