دكتۆر عەتیە ..بەوشێوەیە قسە ناكرێت..
4/30/2026 1:04:00 PM
محەمەد نوری
با بەم چیرۆكە دەستپێبكەم:
دكتۆر مەجدی یاقوب كەیەكێكە لە پزیشكە بەناوبانگەكانی جێهان لە ئاستی نەشتەرگەری دڵ.
لەیاداشتەكانیدا دەگێڕێتەوە ودەنوسێت:رۆژێك ژنێك بەگریانەوە هاتە لام ،هاواری دەكرد دەیوت منداڵەكەم لەدەستدەدەم،دكتۆرەكان دەڵێن مەترسی لەسەر ژیانی هەیە،گریانێك دەگریا كەلەناخییەوە دەكوڵا،سەیری ئەنجام و پشكنینەكانم كرد،پێمووت:من نەشتەرگەری بۆدەكەم وپشت بەخوا سەركەوتوودەبێت ، بەڵام بەمەرجێك، یەكسەر وتی چیمان هەیە پێشكەشت بێت،خانوو وپارە وهەموو سامانەكەمان.
پێموت:نەخێر،نوكتەیەكت بۆدەكەم، دەبێت پێبكەنی ،تۆش نوكتەیەكم بۆ بكەیت.حەپەسا، وتی دكتۆر كەی كاتی ئەوەیە؟وتم ئەوە مەرجی منە،رازیت باشە ،رازی نیت ئامادەنیم.
یەكسەر چاوی سڕی ووتی باشە.دەستمانكرد بەگێڕانەوەی نوكتە.ئەو مەرجەم بۆیە دانا ،تا بەدڵخۆشییەوە چاوەڕێی سەركەوتنی نەشتەرگەرییەكە بكات،هەم لەوێدا فرمێسكم كرد بەخۆشی وهەمیش دوای نەشتەرگەرییەكە شوكر دڵخۆشبوو.
پەیامی پزیشكیی بەر لەهەرشتێك پەیامێكی مرۆڤدۆستانەیە.
پەیامێكە بۆ رزگاركردنی مرۆڤ وگەڕانەوەی ئارامی و حەوانەی جەستەیە.
بەڵام سەیرم لیدێت كە دكتۆرێك پاش ئەو هەموو ئەزمون وتەمەنە،بێ سڵەمینەوە و(بێ شەرمانە )دڵڕەقانە ،قسەی توندی بەبەرامبەرەكەی دەووت.(با تامردن جلی رەش بێت)،ئاخر ئەوەقسەی دكتۆرێكە كە چارەنوسی مرۆڤێك لەنێوان ژیان ومەرگدا دەچێتە بەردەمی.
مردن، كات و ساتی نییە،كەسیش نازانێت كەچۆن وبەچی وكەی دەمرێت.بەڵام ناشكرێت دكتۆرێك وابێ رێزی بكات و هیچ بەهایەك بۆ كەسەكەی بەرامبەری دانەنێت كە ئازاری قوڵی مەرگی ئازیزێكی پێگەیشتوە.
تێناگەم چۆن ماف بەخۆی دەدا ،پاش مردنەكەش وا رەق وتوندبەرامبەر كەسێك بدوێت كە رەشپۆشە.
مرۆڤ بەر لەهەر پلە وبڕوانامە وئاستێك بریتییە لە رێز وسۆز وئاكار.