23وتار

بزوتنەوەی گۆڕان لە کێ وە بۆ کێ؟ لە کوێشەوە بۆ کوێ؟

12/28/2025 1:58:00 PM
سەباح محەمەد و د. جوامێر خەلیل

مەعلومە بزوتنەوەی گۆڕان؛ بزوتنەوەیەکی سیاسی جەماوەری فراوان؛ و خاوەنی پاڕادایم و پڕۆژەیەکی سیاسی نیشتمانی چاکسازیخوازی گەورە بو؛ هەژەند و ڕاچڵەکینێکی گەورەی بە کۆمەڵگای کوردی؛ و دەسەڵاتی سیاسی لەباشوری کوردستاندا کرد؛ سنوری ئایدیۆلۆجی؛ و  هۆز و شار و شارچێتی تێپەڕاند؛ توانی دۆکترین و ڕێچکە و ڕێبازە سیاسیە جیاواز و بەیەکدا هەڵشاخاوەکان لەدەوری تەیبڵی گۆڕانکاری و چاکسازیدا کۆبکاتەوە.

پرسیاری جەوهەری لەم نوسینەدا بریتییە لە: ڕابەرایەتی ئەم بزوتنەوەیە لە کێ وە گوێزرایەوە بۆ کێ؟

لەدامەزراندنی ئەم بزوتنەوەیەوە تا کۆچی کاک نەوشیروان؛ بەردەوام لە گەشەکردن و فراوانبوندا بو؛ خاوەنی پڕۆژە و دونیابینی خۆی بو؛ بەدیدارێک ڕوداوی دەخوڵقاند؛ گەمە سیاسییەکانی بەجۆرێک ئاراستەدەکرد کە لەخزمەت کۆمەڵگا؛ و پاشان بەهێزتربونی بزوتنەوەکەدا بوو. 

دوای کۆچی دوایی کاک نەوشیروان؛ هەر زو یاریگاکە لەبەردەم ڕکابەرەکانی گۆڕاندا واڵا کرا؛ و بەجۆڕیک حزبەکانی دەسەڵات توانیان کاریگەری لەسەر بەشێک لە سەرکردەکانی ئەو کاتەی گۆڕان دروست بکەن کە ببنە بەشێک لە بڕیارە هەڵەکانی ئەوان؛ بە نمونە بەشداریکردن لە ڕیفراندۆم؛ بەپوختتی 

سەرانی ئەوکاتی گۆڕان نەیانتوانی  جگە لە بازنە داخراوە دەستکردەکەی دەوری خۆیان؛ کەسی تر ببینن و بڕوایان بە تێڕوانین و توانای ئەوانی تر نەبوو. 

بەمانایەکی تر لاوازبون لە پێشبینی و شرۆڤەکردن و خوێندنەوەی واقعی سیاسی؛ و تێگەیشتن لە مەرامی ڕکابەرەکانیان.

ئەم بزوتنەوەیە لە هەڕەمی سەرکردایەتیکردنی ئۆپۆزسیۆن؛ و ئەلتەرناتیڤی دەسەڵاتی سیاسییەوە هێنرایە پەراوێزی سیاسی؛ عەڕابی ئەم لێژبونەوەیەش کەسانێکن کە بەرژەوەندی تایبەتی؛ و دەستە و گروپەکانیان ئاراستەی کردن بەم ڕێچکەیەدا هەنگاو بنێن.
وروژاندنی بابەتی تەوریس؛ بۆ لابردنی بەرپرسیارێتی بچوککردنەوەی بزوتنەوەکەیە لەسەر شانیان؛ ئەگەرنا تەکەتول گۆڕنی بەم دۆخە گەیاند نەک تەوریس؛ بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەمەش پشت دەبەستین بەو موسەلەماتەی کە هەردوای کۆچی دوایی کاک نەوشیروان هەڵبژاردن دوای هەڵبژاردن دەنگەکانی ئەم بزوتنەوەیە کەمی کردوە؛ تا ئاستی سفرکردنەوەی کورسی لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢١.

داننان بە هەڵە ڕەنگڕێژکردنی هەنگاوی ئایندەیە بۆ سەرکەوتن؛ دروستکردنی تۆمەت؛ و لابردنی بەرپرسیارێتی شکست لەسەر خۆت؛ سەرکەوتنی ئایندەت مسۆگەر ناکات؛  کاتێک دوو ئاراستەی سیاسی و دونیابینی جیاواز ناتوانن بەیەکەوە بەردەوام بن؛ بژاردەی عەقڵانی و لۆجیکی ئەوەیە کە هەریەکێکیان ئاراستەی سیاسی خۆی دیاری بکات؛ و هەنگاو بنێت.

بەڕوونی کڕۆکی کێشمەکێش و ناکۆکی نێوان ئێمە و ئەوان ئەمانەن:

_ لەدیدی ئێمەدا؛ ئەوان لە پرەنسیپە گشتیەکانی گۆڕان لایان داوە ئەوان لەگەڵ هەڵبژاردنی خانەو ڕێکخەر نەبون لەبەرئەوەی مەکۆکانیان لەگەڵ نەبوو.
_ ئێمە پێمان وایە دەستوری ناوخۆیی بزوتنەوەی گۆڕان دەبێت کلیلی یەکلاکردنەوەی کێشەکان بێت.
_ ئێمە وایدەبینین کە سەرکردایەتی بەگروپ میکانیزمی سەرکەوتنی کاری ڕێکخراوەییە.
لەبەرامبەردا ئەوان پێیان وایە:
_ دەستوری ناوخۆیی بزوتنەوەی گۆڕان؛ دەبێ بەتەواوی وەلا بنرێت؛ و پەیڕەوێکی ناوخۆیی تایبەت بەخۆیان داڕشتوە.
_ ئەوان بەتەواوی پشتیان کردوەتە پڕۆژە و پاکێجەکانی کاک نەوشیروان و بزوتنەوەی گۆڕان.
_ ئەوان بڕوایان بە دەسەڵاتی مەرکەزی و ڕەهای ڕێکخەر هەیە بەسەر کۆی ئۆڕگان و دامەزراوەکانی بزوتنەوەکەدا.
_ داواکردنی مومتەلەکاتەکانی بزوتنەوەکە.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن