41 عیراق

وەزیرى نەوتى عێراق: حکومەتى هەرێمى کوردستان بە ئێمەى گوت خۆمان بەنزین دابین دەکەین

02:31 - 08/08/2026

زەمەن_هەواڵ

 

 وەزیری نەوتی عێراق ئاشکرایکرد، ئامادەییان دەربڕیوە بەنزینی پاڵپشتیکراو بۆ هەرێمی کوردستان دابین بکەن، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان خۆی داوای 50 هەزار بەرمیل نەوتی کرد بۆ بەرهەمە نەوتییەکانی.

ئەمڕۆ شەممە، ٨ی ئابی ٢٠٢٦، باسم محەممەد خزەیر، وەزیری نەوتی عێراق، ڕایگەیاند: ئامادەییان دەربڕیوە هاوشێوەی پارێزگاکانی عێراق بەنزین بە نرخی پاڵپشتیکراو بۆ هەرێمى کوردستان دابین بکەن، بەڵام ئەوان (حکومەتی هەرێم) بۆچوونیان وابووە کە ٥٠ هەزار بەرمیلیان دەوێت و خۆیان ئەو ئەرکە جێبەجێ دەکەن".

وەزیری نەوتی عێراق ئاماژەی بەوەشدا، "ڕۆژانە دوو ملیۆن و ٧٠٠ هەزار بەرمیل بەرهەم دەهێرێت، لەو بڕە رۆژانە نیوەى بەرهەمى نەوت هەناردە دەکرێت و لە گەرووی هوورمزەوە مانگانە ٢٢ ملیۆن بەرمیل هەناردە دەکرێت، لەکاتێکدا پێش جەنگى ئێران ١٠٦ ملیۆن بەرمیل بووە لەمانگێکدا".

باسى لەوەشکرد، لەگەڵ کۆماری ئێسلامیی ئێران لەسەر هێڵین بۆ ڕێگەدان بە کەشتییە نەوتییەکانی عێراق لە هوورمز.
ئەوەشى دووپاتکردەوە، یەکێک لە پرۆژەکانی حکومەت ئەوەیە نەوتی بەسرە لەڕێگەی بۆرییەوە ببەسترێتەوە بە فێشخاپوور، تاوەکو هەناردەى بەندەرى جەیهان بکرێت.
ئەمە لەکاتێکدایە لە سەرەتاى ئەم مانگەوە تورکیا و عێراق ڕێککەوتن ڕۆژانە ٧٥٠ هەزار بەرمیل نەوت لە بۆریى کەرکوک بۆ بەندەرى جەیهان هەناردە بکرێت و هەنگاو بەهەنگاو هەناردە زیاد بکرێت، هاوکات لەڕێگەى بەسرە - حەدیسە هەناردەى نەوتى عێراق بە گشتى بگاتە یەک ملیۆن و ٥٠٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن