نامەیەک بۆ سەکردەیەک: لە جیاتی هەمووان، خەجاڵەتی تۆم
12/27/2025 12:00:00 PM
هاوڕێ وەلید
ئەمڕۆ کە بۆت دەنووسم، نە دەفتەرەکەی دەستت ماوە و نە ڕەنگاڵەکەش وەک جاران ڕەنگی ڕاستی دەبەخشێتەوە. هاتووم پێت بڵێم: لێمان ببورە کە "تۆ"مان بە تەنیا جێهێشت، نەک تەنیا لە ژێر خاکدا، بەڵکو لە ناو فیکر و کرداریشماندا.
خەجاڵەتی تۆم...
چونکە تۆ فێرت کردین بڵێین "نا"، کەچی ئێستا زۆرێک لەوانەی لەسەر شانی تۆوە گەیشتنە لوتکە، فێری "بەڵێ" بوون بۆ بەرژەوەندی و "نا" بۆ مەینەتییەکانی خەڵک. خەجاڵەتم کە تۆ پێت دەگوتین "نانی کەم و ژینی سەربەرزانە"، کەچی ئێستا کێبڕکێ لەسەر نانی زۆر و ژینی ژێردەستانەیە.
کاک نەوشیروانە کاکەی هەمووان...
لەو شوێنەی ئێستا لێی نوستوویت، ڕەنگە تەنیا شوێن بێت کە تێیدا بێدەنگی واتای ئارامی بدات، بەڵام لای ئێمە بێدەنگی بووەتە هاواری خەجاڵەتی. ئەمڕۆ هاتووم نەک بۆ ئەوەی باسی غەدر و ستەمی دوژمنانت بۆ بکەم، بەڵکو هاتووم لە جیاتی هەموو ئەوانەی لەسەر سفرەی فیکری تۆ گەورە بوون و دواتر پشتیان لە ڕێبازەکەت کرد، داوای لێبووردن بکەم.
کاکە گیان...
خەجاڵەتی تۆم، کە ئەو ڕێگاییەی تۆ کردتە مەکۆی ئازادی و دەنگی کپکراوی هەژاران، ئێستا بووەتە جێگەی کێبڕکێی کورسی و بەرژەوەندی. خەجاڵەتم کە ئەو "گۆڕان"ەی تۆ بۆ تێکدانی بتی دەسەڵات دروستت کرد، ئێستا هەندێک لە شوێنکەوتووانت خەریکی نۆژەنکردنەوەی ئەو بتانەن.
ئێمە نەمانتوانی ئەو ئەمانەتە بپارێزین. خەجاڵەتی ئەو چاوانەتم کە ماندووبوونی ساڵانی شاخ و شار و کتێبخانەکانی پێوە دیار بوو، ئێمە ئەو ماندووبوونەمان کردە قوربانی پلە و پۆست و ململانێی بچووک.
لە جیاتی هەموو ئەوانەی بە ناوی تۆوە متمانەی خەڵکیان کڕی و دواتر بە هەرزان فرۆشتیانەوە، من خەجاڵەتی تۆم.
لە جیاتی هەموو ئەو هەڵسووراوانەی لە نیوەی ڕێگا پشتیان لە خەونەکانت کرد و چوونە ناو باوەشی ئەو سیستەمەی کە تۆ تەمەنت لە پێناو ڕووخاندنیدا دانا، من سەرم شۆڕە بەرامبەرت.
تۆ وتت: "با ململانێکانمان لەسەر بەرژەوەندی گشتی بێت"، کەچی ئێستا ململانێکان تەنها لەسەر بەرژەوندی شەخسین.
کاکە گیان...
سەختترین بەشی خەجاڵەتیی من، بەرامبەر ئەو "هاوڕێیەتی"یە سادە و بێگەردەیە کە تۆ پێت وابوو مێژوو و نیشتمان کۆتان دەکاتەوە. خەجاڵەتی تۆم کە تۆ ژوورەکەت کردبووە ماڵی هەمووان، کەچی هاوڕێکانی دوێنێت، ئەوانەی پێکەوە نانتان دەشکاند و باسی "بەرژەوەندی گەل"تان دەکرد، هەر کە چاویان بە تیشکی زێڕ و کورسی کەوت، نەک هەر تۆ، بەڵکو بیرەوەرییەکانی خۆشیانیان فرۆشت.
ئەوانەی ڕۆژێک بە شانازییەوە دەیانوت "نەوشیروان مستەفا مامۆستایمانە"، ئێستا لە پشتی مێزە سوورەکانەوە خەریکی سڕینەوەی ئەو وانانەن کە تۆ پێت ووتن. خەجاڵەتم کە تۆ پێت وابوو هاوڕێیەتییەکەتان لەسەر بنەمای "بڕوا"یە، کەچی دەرکەوت تەنیا "پردێک" بووە بۆ گەیشتنی ئەوان بە کەناری دەسەڵات.
خیانەت تەنیا ئەوە نەبوو پشتیان لە ڕێبازەکەت کرد، خیانەتی گەورە ئەوە بوو کە سۆزی هاوڕێیەتییان کردە قوربانی بەرژەوەندیی کاتی ، تەنیا بۆ ئەوەی لە کۆشکەکاندا جێیان بێتەوە. لە جیاتی هەموو ئەو هاوڕێیانەی "وەفا"یان وەک کاڵایەکی سیاسی مامەڵە پێوە کرد، من سەرم شۆڕە و خەجاڵەتی تۆم.
تکات لێ دەکەم، لەو هەورە بەرزەی لێی نیشتەجێیت، سەیری ئەم دۆخە مەکە؛ چونکە ئەوەی ئێمە دەیکەین، نەک گۆڕانکاری نییە، بەڵکو بریندارکردنی دووبارەی ڕۆحی تۆیە.
دڵنیابە... هەرچەندە ڕێبوارەکان تێکەڵ بوون و ڕێگاکە لێڵ بووە، بەڵام هێشتا لێرە و لەوێ، کەسانێک هەن کە بە ڕاستی خەجاڵەتی تۆن و هێشتا خەونی "ژیانێکی شایستە بۆ مرۆڤی کورد" لە دڵیاندا نەکوژاوەتەوە