فەرمانگەیەكی هەولێر: بەهۆی هێرشی درۆنەوە بنمیچی باڵەخانەکەمان کون بووە و شوێنەکەمان دەگوازینەوە
04:11 - 10/03/2026
زەمەن_هەواڵ
بەڕێوەبەرایەتیی ئاوەڕۆی هەولێر ڕایگەیاند: لە ئەنجامی هێرشە درۆنی و مووشەکییەکانی سەر هەولێر، بنمیچی دوو ژووری فەرمانگەکەیان کون بووە و شوێنەکان دەگوازنەوە.
ئەمڕۆ سیشەممە، ١٠ی ئاداری ٢٠٢٦، بەڕێوەبەرایەتیی ئاوەڕۆی هەولێر لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، "لەبەر نزیکی شوێنی باڵەخانەی بەڕێوەبەرایەتییەکەمان لە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و لە ئەنجامی هێرشی درۆنی و تەقاندنەوەی درۆنەکان لە لایەن سیستمی بەرگری ئاسمانیی هاوپەیمانان، زیان بەر دوو ئۆتۆمبێلی فەرمانبەرانمان کەوتووە، هەروەها سەقفی دوو ژووری باڵەخانەی بەڕێوەبەرایەتیەکەمان کون بووە."
بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان وتی، "بۆ پاراستنی گیانی فەرمانبەرەکان، شوێنی کارەکە لە نزیک عەنکاوەوە بۆ گەڕەکی راستی گوێزراوەتەوە و ئێستا تیمەکان لەوێ دەوام دەکەن."
ئەمە لە کاتێکدایە، بەهۆی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، لە ٢٨ی شوباتەوە هەرێمی کوردستان بە درۆن و مووشەک هێرشی دەکرێتە سەر، کە زۆرینەی هێرشەکان بۆسەر هەولێر و دەوروبەری بووە، پاشان سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە.