44وتار

بەرەو یادی ساڵانەی ڕۆژی جیهانی کرێکاران

4/30/2026 11:15:00 AM
هۆگر عەلى رەسوڵ


یەکێک لەو تیۆرە تازانەی کە لە ئێستادا بایەخ و گرنگی لە زۆر بواری تردا هەیە، بریتیە لە تیۆری " ئاسایشی نیشتیمانی کرێکاری".
تیۆرێک کە چەمکی ئاسایشی نیشتیمانی و ماف و پێداویستیەکانی کرێکاران بەیەکەوە دەبەستێتەوە. بە جۆرێک لە چینی کرێکار دەڕوانێت کە تەنها هێزی بەرهەمهێنان نیە، بەڵکو ڕەهەندێکی سەرەکیە لە ئاسایش و ئارامی و  سەروەری ووڵات.

بەهۆی ئەو گۆڕانکاریە ئایدۆلۆجی و جێو-ستراتیجیەی لەم چەند دەیەی دوایدا جیهان بەخۆیە بینی، فۆرم و شێوازی ئاڵەنگاریەکان گۆڕانکاری بەسەرداهاتوە بە تایبەت ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست، بۆ ئەمەش ڕەهەندی نوێ و جۆراو جۆر هاتۆتە کایەوە کە جیاوازە لەوانەی بە درێژایی مێژووی ناوچەکە باوبوە.

پێشتر، بە پێی میکانیزمی قۆناغەکە، بڕیاربەدەست و خاوەنفکر و خاوەن عەقلە ستراتیجیەکان و سەنتەرەکانی توێژینەوە، لە دوو ڕەهەندەوە گرنگیان بە لایەنی ئاسایش و ئارامی داوە کە بریتی بوە لە بواری سیاسی و سەربازی، بەڵام بەهۆی پێشکەوتنی  شێوازی جەنگەکان ، کە بەهەند وەرگرتنی بەکارنەهێنانی شێواز کلاسیکیەکان بەڵکو گرتنەبەری شێوازی نوێ کە کاریگەری وێرانکەری هەبێت لەسەر ووڵاتی دوژمن بە بێ ڕشتنی خۆێن و بەبێ تەدەخولاتی سەربازی، ئەویش  بریتیە لە لێدان لە ژێرخانی ئابوری و سەرخانی ئابووری  بەمەبەستی  درووستکردنی هەڵاوسانی ئابوری و بەرزکردنەوەی ڕێژەی بێکاری.
تەنانەت جەنگەکان لە دونیای ئەمڕۆدا کاریگەری بەهێزی لەسەر ئەو ووڵاتانەشە کە بەشیکی ڕاستەوخۆ نین لە جەنگەکە، هەروەک ئەوەی ئێستا ئەگوزەرێت لە عێراق و ووڵاتانی کەنداو.

 ئەم چەمکە لە لایەن چەند مەدرەسەیەکی فکریەوە گرنگی زۆری پێدراوە وەک (کارل مارکس/ سیراعی چینایەتی و ئارامی سیاسی)، دەوڵەتی خۆشگوزەران لە ئەوروپای پاش جەنگی جیهانی دووەم، سیاسەتی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کار کە ئاماژە بە کاری شایستە دەکات بۆ هاوڵاتیان، هەروەها جەمکی ئاسایشی مرۆیی  کە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان گرتویەتیە خۆی.

بەداخەوە لە سەرەتای جەنگی ئەمەریکا- ئیسرائیل دژی ئێران، ئێمە قسەمان لەسەر ئەم بابەتە کردوە بە زمانێکی سادە و بەوپەڕی تەوازوعەوە، بەڵام  زۆرێک لە خەڵکی گرنگ نیە بەلایانەوە، لە کاتێکدا دیراسەکردنی ئەم بوارە ڕۆچوونێکی زۆری پێویستە و تەنانەت باکگراوندێکی قووڵی فکری و مەعریفی و مێژوویی و سیاسی سەربازی و ئابووری و  یاسایی و ڕێکخراوەیی پێویستە.

لە کۆتایدا، بە پێویستی دەزانم، ئاماژه بە ڕەگ و ڕیشەی ئەم تیۆریە بدەم کە شەریعەی پیرۆزی ئیسلامە، چونکە بەجۆرێک تەماشای کرێکار دەکات  کە پێدانی مافی کرێکار کە تەنها وەک قانونێکی تەنزیمی نابینێت بەڵکو بە واجبێکی دینی و  ئەخلاقی دەبینێت لەسەر بنەمای دادپەروەری و بەخشندەییە بۆ ئەمەش قورئانی پیرۆز و سونەتی پێغەمبەر، بە شێوەکی زۆر ڕوون و ئاشکرا ئاماژەی پێداوە هەروەک خوای گەورە  دەفەرمووێت ( ان الله يأمر بالعدل و الاحسان) / (النحل:٩٠). هەروەها پێغەمبەر ( درودی خوای لەسەربێت) دەفەرموێت ( أعتوا الأجير أجره قبل يجف عرقه) .
بۆ ئەمەش لە پێناوی خۆشگوزەرانی هاوڵاتیان و ئارامی کۆمەڵایەتی ووڵات تەنانەت لە کاتی جەنگیشدا پێویستە ڕەچاوی مافی کرێکاران بکرێت و پارێزگاری لێبکرێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن