بەپەلە.. یەكێتی ڕەخنە لە پەیامەکەی مەسعود بارزانی دەگرێت
02:04 - 29/12/2025
زەمەن - هەواڵ
لە کاردانەوەی بەرامبەر ڕاگەیەندراوەکەی مەسعود بارزانی تایبەت بە پۆستی سەرۆککۆمار،
هەرێم کەمال ئاغا ڕایگەیاند کە پێویست بوو ئەو بابەتە لە کۆبوونەوەیەکی سیاسیی نێوان
لایەنەکاندا تاوتوێ بکرایە نەک لە ڕێگەی میدیاوە، چونکە لایەنەکان چاوەڕوانی هەنگاوی
کردەیی و کۆبوونەوەی ڕاستەوخۆ بوون. هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە پارتی لە بەغداد
داوای هەندێک بنەما و میکانیزم دەکات کە لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان جێبەجێیان
ناکات.
دوای کۆبوونەوەی فراکسیۆنەکانی یەکێتی و پارتی، هەرێم کەمال ئاغا ئاشکرای
کرد کە شاندی پارتی سەردانی یەکێتییان کردووە و پێزانینی زۆریان هەبووە بۆ ئەو بڕیارەی
یەکێتی کە هیچ پاڵێوراوێكیان بۆ پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان نەبووە. یەکێتی
ئەم هەنگاوەی وەک نیشاندانی نیازپاکی و کارئاسانی بۆ پارتی ناوبردووە، تاوەکو ڕێگە
خۆش بکات بۆ ڕێککەوتنی گشتگیرتر.
ئەو پەرلەمانتارە دەرچووەی یەکێتی هیوا دەخوازێت ئەم هەنگاوە ئەرێنییانە ببێتە
سەرەتایەک بۆ ڕێککەوتن لەسەر پۆستی سەرۆککۆمار و دوورکەوتنەوە لە کێشمەکێشی سیاسی.
جەختیشی کردەوە کە ئامانجی سەرەکی ئەوەیە لە بری کات کوشتن لەسەر دابەشکردنی پۆستەکان،
لایەنە کوردییەکان پێکەوە کار لەسەر کارنامەیەکی هاوبەش بکەن کە لە خزمەت بەرژەوەندییە
باڵاکانی گەلی کورددا بێت لە بەغداد.