12 کوردستان

ئاگاداربن.. تەرزەی قەبارە گەورە دەبارێت

02:16 - 28/04/2026

زەمەن_هەواڵ

 

 شارەزایەکی کەشناسی: شەپۆلێکی ناجێگیریی کەشوهەوا و تاوەبارانی بەخوڕ ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و پێشبینی دەکرێت لە چەند ناوچەیەک تەرزەی قەبارە گەورە ببارێت، لە کۆتایی هەفتەشدا پلەکانی گەرما بەرزدەبنەوە.

 ئەمڕۆ سێشەممە، ٢٨ی نیسانی ٢٠٢٦، ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ و بەتایبەت کاتەکانی شەو، ناوبەناو هەورەبروسکە و تاوەبارانی بەخوڕ زۆربەی ناوچەکان دەگرێتەوە و لە هەندێک شوێنیش تەرزە دەبارێت کە پێشبینی دەکرێت قەبارەی تەرزەکان گەورە بن. ئاماژەی بەوەش کردووە، کاریگەریی ئەم شەپۆلە چالاکە سبەینێ چوارشەممە تاوەکو کاتەکانی ئێوارە بەردەوام دەبێت و دواتر کەشوهەوا و پلەکانی گەرما جێگیر دەبن.

لە بارەی کەشوهەوای کۆتایی هەفتەوە، ئەو شارەزایە ڕوونیکردووەتەوە، ڕۆژی پێنجشەممە کەشوهەوا بەگشتی جێگیر و ئاسمان ساماڵ دەبێت، تەنها لە کاتەکانی ئێوارەدا لە هەندێک لە ناوچەکانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ئەگەری دروستبوونی تاوەباران و هەورەبروسکەی کورتخایەن هەیە. ڕۆژی هەینیش کەشوهەوا لە تەواوی ناوچەکان بەتەواوی جێگیر دەبێت و پلەکانی گەرماش بەڕێژەی سێ بۆ چوار پلەی سیلیزی بەرزدەبنەوە.

هەروەها سەبارەت بە سەرەتای هەفتەی داهاتوو، پێشبینی دەکرێت لە ڕۆژانی یەکشەممە و دووشەممەدا شەپۆلێکی لاوازی ناجێگیریی کەشوهەوا دەستپێبکاتەوە و تەنها لە هەندێک شوێنی دیاریکراودا تاوەبارانی کورتخایەن و بروسکە دروست ببێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن