ترەمپ ناوی گەرووی هورمز دەگۆڕێت بۆ گەرووی ترەمپ
11:51 - 30/04/2026
زەمەن - هەواڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە هەنگاوێکی نوێی
پەرەسەندنی گرژییەکاندا لەگەڵ تاران، وێنەیەکی لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی
"ترووس سۆشیاڵ" (Truth Social) بڵاوکردەوە، تێیدا ناوی گەرووی هورمز گۆڕدراوە بۆ "گەرووی ترەمپ".
ئەم هەنگاوە هاوکات بوو لەگەڵ ئاراستەکردنی هەڕەشەی زۆر توند بۆ سەر ئێران.
پێشتر ترەمپ وێنەیەکی دیکەی بڵاوکردبووەوە کە بە
زیرەکیی دەستکرد دروستکرابوو؛ لە وێنەکەدا ترەمپ چەکێکی بەدەستەوەیە و لەسەری
نووسراوە: "ئیتر کاتی پیاوە چاکەکە نەما"
(No more Mr. Nice Guy). ترەمپ لەسەر وێنەکە نووسیبووی: "ئێران
ناتوانێت خۆی کۆبکاتەوە. ئەوان نازانن چۆن رێککەوتنێکی نائەتۆمی واژۆ بکەن. باشترە
بەم زووانە ژیر ببن!".
ئەم هەڕەشانەی سەرۆکی ئەمریکا دوای ئەوە دێن، هەفتەی
رابردوو گەشتی بڕیارلێدراوی شاندی دانوستانکاری ئەمریکای بۆ ئیسلام ئاباد هەڵوەشاندەوە.
ترەمپ جەختی کردەوە، واشنتن هەموو کارتەکانی بەدەستەوەیە و ئەگەر ئێران دەیەوێت قسە
بکات، دەبێت خۆی بێتە لای ئەوان.
لە بەرامبەردا، تاران پێشنیازی کردبوو، ئامادەیە
گەرووی هورمز بکاتەوە بە مەرجێک ئەمریکا گەمارۆکانی سەر بەندەرەکانی هەڵبگرێت و کۆتایی
بە جەنگ بهێنێت، لەگەڵ دواخستنی تاوتوێکردنی دۆسیە ئەتۆمییەکەی. بەڵام ئەم پێشنیازە
ترەمپی رازی نەکرد و چاوەڕوان دەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا کۆشکی سپی پێشنیازێکی
پێچەوانە بخاتە روو.
ئەم بنبەستە سیاسی و سەربازییە بووەتە هۆی شڵەژانی
بازاڕەکانی وزە و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت؛ بە جۆرێک نرخی نەوتی خاوی رۆژئاوای تەکساس (WTI) بە رێژەی سەدا2.82 بەرزبووەوە و گەیشتە
107.87 دۆلار، هەروەها نرخی نەوتی خاوی برێنت بە رێژەی سەدا 3 بەرزبووەوە و گەیشتە
114.62 دۆلار. ئەم دۆخە زیاتر ئاڵۆز بوو کاتێک ئیمارات کشانەوەی خۆی لە رێکخراوی ئۆپێک (OPEC) راگەیاند، ئەمەش مەترسییەکی گەورەی لەسەر
پرۆسەی دابینکردنی نەوت لەسەر ئاستی جیهان دروست کردووە.