12وتار

کاتێک میهرەبانی دەبێتە بارگرانی

8/9/2026 4:46:00 PM
د. تارق جەوهەر سارمەمى

دۆستۆیڤسکی دەڵێت: «باوەڕم وایە جوانترین ڕۆحەکان، ئەو ڕۆحانەن کە سەرەڕای هەموو ئەو ئازار و ناخۆشییەی بەسەریاندا هاتووە، هەر بە میهرەبانی دەمێننەوە» بەرامبەر بەو تێڕوانینە جوانە، کافکا بۆچوونێکی تاڕادەیەک ڕەشبین و واقعبینانەی هەیە و دەڵێت: «بەڵام جیهان هەندێک جار پاداشتی ڕۆحە میهرەبانەکان ناداتەوە.»

مەودای نێوان ئەم دوو دیدگایە کورتە، بەڵام لە پشت ئەو کورتەییەوە پرسیارێکی جدی  دێتە پێشەوە: ئایا مرۆڤ دەبێت هەروا  بە  میهرەبانی بمێنێتەوە، تەنانەت ئەگەر لە بەرامبەر میهرەبانییەکەیدا باجی قورسیش بدات؟

دۆستۆیڤسکی، میهرەبانی، بە جۆرێک لە سەرکەوتن بەسەر ئازار و ناخۆشییەکانی ژیاندا دەبینێت. واتە ئەو کەسەی کە خیانەت و بێدادیی بەرانبەر کراوە، بەڵام ڕازی نییە خۆی ببێتە کۆپی ئەو کەسانەی کە ئازاری ئەویان داوە، خاوەنی هێزێکی ئەخلاقی و مرۆیی بەرزە. لەم دیدگایەدا، میهرەبانی مانای لاوازی نییە؛ بەڵکو توانای پاراستنی پاکیی ڕۆحە لە بەرامبەر گەندەڵبوونی دڵ و ویژدانی کەسە خراپەکان.

بەڵام کافکا جیاوازتر  پەنجە دەخاتە سەر ڕوویەکی تری ڕاستی وتاڵیەکانی ژیان و دەڵێت: جیهان هەمیشە دادپەروەر نییە. هەندێک جار کەسێکی میهرەبان دەکڕێتە قوربانیی میهرەبانیی خۆی و بەکاردەهێنرێت، بە هەڵە تێدەگەینرێت، و لە بەرامبەر بەخشندەیی و دڵپاکییەکەی، بە بێ‌منەتی وەڵامی دەدرێتەوە. لە هەمان کاتدا، ئەوانەی بێبەزەین و توندوتیژی زیاتر بەکار دەهێنن، هەندێک جار زووتر بەو ئامانجە دەگەن کە دەیانەوێت. لێرەدایە کە مرۆڤ هەست دەکات میهرەبانییەکەی بووەتە بارگرانی، نەک چاکەیەک. بەڵام ڕەنگە کێشەکە لە خودی میهرەبانیەکەدا نەبێت، بەڵکو لە میهرەبانیی بێ‌سنووری کەسە باشەکاندایە.

میهرەبانی مرۆڤ بەو مانایە نییە کە ڕێگە بە هەرکەسێک بدەیت بەئارەزووی خۆی ئازارت بدات. لێبوردن بەو مانایە نییە کە هەموو جارێک دەرفەتی دووبارە بە کەسێک بدەیتەوە، کە بە ئەنقەست زیانی پێگەیاندوویت. یارمەتیدانی کەسانی تر بەو مانایە نییە کە خۆت لەبیر بکەیت. میهرەبانیی پێگەیشتوو پێویستی بە هۆشیاری، سنووردانان و پاراستنی کەرامەت هەیە.

ڕەنگە دۆستۆیڤسکی باسی جوانیی ڕۆحێک بکات کە ژیان نەیتوانیوە تێکی بشکێنێت؛ لە کاتێکدا کافکا هۆشداریمان دەداتێ و  ئاگادارمان دەکاتەوە لەوەی جیهان هەمیشە بەرامبەر بەو ڕۆحە پاکانە دادپەروەر نییە.

لە نێوان ئەم دوو دیدگا جیاوازەدا، ڕەنگە بتوانین ڕێگای سێیەم بدۆزینەوە و لەژیانی خۆماندا تاقی بکەینەوە ئەویش ئەوەیە؛ میهرەبانی خۆت بپارێزە، بەڵام سادە و بێ‌ئاگا مەبە، کەسێکی لێببورەبە، بەڵام وانەکانی ڕابردوو لەبیر مەکە؛  یارمەتی خەڵک بدە، بەڵام ڕێگە مەدە هیچ کەسێک میهرەبانیەکەت بکاتە خاڵی لاوازیی تۆ.
مرۆڤ تەنها بەوە ناپێورێت کە خەڵکی تر چۆن مامەڵەی لەگەڵدا دەکەن؛ بەڵکو بەوەش دەپێورێت کە دوای هەموو ئەو شتانەی بەسەریدا هاتووە، خۆی دەیەوێت چی بکات و ببێتە چی.

لەوانەیە گەورەترین جۆرەکانی هێزی مرۆڤ ئەوە بێت کە سەختییەکانی ژیان تێپەڕێنیت، با دڵمان هەروا بە میهرەبانی بمێنێتەوە، بەڵام ئەمجارە هێندە میهرەبان نەبین بخورێین، پێویستە بە چاوێکی کراوە و بە سنوورێکی دیاریکراوەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو کەسەکاندا بکەین کە بەهای میهرەبانی و لێبوردەیی نازانن.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن