چەند پەیڤێک لەبارەی (گوڵبژێرێک لە نووسینەکانی عیماد ئەحمەد)
10:29 - 17/09/2025
كولتووری زەمەن
حەمید
سادق
پێشەکی لە وانەیە بپرسن، بۆچی ئەم نووسینەم بە ناوی (حەمید سادق)ەوە نووسیوە؟
وەڵامەکەش ئەوەیە، لەبەر ئەوەی لە سەردەمی شاخ و ماوەیەک دوای راپەرین نووسینەکانم
بەم ناوە بڵاودەکردەوە.
ناوەکە،
لە ناوی دوو شەهید و هاوڕێی هەرە نزیک و خۆشەویستم پێکهاتووە، حەمید ئەکبەری
ئەندامی رێکخراوی هەڵۆی سوور و سادق شەریف کە ئومێدمان وابوو ببێت بە سەرکردەی
دیار و دەگمەنی کۆمەڵەی مارکسی لینینی و یەکێتیی نیشتمانی کوردستان.
بیرۆکەی
کۆبەندی نوسینەکانم کە لە سەردەمە جیاوازەکاندا نووسراون، هی فریشتەی ژیانم، خاڵە
پڕ بەهرەکەم مامۆستا موحسین بوو، کە لەدواییدا وایلێهات، جێ بەجێ کردنی ببێتە
ئاواتی ژیانم، چونکە پێشتر وام دانابوو دوای سەفەری هەتاهەتایم، کەسێک یان
هاورێیەکم کۆیان بکاتەوە و چاپیان بکات.
رۆژگار
وەها خولایەوە، کە خاڵی ئازیزم زوو دونیای(متاع)ی بەجێهێشت و گەیشتە (دار القرار)ی
خۆی، منیش جارێکی دیکە هەتیو کەوتمەوە. چەند هاورێیەکی بەنرخ و دڵسۆز و شارەزا،
ئەرکی کۆکردنەوەی نووسینەکانمیان خستە ئەستۆی خۆیان، بە جوانی و باشی، وەک
دیارییەکی بەنرخ و دەگمەن، خستیانە ناو چوار گۆشەی خەبات و کار و چالاکییەکانم
.هەزاران جار، سوپاسی بێپایان و پێزانینم هەیە بۆیان.
بە راستی
من بەم کۆبەندە، دڵخۆش و سەربەرزم،کە دوای کتێبی (درەوشانەوەی مێژوو) بە چاپ
گەیشتووە، وەک نۆبەرە سەیری ئەم بەرهەمەمە دەکەم کە پێنج کتێبی لەخۆ گرتووە،
سەرەرای ئەوەی مێژووی نووسینی بەشێکیان دەگەڕێنەوە بۆ نزیکەی (40)ساڵ لەمەوبەر.
بەکورتی دەمەوێت بە شێوازی خانەقینی بڵیم: من نەدیبدی نیم، پێشتر نووسین و بەرهەمم
هەبوون و کتێبی چاپکراویشم هەیە، بەڵام بە (گوڵبژیرێک لە نووسینەکانی عیماد
ئەحمەد)، زۆر خۆشحاڵتر بوم، چونکە رۆڵی ئەرشیفێکی گەورەی ژیانی تایبەتیی و خێزانی
و سیاسی و کۆمەڵایەتیم دەبینێت.
رەنگە
ئەم بەرهەمە، شێوازێکی جیاواز بێت لە نووسینەوەی بیرەوەریی و تۆمارکردنی هەڵوێستی
سیاسی، لەبەرئەوەی گەشتێکی مێژووییە بەناو رووداوەکانی چەند سەردەمێکی جیاوازدا و
بە ئەمانەتەوە بە بەر دیدەی خوێنەراندا گوزەر دەکات، کۆبەرهەمێکی دەوڵەمەند و
هەمەجۆر و کەشکۆڵئاسایە، بە هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی.
دەبێت
ئەوەش بڵێم کە بۆچوون و دەربڕینەکان زادەی رۆژگاری خۆیانن و لەمیانەی ئەم کەشکۆڵ و
کۆکارەدا بەیەکەوە شەتەک دراون. بۆ قەزاوەتکردن دەربارەی سەردەمی حوکمڕانیی و کاری
ئیداریش، بەشێک لە هاورێکانم قسەیان لەسەر ئەو قۆناغە کردووە و ئەو بابەتەم بۆ
ئەوان جێهێشتووە.
ماوەتەوە
بڵێم، جارێکی تر سوپاس و پێزانینم بۆ ئەوانەی مەڵۆ بە مەڵۆ نووسینەکانمیان کرد بە
خەرمان، ئومێدەواریشم تۆی خوێنەر ببیت بە بەشێک لەم تۆمارە، بە خوێندنەوە و
هەڵسەنگاندنی، بۆ ئەوەی ئەم کارە ببێت بە دڵۆپە بۆنێکی خۆش، لە باخچەی نووسین و
رۆژنامەوانییدا.