30 جیهان

لەهەموو دنیا بلیتی فڕۆكە گرانبوو

03:23 - 25/04/2026

زەمەن_هەواڵ

 

 بەهۆی گرانبوون و ناجێگیربوونی نرخی سووتەمەنی، نرخی بلیتی فڕۆکە لە هەموو جیهان بەرزبووەتەوە.

 نرخی ناجێگیری سووتەمەنی بەهۆی جەنگی ئێرانەوە، گوشار لەسەر هێڵە ئاسمانییەکانی سەرانسەری جیهان دروست دەکات، بەتایبەتی لە ئەورووپا کە پێدەچێ تاوەکو نێوەڕاستی مانگی ئایار، سووتەمەنیی فڕۆکە کەم ببێتەوە. هێڵە ئاسمانییە ئەورووپییەکانی وەک لوفتهانزا و کەی ئێڵ ئێمی ئەڵمانی دەڵێن، گەشتە ئاسمانییەکانیان کەم دەکەنەوە و رەنگە هێڵەکانی دیکەش هەمان رێچکە بگرنەبەر.

گرانبوونی نرخی سوتەمەنی بەهۆی جەنگی ئەمریکا دژ بە ئێران، کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی ناچارکردووە، لە هەموو شوێنێک، تاوەکو بتوانن تێچووەکان دەخەنە سەر شانی گەشتیاران، ئەویش بە بەرزکردنەوەی نرخی بلیتی فڕۆکە، وەرگرتنی پارەی زیاتر بۆ جانتا و زیادکردنی باجی سووتەمەنی. هەندێکیشیان گەشتەکان هەڵدەوەشێننەوە.

لەمبارەیەوە، کاتی ناسترۆ، شارەزای بواری گەشتوگوزار لە کۆمپانیای Going.com کە کۆمپانیایەکی تایبەت بە دۆزینەوەی گەشتی هەرزانە بۆ هاووڵاتیان بە (نیویۆرک تایمز)ی راگەیاند: "ئاستێکی وەها لە نادڵنیایی هەیە کە لە دوای کۆرۆناوە لە بواری گەشتوگوزاردا نەمانبینیوە، ئەم ساڵ ساڵێکی سەخت دەبێت بۆ گەشتیارێکی ئاسایی کە بەهیوای پشوویەکی هاوینەی هەرزانە."

هاوکات، بەپێی ب شیکارییەکی بزوێنەری گەڕانی گەشتوگوزاری (کایاک)، نرخی بلیتی فڕۆکە لە ئەمریکا - چ ناوخۆیی و چ نێودەوڵەتی - لە دوای دەستپێکردنی جەنگەکە لە کۆتایی شوباتەوە لە بەرزبوونەوەی بەردەوامدایە. لە 13ی نیسان، تێکرای گەشتێکی نێودەوڵەتی 1064 دۆلار بوو، بەراورد بە 776 دۆلار لە 23ی شوبات؛ هەروەها گەشتێکی ناوخۆیی ئەمریکا 358 دۆلار بوو، بەراورد بە 335 دۆلار لە 23ی شوبات.

شارەزایان رێنمایی دەدەنە ئەو گەشتیارانەی کە پلانیان هەیە ئەم هاوین و پاییزە گەشت بکەن، ئەگەر تاوەکو ئێستا بلیتیان نەبڕیوە، ئەوا ئێستا بیکەن.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن