123 کوردستان

بەپەلە.. مۆڵەتی پڕۆژەیەکی نیشتەجیبوون هەڵوەشایەوە و هاوڵاتیان قەرەبوو دەکرێنەوە

04:40 - 10/08/2026

زەمەن_هەواڵ

 

 دەستەی وەبەرهێنانی هەرێم، رەزامەندیی لەسەر هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی پڕۆژەی "گۆڵدن تاوەر" دەربڕی و بڕیاردرا پڕۆژەکە بدرێتە وەبەرهێنەرێکی دیکە.

 ئەمڕۆ دووشەممە، ١٠ی ئابی ٢٠٢٦، دوای ئەوەی بەشداربووانی پڕۆژەی نیشتەجێبوونی "گۆڵدن تاوەر" بەهۆی پابەندنەبوونی وەبەرهێنەر بە رێککەوتنەکان و پێشێلکردنی مافەکانیان گردبوونەوە و ناڕەزایەتییان گەیاندە لایەنە پەیوەندیدارەکان، دەستەی وەبەرهێنان بڕیاری کۆتایی لەسەر پڕۆژەکە دا و پڕۆژەکە لەو وەبەرهێنەرە وەردەگیرێتەوە و ئەو هاوڵاتیانەشی ناویان لە پڕۆژەکەدا تۆمار کردووە، قەرەبوودەکرێنەوە.

هاوکات، د. محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێم ڕایگەیاند: "مۆڵەتی پڕۆژەی گۆڵدن تاوەر بەتەواوەتی هەڵوەشاوەتەوە، ئامانجمان ئەوەیە کە مافی هاووڵاتییان پارێزراو بێت و پڕۆژەکەش وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت."

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان جەختی لەوەش کردەوە، کە ئەو گوشارە لەسەر هەموو وەبەرهێنەرەکان دروست دەکەن کە ئەگەر لە پڕۆژەکاندا مافی هاووڵاتییان پێشێل بکەن، مۆڵەتەکەیان لێ دەسەنرێتەوە و دەدرێتە وەبەرهێنەرێکی دیکە. 

سەبارەت بە چارەنووسی بەشداربووانیش، د. محەمەد شوکری وتی: "کە پڕۆژەکە درایە وەبەرهێنەرێکی دیکە، مافی هاووڵاتییان وەک خۆی تێدا دەستەبەر دەکرێت و رێگە نادەین هیچ هاووڵاتییەک زەرەرمەند بێت."

ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت کە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەبەرهێنانی هەولێر نووسراوی هەڵوەشاندنەوەی پڕۆژەکەی ئاراستەی دەستەی وەبەرهێنان کردبوو. ئێستا پڕۆژەکە ئامادە دەکرێت تا رادەستی وەبەرهێنەرێکی نوێ بکرێت و لەگەڵ دەستبەکاربوونی وەبەرهێنەرە نوێیەکە، کێشەی ئەو خەڵکە چارەسەر دەکرێت کە پێشتر پارەیان تێدا خەرج کردووە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن