24وتار

غروری سیاسی سەری قازانج دەخوات

12/31/2025 12:46:00 PM
لوقمان مستەفا صاڵح

ئەوەی لە پەڕلەمانی عێراقدا ڕاگوزەر، ناتوانرێت بە “سیاسەت” بپۆشرێت؛ ئەو سیاستەی كورد لە ناو هۆڵی پەڕلەماندا نواندی نمایشێکی غروری سیاسیبوو بارگراوندەكەی لە هەرێمەوە نەخشی هەڵگرتبوو،کە هەمیشە باجەکەی  گەلی کوردستان داوێتی و دەیدات.هەڵوێستی توند، هەڕەشەی سیاسی و باوەڕ بەوەی کە “هێزمان زۆرە و ڕێژەی دەنگمان بەرزە”، نە یەک جار، نە دووجار، بەڵکو چەند جار پێشترش تاقی کراوەتەوە و هەمیشە بە زیان کۆتایی هاتووە.

لە بەغدا، هێز بە دەنگی بەرز ناناسرێتەوە، بەڵکو بە توانای شکاندنی قوفڵە سیاسییەکان ئامانجەكەی دەپێكێت. ئەو شێوازەی ئێستا كە پەیڕەو دەكرێت هەموو شتێک دەخاتە مەیدانی دژایەتی، نەک تەنها ڕقی لایەنەکانی تر بەرز دەکات، بەڵکو کوردیش دەهێنێتە گۆشەی قەیران. ئەمە سیاسەت نییە؛ ئەمە هەڵەی ستراتیژییە.

کێشەکە ئەوە نییە کە کورد داوای مافە ڕەواكانی خۆی بكات بەڵكو کێشەکە ئەوەیە کە هەندێک هەڵوێست بە ناوی ماف، بە غروری سیاسی دەخرێنە پێشەوە. غرور لە سیاستدا سەرکەوتن نییە؛ بەڵكو غرور زۆرجار پێشەنگی شکستە.

سیاسیەكانی ئێمە زۆرجار هەڵوێستێکی “هەموو یان هیچ” دەگرنەبەر،بەڵام بەداخەوە ئەنجامەکە زۆرجار “هیچ” بووە. مووچە، بودجە، یاسا و ڕێککەوتنەکان دەكرێنە قوربانی هەست و خۆنمایشی سیاسی،كە هەمیشە هاوڵاتیانی هەرێم باجەکەی دەدات.!
سیاسەت بە لوت بەرزی و خۆنیشاندان هەژمار نەكردنی ڕكابەرەكەت ناكرێت. بەڵكو سیاسەت ئەو زانستەیە كە لێكۆڵینەوە دەكات لە چۆنیەتی كاركردنی دەسەڵات، بڕیارسازی و سیستەمە سیاسییەكان، و ئەو كاریگەرییەی كە هەیەتی لەسەر ژیانی هاوڵاتیان و ئاراستەی كۆمەڵگا.

كە بۆ قازانج و گەیشتن بە ئامانجێكە. کاتێک هەڵوێستەکان بۆ ئەوەی دروست دەکرێن “کێ بەهێزترە و كێ دەنگی زۆرترە یاخود كێ لۆبی لەنێو پەڕلەمان زیاترە”، ئەوا ئەنجامەکە زۆربەی کات بە زیان دەشكێتەوە. بەغدا شوێنی یاری كردن بەهەستی  یەكدی نیە؛ بەڵكو شوێنی  شەڕی جێگیر كردنی مافە دەستوریەكانی خەڵكی كوردستانە كە خۆی لە جێبەجێكردنی مادە سەد و چل و بەشە بودجە و پاراستنی قەوارەی هەرێم لە چاوچنۆكی دوژمنان دەبینێتەوە.

ئەگەر کورد نایەوێت هەر جارە باجی غروری سیاسی بدات، پێویستە ڕاستییەکی تاڵ قبووڵ بکات:  ئەویش یەکگرتوو لە كۆ دەنگی و سیاسەتی بێ‌غرور بەهێزترە لە هەزار وتاری توند. هەر شێوازێک جگە لە ئەمە،دوبارەكردنەوەی هەمان هەڵەیە و هەمان باج.

ئەم غرور و لووت بەرزیە لەسەر ئاستی حیزبی و تاکەکەسی، بەشێوەیەکی پەیوەست بە هەڵوێستە تاکەکەسییەکان، بە گشتی کورد بەرەو قەیران دەبات و زیان بە پەیوەندیە نیشتمانیەكان دەگەیەنێت.

ئەوەی لە پەڕلەمانی عێراقدا ڕاگوزەر تەنها کێشەی دژایەتی یەكترنییە؛ بەڵكو باجی غروری سیاسییە و ئەم باجەش گەل دەیدات، نە سیاسەتمەدارەكان.

پێویستە كورد لوت بەرزی و غروری سیاسی وەلاوەبنێت، نێوماڵی خۆی ڕێك بخات دەنگی یەکگرتوو بکات، سیاسەتی بێ‌غرور، بەهێز و هەڵوێستی ڕاستەقینە پیادە بكات لە بەغدا.

چونکە لە کۆتاییدا، پرسیار نییە کێ سەرکەوتووە. پرسیار ئەوەیە: کێ بەرژەوەندی گەلی پاراستووە. لە ئەنجامدا، سیاسییە سەرکەوتووەکان ئەوانەن کە دەسەڵات وەک بارێکی مێژوویی دەبینن، نە وەک ئیمتیازێکی تایبەتی.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن