سەرۆکی حکومەت چوار جێگری دەبێت
04:21 - 10/08/2026
زەمەن_هەواڵ
لایەنەکانی عێراق بەناوی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لەسەر دابەشکردنی چوار جێگرەکەی سەرۆکوەزیران لەنێوان پێکهاتەکان گەیشتووەتە ڕێککەوتنی سەرەتایی.
ئەمڕۆ دووشەممە، ١٠ی ئابی ٢٠٢٦، بەپێی زانیاەییەکانی ''زەمەن'' دانوستانەکان بۆ تەواوکردنی کابینەی حکومەت لە کۆتایی نزیکبوونەتەوە و ڕێککەوتن لەسەر دیاریکردنی چوار جێگر بۆ سەرۆکوەزیران کراوە، کە دابەشکراون بۆ دوو جێگر بۆ شیعە و دوو جێگر بۆ کورد و سووننە.
هاوکات، زۆربەی لایەنە سیاسییەکان کاندیدەکانیان، بۆ وەزارەتە بێوەزیرەکان یەکلاکردووەتەوە و تەنیا چەند وەزارەتێکی وەک ئاوەدانکردنەوە بۆ کاتی دەنگدان ماونەتەوە و ناکۆکی لەسەر شێوازی دەنگدان بە جێگرانی سەرۆکوەزیران و وەزیرەکان هەیە، کە ئایا بە یەک پاکێج بێت یان جیاواز بن.
هەروەها، لەبارەی وەزارەتی ناوخۆ ڕێککەوتنی تایبەت کراوە کە سەرۆکوەزیران سێ کەس پێشنیار بکات و نووری مالیکی یەکێکیان دیاری بکات، هەروەها پشکی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان ماوەتەوە و لە کاتی دانیشتنی پەرلەمان بۆ دەنگدان کاندیدەکەیان پێشکەش دەکەن.
ئەمە لە کاتێکدایە، لە کۆی ٢٤ وەزارەتی کابینەکەی عەلی زەیدی، تاوەکو ئێستا ١٤ وەزیر متمانەیان پێدراوە و ٩ وەزارەت بە بێوەزیر ماونەتەوە.