21 کوردستان

بەپەلە.. بەڕێوەبەرێکی نوێی تورکمان لە کەرکوک، کوردێکی لە پۆستەکەی دورخستەوە

03:35 - 31/12/2025

زەمەن_هەواڵ

 

 بەڕێوەبەرە نوێیەکەی کشتوکاڵی کەرکوک كه‌ به‌ڕه‌چه‌ڵه‌ك توركمانه‌، دەستکاری پۆستەکان دەکات‌و بەرپرسێکی کورد لەڕاگەیاندن لادراو تورکمانێک خرایە شوێنی.

 ئەمڕۆ چوارشەممە، ٣١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥، لەیەکەم هەنگاوی کارگێڕیدا دوای دەستبەکاربونی، بەڕێوەبەری نوێی کشتوکاڵی کەرکوک دەستکاریی پۆستە هەستیارەکانی ناو فەرمانگەکەی کردو گۆڕانکاریی لەبەرپرسیارێتیی هۆبەی ڕاگەیاندنی فەرمانگەکەدا ئەنجامدا.
به‌گوێره‌ى فەرمانێکی کارگێڕیی کە واژۆی عصام سه‌لمان  ئیدریس بەڕێوەبەری نوێی کشتوکاڵی کەرکوکی لەسەرەو 21ى ئه‌م مانگه‌ ده‌رچوه‌، بڕیاردراوە بەگواستنەوەی ڕەغدە عەبدولواحید عەبدولحەمید کە ئەندازیارێکی کشتوکاڵیی پێشکەوتوی کوردە لەهۆبەی ڕاگەیاندنەوە بۆ بەشی ڕێنمایی‌و ڕاهێنانی کشتوکاڵی.

لەهەمان فەرماندا هاتوە، عەبدوڵڵا حەسەن عەباس کە ئەندازیارێکی تەکنیکیی تورکمانە، لەیەکەی ئەرشیفەوە گوازراوەتەوە بۆ هۆبەی ڕاگەیاندن‌و وەک بەرپرسی هۆبەی ڕاگەیاندن لەشوێنی بەرپرسە کوردەکە دەستبەکاربوە.

ئەو گۆڕانکارییە خێرایە لەکاتێکدایە، تەنها چەند ڕۆژێکە عصام سه‌لمان پۆستی بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی کەرکوکی وەرگرتوە، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ دەستپێکردنی گۆڕانکاریی ڕیشەیی لەناسنامەی ئیداریی فەرمانگەکەدا دەبینرێت.

هۆبەی ڕاگەیاندن لەفەرمانگەیەکی وەک کشتوکاڵ، ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لەگواستنەوەی چالاکییەکان‌و بڕیارەکان بۆ ڕای گشتیی، لادانی بەرپرسێکی کوردو دانانی کەسێکی تورکمان لەو شوێنەدا، وەک هەوڵێک بۆ کۆنترۆڵکردنی گوتاری ڕاگەیاندنی فەرمانگەکەو نیشاندانی هەژمونی پێکهاتەی تورکمان لەناو ئیدارە نوێیەکەدا لێکدەدرێتەوە.

پێش دەستبەکاربونی عصام سه‌لمان، پۆستی بەڕێوەبەری کشتوکاڵ بۆ ماوەیەکی کەم لای کورد بوو، تورکمانەکان کە پۆستی پارێزگاریان لەدەستچوو، ئێستا لەڕێگەی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانەوە (وەک کشتوکاڵ‌و تەندروستی)یه‌وه‌، هەوڵی گۆڕینی هاوسەنگییەکە دەدەن‌و ئەو بەرپرسە کوردانە لادەبەن کە لەهۆبەو بەشەکاندا جێگیربون.

فەرمانگەی کشتوکاڵی کەرکوک یەکێکە لەپڕکێشەترین فەرمانگەکان، چونکە بڕیاردەرە لەسەر دۆسیەی زەوییە داگیرکراوەکان‌و گرێبەستە کشتوکاڵییەکان، هەر گۆڕانکارییەکیش لەبەرپرسی هۆبەکان (بەتایبەت ڕاگەیاندن، زەوی‌و زارو یاسایی) کاریگەریی ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ کێشەی جوتیارانی کوردو تورکمان لەبەرامبەر عەرەبە هاوردەکان.

ئەو هەنگاوەی بەڕێوەبەرە نوێیەکە دەکرێت ببێتە هۆی دروستبونی ناڕەزایەتی لەلایەن جوتیارانی کوردو لایەنە کوردییەکان، کە ترسیان هەیە ئەم گۆڕانکارییە ئیدارییانە ببێتە سەرەتایەک بۆ گەڕانەوەی بڕیارە نادادپەروەرانەکان دژ بەخاوەن زەوییە ڕەسەنەکان.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن