شەپۆلێکی دیکەی بەفربارین ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکات
12:18 - 30/12/2025
زەمەن - هەواڵ
بەگوێرەی دوایین پێشبینییەکانی کەشناسی کە ئەمڕۆ
سێشەممە، 30ـی کانوونی یەکەمی 2025 بڵاوبووەتەوە، هەرێمی کوردستان لە دوو ڕۆژی کۆتایی
ساڵی 2025دا، ڕووبەڕووی شەپۆلێکی سەرما و بەفربارین دەبێتەوە.
پێشبینییەکانی کەشوهەوا بۆ 48 کاتژمێری داهاتوو:
ئەمڕۆ سێشەممە (30-12-2025):
ئاسمان بەگشتی ساماڵ و سارد دەبێت. لە ناوچە
شاخاوییەکان نیمچەهەور دەبێت و ئەگەری دروستبوونی شەختە و بەستن لە کاتەکانی شەودا
هەیە. پلەکانی گەرما لە سەنتەری پارێزگاکان بۆ ژێر سفر پلەی سیلیزی نزم دەبنەوە. خێرایی
با لەسەرخۆ دەبێت (5 - 15) کم/کاتژمێر و ئاراستەی باکووری ڕۆژهەڵات دەبێت. مەودای
بینین لەنێوان 9 بۆ 10 کیلۆمەتردا دەبێت.
سبەی چوارشەممە (31-12-2025):
کەشوهەوا سارد و نیمچەهەور دەبێت. دوای نیوەڕۆ،
شەپۆلێکی بەفربارین بەشێک لەم ناوچانە دەگرێتەوە: سنووری پارێزگای دهۆک، ئیدارەی
زاخۆ، مێرگەسۆر، ئامێدی، سنووری ئیدارەی سۆران، بەشێک لە ئیدارەی ڕاپەڕین و چیای سەفین
لە پارێزگای هەولێر. پێشبینی دەکرێت بڕی بەفری داباریو لەنێوان (5 - 10) سانتیمەتر
بێت. لەگەڵ زیادبوونی کاریگەریی شەپۆڵەکە، ئەگەری نمەبارانی تێکەڵ بە بەفر لەسەر
ناوچەی جیاجیا هەیە.
خێرایی با لەسەرخۆ دەبێت (10 - 15) کم/کاتژمێر
و ئاراستەی باکووری ڕۆژئاوا دەبێت. پلەکانی گەرما لە هەندێک ناوچە کەمێک بەرز دەبنەوە،
بەڵام لەو ناوچانەی دەکەونە ژێر کاریگەریی شەپۆڵی بەفرەکەوە، نزم دەبنەوە. مەودای
بینین لەنێوان 7 بۆ 9 کیلۆمەتردا دەبێت و لە کاتی بەفرباریندا بۆ کەمتر لە 1 کیلۆمەتر
کەم دەکات.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو (بە پلەی
سیلیزی):
- هەولێر: 7
- سلێمانی: 5
- دهۆک: 3
- زاخۆ: 4
- هەڵەبجە: 5
- گەرمیان: 9