17 کوردستان

شەپۆلێکی بەهێزی شەستە باران و تەرزە و هەورە بروسکە دەستپێدەکات

04:36 - 27/04/2026

زەمەن_هەواڵ 

 

 
کەشناسی هەرێم ڕایگەیاند: سبەی تاوە باران و تەرزە و هەورە بروسکە، ناوچە جیاجیاکانی هەرێم دەگرێتەوە.

 ئەمڕۆ دووشەممە، ٢٧ی نیسانی ٢٠٢٦، بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم، کەشی ٤٨ کاتژمێری داهاتووی بڵاوکردەوە ڕایگەیاند: سبەی لەئەنجامی کاریگەری بەهێزی نزمەپاڵەپەستۆی دەریای سوور و بارستە هەوایەکی زۆر سارد لە چینە بەرزەکانی بەرگەهەوادا لەکاتەکانی بەرەبەیانەوە تاو تاو باران و هەورە بروسکە سەرەتا ناوچەکانی سنوری ئیدارەی گەرمیان و پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و کەرکوک دەگرێتەوە و پاشان لەکاتەکانی نیوەرۆوە کاریگەری فراوانتر ئەبێت بە مامناوەندی تاوە باران و تەرزە و هەورە بروسکە ناوچەکانی سنوری ئیدارەی راپەرین و سۆران و سنوری پارێزگای هەولێر و دهۆکیش ئەگرێتەوە.

 ئاماژەی بەوەشداوە،  لەناوچەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و کەرکوک و ئیدارەی گەرمیان هەر لەکاتەکانی نیوەرۆ بەدواوە بۆ کاتەکانی شەو کاریگەری ئەو حاڵەتە بەهێزتر ئەبێت و لەزۆربەی شوێنەکان ئەگەری شەستە بارانی بەهێز و تەرزە و هەورە بروسکەی توند ئەبێت و لەهەندێ شوێنیشدا ئاستی ئاو بەرزدەبێتەوە.

کەشناسی دەشڵێت: پلەکانی گەرما بەڕاورد بە ئەمڕۆ سێ تا چوار پلە نزمدەبنەوە و خێرای با چالاک ئەبێت. 

لەبارەی کەشی ڕۆژی چوارشەممەوە، کەشناسی بڵاویکردووەتەوە،  کاریگەری ئەو ناجێگیریە بە شێوەیەکی بەهێز لەسەر ناوچەکانمان ئەمێنێتەوە بەتایبەت بۆ ناوچەکانی سنوری پارێزگای دهۆک و دەڤەری بادینان و ناوچەکانی سنوری ئیدارەی سۆران و راپەرین کاریگەریەکانی بەهێزتر ئەبێت و ئەگەری شەستە باران و تەرزە و بروسکەی توند ئەبێت لەگەڵ دروستبوونی لافاو لەهەندێ شوێندا.

هاوکات، ڕاشیگەیاندووە،  لەسنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و کەرکوکی و باکوری گەرمیان و سەنتەری پارێزگای هەولێر ناوبەناو تاوە بارانی بەخوڕ و تەرزە و هەورە بروسکە چالاک ئەبێتەوە و پلەکانی گەرماش بەرێژەی یەک بۆ دوو پلە نزمترئەبنەوە، بەگشتی چوارشەمە لەکاتەکانی ئێوارەوە کاریگەری ئەم شەپۆلە لاواز ئەبێت کەش جێگیر ئەبێتەوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن