10وتار

نۆیەم كابینەی عێراق لە گێژاوی هاوکێشە ناوخۆیی و دەرەکییەکاندا

12/31/2025 11:42:00 AM
د.یاسین تەها

بە پەسەندکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن لەلایەن دادگه‌ی باڵای فیدراڵییەوە، قۆناغە دەستوورییەکانی دەستبەکاربوونی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق و پێکهێنانی نۆیەمین کابینەی حکوومەت لە عێراقی پاش ٢٠٠٣ دەست پێ دەکات. بەڵام لە وەشانی عێراقیی دیموکراسییەتدا، ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بەتەنیا بڕیاردەر نین و پرۆسەکە بە چەند هاوکێشەیەکی ناوخۆیی و دەرەکییەوە بەستراوەتەوە. ئەم شرۆڤەیە تیشک دەخاتە سەر ئاڵۆزییەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێ و هەڵبژاردنی سەرۆکایەتییەکان لەسەر هەردوو ئاستی ناوخۆیی و دەرەکی.

ئاڵۆزییەكانی نێو پێكهاتەی شیعی و گرێی سەرۆكوەزیران  

هەرچەندە هێزە شیعە براوەکان لە چوارچێوەی یەک هاوپەیمانیدا بە ناوی “چوارچێوەی هەماهەنگی” کۆ بوونەتەوە و جیاواز لە دەسپێکی خولی پێشوو (٢٠٢١) دووبەرەکییەکی فەرمیی (وەک ئەوەی لەگەڵ سەدر هەبوو) تێدا بەدی ناکرێت، بەڵام ئەم هاوپەیمانییە لە وردەکارییەکاندا بەدەست کۆمەڵێک ناکۆکی و بەریەککەوتنەوە دەناڵێنێت. ئەمەیش بووەتە ڕێگر لەبەردەم کردنەوەی گرێی ئاڵۆزی پۆستی سەرۆکوەزیران، کە گرنگترینیان ئەمانەن:

_ناکۆکی لەسەر شوناسی سەرۆکوەزیران: دوو دیدگه‌ی جیاواز هەیە: هەندێک پێیان وایە دەبێت سەرۆکوەزیران کەسایەتییەکی خاوەن پێگەی پەرلەمانی و پێشینەیەکی سیاسیی بەهێز بێت، بەڵام هەندێکی دیکە داوای “بەڕێوەبەرێکی جێبەجێکار” دەکەن کە ملکەچی بڕیاری هێزە سیاسییەکان بێت؛ تا ئەو ڕاددەیەی سیاسەتمەدارێکی شیعە دەڵێت: “هێزەکانی چوارچێوە زیاتر بەدوای کەسێکی ئیداریدا دەگەڕێن کە وەک “چایچی”یەکی ناو چوارچێوەکە بێت، نەک سەرۆکوەزیرانێکی سەرکردە و بەهێز[1].

_کاریگەریی گۆڕانکارییە هەرێمایەتییەکان: دۆخی ئێستای ناوچەکە پاش گورزخواردنی حزبوڵڵا، گۆڕانکارییەکانی سووریا و گرژییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل، وا دەخوازێت کارەکتەرێکی بەهێز لە باڵاترین پۆستی جێبەجێکردنی عێراقدا بێت؛ بەتایبەت کە ئەگەری هێرش بۆ سەر ئێران هێشتا لە بەرنامەی کاری نەتانیاهۆدایە[2]. لە بەرانبەردا، بەرژەوەندیی هێزە شیعییەکان لە هێنانی سەرۆکوەزیرانێکی “ڕووکەش” (ماسک)دایە کە خۆیان ئاراستەی بکەن. ئەم دژایەتییە لە مەرجەکانی کاندیدکردندا بەڕوونی دەردەکەوێت و تائێستا بەبێ چارەسەر ماوەتەوە.

_ململانێی مالیكی و سوودانی: بەریەککەوتنی توندی نێوان نووری مالیکی و محەمەد شیاع سوودانی ڕێگرێکی سەرەکییە. سوودانی پاش جیابوونەوەی لە حزبی دەعوە و بەهۆی سوودوەرگرتن لە پۆستەکەی، باڵانسی پەرلەمانیی خۆی لە ٢ کورسییەوە بۆ ٤٦ کورسی بەرز کردەوە؛ ئەمەیش مەترسیی لەسەر پێگە و کاریزمای مالیکی لەناوەندی سیاسیی شیعەدا دروست کردووە. لە کۆتا دانیشتنی “چوارچێوەی هەماهەنگی”دا، سوودانی هۆکاری مانەوەی خۆی، بۆ چارەسەری دۆخی دارایی گەڕاندووەتەوە، بەڵام مالیکی پێی ڕاگەیاندووە: “هەر بەهۆی ئەو دۆخە دارایییەی دروستت کردووە، دەبێت بگۆڕدرێیت[3].

_پەرتەوازەییی کورسییەکان: ١٨٧ کورسییەکەی شیعە بەسەر چەند لیستێکی جیاوازدا دابەش بوون؛ هیچ لایەنێکیان هێندەی پێویست کورسییان نییە تا بەتەنیا کاندیدەکە یەکلا بکەنەوە. ئەمەیش ناچاریان دەکات بگەڕێنەوە بۆ بنکە شیعییە پەرتەوازەکە کە بە ئاستی ستوونی و ئاسۆیی دابەش بووە.

_ململانێی باڵە چەکدارەکان و هێزە کلاسیکییەکان: دیدگه‌ی باڵە چەکدارەکان (کەتیبەکانی حزبوڵڵا، سادقون، خەدەمات، سەنەد) و هێزە کلاسیکییەکان (دەوڵەتی یاسا، بەدر، حیکمە، سوودانی) لەبارەی پەیوەندییە دەرەکییەکان هاوتا نییە؛ بەتایبەت لە شێوازی مامەڵە لەگەڵ ئەمریکا، ئێران، دۆسیەی چەک و حەشدی شەعبی[4]. 

_پرسی ڕەزامەندیی مەرجەعییەت: بەدەستهێنانی ڕەزامەندیی مەرجەعییەتی نەجەف، مەرجێکی سەرەکییە. بەپێی زانیارییەکان، ناوبژیوانیی “نووسینگەی ئایەتوڵڵا سیستانی” تا ئێستا نەگەیشتووەتە ئەنجام، بەڵام ئەزموون دەری خستووە کە نابێت کاندیدەکە “ڤیتۆ”ی مەرجەعییەتی لەسەر بێت[5].

_گرێی سەدر: پرسیارە بێوەڵامەکە ئەوەیە: ئایا موقتەدا سەدر دەگەڕێتەوە؟ گەڕانەوەی، ململانێکان توندتر دەکات و بێدەنگبوونیشی سێبەری گومان دەخاتە سەر شەرعییەتی قۆناغی داهاتوو؟

_لاوازیی بنکەی جەماوەری: هەرچەندە ڕێژەی بەشداریی خاوەن کارتە بایۆمەترییەکان (٥٦٪) بووە، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی ٧٣٠ هەزار دەنگی پووچەڵ و کۆی دانیشتووانی سەروو ١٨ ساڵ، ڕێژەی بەشداریی ڕاستەقینە تەنیا (٣٨.٥٪) بووە[6]. ئەمەیش نیشانەی لاوازیی متمانەی جەماوەرە بە پرۆسە سیاسییەکە.

فاکتەرە دەرەکییەکان: هاوکێشەکانی پاش ٧ی ئۆکتۆبەر و داڕشتنەوەی نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر دیاریکردنی سەرۆکوەزیران هەیە. لەم نێوەندەدا جگە لە واشنتۆن، ئێران کاریگەرییەکی بنەڕەتیی هەیە و، تورکیا و قەتەریش بۆ پشتگیریکردنی سوننەکان لەسەرهێڵن[7]. ئەم دەستێوەردانانەیش پرۆسەکەیان ئاڵۆزتر و درێژخایەنتر کردووە.

 گرێی گرووپە چەكدارەكان

تەوەرێکی دیکەی ئاڵۆزییەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێ، دۆسیەی ئەمنی و چارەنووسی گرووپە چەکدارەکانە. ئەم تەوەرە لە چوار خاڵی سەرەکیدا چڕ دەبێتەوە:

_مارک ساڤایا، نوێنەری ترەمپ، بەڕاشکاوی ڕای گەیاندووە کە تەنیا مەرجی بووژانەوەی عێراق “کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا”یە[8].

