127 تەندروستی

هۆشداری.. ئەو پارێزگایانەی پلەی بەرزیان لە پەتای خوێنبەربون هەیە

11:18 - 09/06/2026

زەمەن - هەواڵ
سەیف بەدر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ڕایگەیاند'' تیمەکانی چاودێریی پزیشکی بەردەوام بەدواداچوون بۆ دۆخی پەتاکە لە سەرجەم پارێزگاکاندا دەکەن، و تەنها لە هەفتەی بیست و سێیەمیشدا ٤٠ تووشبووی نوێ و یەک حاڵەتی گیانلەدەستدان تۆمارکراون.''

بەپێی داتاکانی وەزارەت، پارێزگای زیقار بە ٧٤ تووشبوون و ٦ گیانلەدەستدان لە پلەی یەکەمدایە، بەدوای ئەویشدا پارێزگای موسەننا بە ١٨ تووشبوون و میسان بە ٩ تووشبوون دێن. هەروەها لە دیالە ٨ تووشبوون و یەک گیانلەدەستدان، لە بابل ٧ تووشبوون و یەک گیانلەدەستدان، و لە بەسرەش ٦ تووشبوون و یەک گیانلەدەستدان تۆمارکراون، لە کاتێکدا پارێزگاکانی دیکەی وەک بەغدا، نەینەوا، کەربەلا، کەرکووک، سەڵاحەددین، ئەنبار، دیوانییە و نەجەف لە نێوان یەک بۆ سێ تووشبوویان تێدا تۆمارکراوە بەبێ ئەوەی هیچ حاڵەتێکی گیانلەدەستدانیان تێدا بێت.

وەزارەتی تەندروستی بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری نەخۆشییەکە، داوا لە هاوڵاتییان دەکات گۆشت تەنها لەو کوشتارگانە بکڕن کە مۆڵەتی فەرمییان هەیە، و ڕێگریش بکرێت لە لەوەڕاندن یان سەربڕینی ئاژەڵ لەناو گەڕەکەکاندا بە شێوازی سەرپێچی. هاوكات جەخت دەکاتەوە کە پێویستە لە کاتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئاژەڵ یان گۆشت و پاشماوەکانیاندا دەستکێش و جلی پارێزەر بەکاربهێنرێت، و گۆشتیش پێش خواردنی بە تەواوی لەسەر پلەی گەرمی زۆر بەرز بکوڵێنرێت.

وتەبێژی وەزارەتەکە لەبارەی نیشانەکانی نەخۆشییەکەوە ڕوونی کردەوە کە لە قۆناغی یەکەمدا بە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی، سەرئێشە، ئازاری جەستە و ماندوێتی دەستپێدەکات، و دواتر ڕەنگە پەرەبسێنێت بۆ خوێنبەربوون لە ژێر پێست یان لە کونەیلەکانی جەستەوە، بۆیە سەردانی پێشوەختەی بنکە تەندروستییەکان چانسی چاکبوونەوە زۆر زیاد دەکات.

لە کۆتاییدا وەزارەتی تەندروستی ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەرکی ئەوان تەنها دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە و دابینکردنی چارەسەرە، بەڵام پرسی ڕووبەڕووبوونەوەی مێرووی قڕنە کە لێیەوە دەگوێزرێتەوە و قەدەغەکردنی سەربڕینی سەرپێچی، لە ئەستۆی وەزارەتی کشتوکاڵ، شارەوانییەکان و لایەنە ئەمنییەکاندایە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن