چوارچێوەسازی ( التأطير ) لە هەردوو هەڵمەتی دژەگەندەڵی و کۆنترۆڵی چەکدا
8/11/2026 11:55:00 AM
عەبدوڵا کۆمەڵە
ئەو دوو ئاراستەیەی کە حکومەتی نوێی عێراق بەسەرۆکایەتی عەلی زەیدی دەستی داوەتێ، لە ڕواڵەتدا وەکو دوو ئاراستەی جیاوازی کارکردن و دوور لە یەکتری دەبینرێن، کە ئەوانیش بریتین لە: ( ئاراستەی کۆنترۆڵی گەندەڵی ) و ( ئاراستەی کۆنترۆڵی چەک ).
بەڵام ئەگەر بە ووردی بچینە بناوانی هەردوو ئاراستەکەوە، ئەوا هەردووکیان تەواوکەری یەکترن و هەر یەکێکیان بەبێ ئەوەی دی کارێکی ناتەواوو، جێبەجێ کردنیان نزیک لە مەحاڵ دەبێت، سەرەڕای کۆسپ و تەگەرەکانی ئێستاشیان.
لەلایەن زۆربەی خەڵکی سوننی و چاودێرو سیاسەتمەدارەکانیانەوە وا لێک دەدرێتەوە کە (ئاراستەی کۆنترۆڵی گەندەڵی) زیاتر سونەکان و بەرپرس و دەسەڵاتدارە حکومی و حیزبی و پەرلەمانیەکانی ئەوانی کردۆتە ئامانج، بەم پێیەش ئەمە درێژە پێدانی شەڕی تائیفی و سەرکوتکردنی زیاتری تائیفەی سوننەی لێ دەخوێندرێتەوە. بەڵام ئایا بۆچی هەتا ئێستا سوننەکان بێدەنگیان لەسەر ئەم بابەتە هەڵبژاردوەو، خۆیان لە پرۆسەکەو ئاکامەکانی نەبان کردوە؟.
لەلایەکی تریشەوە، بە لای سیاسەتمەدارانی شیعە، لە گەڵ بەشێکی زۆری ڕای شەقامی شیعەدا پرۆسەی ( کۆنترۆڵی چەک ) لەلایەن دەوڵەتەوە، بە پرۆژەیەکی ئەمریکی و موبارەکەی ووڵاتانی سوننە مەزهەبی کەنداوو، بە تایبەتی سعودیە لێک ئەدەنەوە، کە ئەنجامەکەی بە ڕای ئەوان دەبێتە هۆی لاوازکردنی هەژموونی شیعە بەسەر جومگە سەرەکیەکانی دەوڵەتداو، لە ئەنجامدا مەترسی بۆ سەر خودی مانەوەو دەسەڵاتەکەیان دروست دەبێت.
بەڵام وەکو دەبینین سەرەڕای هەندێ دەنگی نافەرمی و شەرمن هیچ کاردانەوەیەکی یەکلاکەرەوە لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکانەوە سەبارەت بە ڕەتکردنەوەی ئەم بابەتە نەخراوەتە ڕوو.
لێرەدا بە وەڵامدانەوەی هەردوو پرسیارەکەی سەرەوە یەک ئامانجیی هەردوو ئاراستەکەمان بۆ دەردەکەوێت و دەبینین حکومەت چی چوارچێوە سازیەکی " تأطير " ی بۆ هەردوو بابەتەکە بەم شێوەیەی خوارەوە داڕشتوە:
١. بۆ سوننە: گەر دەتانەوێت بۆ هەتا هەتایە مەترسی حەشدی شەعبیتان لەسەر نەمێنێت و چەک تەنها بەدەستی دەوڵەتەوە بێت، کە هەر خۆتان "پێکهاتەی سوننە" نوێنەرایەتی هێزە چەکدارەکان دەکەن لە ڕێگەی وەزارەتی بەرگریەوە، ئەوا دەبێت پشتگیریمان بکەن لە هەڵمەتی پرۆسەی دژە گەندەڵی و، چاوپۆشی لەهەر سیاسەتوانێکتان بکەن، کە دەکەوێتە بەر لێپرسینەوەی ئەم هەڵمەتە.
دیارە بەلای سوننەشەوە چەکداماڵینی حەشدی شەعبی گرنگترە لە گرتن و سزادانی چەند بەرپرسێکی گەندەڵ، کەلە ڕاستیشدا ئەمانە لەلایەن شەقامی سوننەشەوە بێزراون بە هۆی زو هەڵتۆقین و دەوڵەمەندبونیان و ئەم هەموو گەندەڵکاریانەی بەبەرچاوی ئەمان و لەسەر حیسابی ئەمان دەیکەن.
٢. بۆ شیعە: ئەم هاوپەیمانیە ستراتیژیەی لە نێوان ووڵاتانی سوننە مەزهەبی کەنداوو ئەمریکادا دروست بووە، بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران و ، هێرشەکانی ئێران بۆسەر دەوڵەتانی کەنداو،کە ئەنجامە چاوەڕوانکراوەکەی لاوازبوونی هەیمەنەتی شیعەگەراییە بەسەر ناوچەکەو هەڵوەشاندنەوەی یەکجارەکی (هیلالی شیعە)، لەلایەک و، هاتنە سەرکاری گروپێکی سوننە مەزهەبی توندڕەو بۆسەر کورسی دەسەڵات لە سوریای دراوسێدا.
ئەمانە هەموی مەترسی گەورەن بۆ سەر داهاتوی مانەوەی هێز لەژێر ڕکێفی شیعەدا، بەتایبەتی کە ئەم گۆڕانکاریانە ڕەنگە ببنە هۆی یاخی بوونی سوننەکان و یەکگرتنیان لەگەڵ ئەوانەی سوریاداو پشێوی گەورەو لێکترازان دروست بکەن.
هەر لەبەر ئەمەشە دەوڵەت بۆ ڕامکردنی سوننەکان و مەشغوڵکردنیان بە بابەتی دژە گەندەڵیەوە، پێویستە پارچە دونگێکی گەورە بخاتە بەردەستیان کە ئەویش چەکداماڵینی حەشدی شەعبیە، بۆ ئەوەی لەم قۆناغەدا هەستی نیشتیمانی بوونیان لەلا گەشە پێبدرێ و نەبنە مەترسی بۆسەر تێکدانی یەکڕیزی نیشتیمانی و پایەکانی ئەمنی دەوڵەت، بەرانبەر بەمەش حکومەت چاو لەبەشێکی زۆری گەندەڵیەکانی سەرانی شیعە دەپۆشێت و لەم هەڵمەتە دەیانپارێزێت " کە ئەمەیان نزیکەی هەموویان دەگرێتەوە".
دەکرێ تەکنیکی چوارچێوەسازی لەم دوو هەنگاوەدا بەم شێوەیە کورت بکرێتەوە:
" ئەگەر دەتەوەێ مەترسی حەشدی شەعبیت لەسەر نەمێنێت، ئەوا پشتگیری هەڵمەتی دژە گەندەڵی بکە".
" ئەگەر دەتەوێت لەم قۆناغە ئاڵۆزەدا، سوننە نەبێتە مەترسیەکی جدی لەسەر دەسەڵاتەکانت و قەباغی گەنداڵیەکانت هەڵنەدرێتەوە، ئەوا لە ئاست چەکداماڵینی حەشدی شەعبیدا بێدەنگی هەڵبژێرە".