_هەندێك زانیاری دزەی كردووە كە حکوومەتی عێراقی و لایەنە سیاسییە کاریگەرەکان نامەی هۆشداریی نائاسایییان پێ گەیشتووە لە وڵاتێکی عەرەبی و دەزگه‌یەكی هەواڵگریی ئەوروپی (یۆنان)، سەبارەت بە پلانی جێبەجێکردنی هێرشی سەربازیی ئیسرائیلی لەناو خاكی عێراقدا لە ماوە داهاتوو. بەپێی ئەو زانیارییە دزەپێكراوانە، كە هەواڵگریی عێراق ڕەتی دەكاتەوە پێیان گەیشتبێ[9]، هێرشەکان دامەزراوە حکوومییەکانی پەیوەندیدار بە میلیشیاکانی شیعە و “حەشدی شەعبی” و کەسایەتییە کاریگەرەکانی دارایی و سەربازی و شوێن و کۆگه‌کانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان (درۆن) و مووشەک و کەمپەکانی ڕاهێنان دەكەنە ئامانج[10].

_هەندێک گرووپی وەک “عەسائیب و سەییدولشوهەدا” ئامادەیییان بۆ ڕادەستکردنی چەک نیشان داوە[11]، بەڵام کێشەکە لەوەدایە ئایا ئەمە ڕادەستکردنێکی ڕاستەقینەیە بە سوپا، یان تەنیا گۆڕینی ناونیشانە بۆ ناو حەشدی شەعبی؟ ئەم تەمومژییە جێگەی ڕەزامەندیی واشنتۆن نییە و لەگەڵ پێداگرییە ئەمریكییەكاندا نایەتەوە كە چەكداماڵینی گرووپەكانە. ئەمەیش پێویستیی بە ڕوونكردنەوە و دانوستانی قورس هەیە؛ چ لەگەڵ گرووپەكان بێت، چ لەگەڵ نوێنەرایەتیی ئەمریكا لە عێراق.

_کەتیبه‌کانی حزبوڵڵا و نوجەبا هێشتا لەسەر هێڵی “بەرگری: مقاوەمە” ماونەتەوە و مەرجی قورسیان بۆ چەکدانان هەیە (كشانەوەی ئەمریكا و ناتۆ و توركیا، هەروەها گه‌رەنتیكردنی مەترسیی پێشمەرگە و هێزەكانی حكوومەتی سووریا) [12]. ئەمەیش مانای وایە ئەم لایەنانە وەک “هێزی یەدەگی ئێران” لە ناوچەکەدا دەمێننەوە و ئامادەی بەشدارین لە هەر جەنگێکی هەرێمایەتیدا لەژێر چەتری “یەکێتیی گۆڕەپانەکان”.

كێشەکانی نێوماڵی سوننە و ململانێی سەرۆکایەتیی پەرلەمان

محەمەد حەلبووسی کە سەرەتا پۆستی سەرۆکایەتیی کۆماری وەک دروشمێکی سەرەکیی هەڵبژاردن بەرز کردبووەوە، دوای ڕووبەڕووبوونەوەی ڤیتۆ سیاسییەکان لەسەر ئاڵوگۆڕی پۆستە سیادییەکان، ناچار بوو لەگەڵ لایەنە سوننەکانی دیکەدا بگەڕێتەوە سەر کێبڕکێی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان. بەپێی وادەی دیاریکراوی ئەنجومەنی باڵای دادوەری، دەبێت تا ٢٩ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥ دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان هەڵبژێردرێن. ئەمەیش لایەنە سوننەکانی خستووەتە بەردەم کاتێکی تەنگ و تاقیکردنەوەیەکی سەخت.

ئاستەنگە سەرەکییەکانی بەردەم سوننەکان لەم قۆناغەدا بریتین لە:

_هیچ لە لیستە براوە سوننەكان، بە حەلبووسیشەوە (33 كورسی)، هێندە كورسییان بەدەست نەهێناوە كە تاكلایەنە پۆستەكە یەكلایی بكەنەوە. ئەمەیش ناچاری كردن “ئەنجومەنی سیاسیی نیشتمانی” پێك بهێنن و لەگەڵ یەكتردا هەوڵی سازان بدەن.

_وڵاتانی ناوچەکە، بەتایبەت قەتەر[13]، هەوڵی لێکنزیککردنەوەی جەمسەرەکانی سوننە (حەلبووسی و خەنجەر) دەدەن. لەگەڵ ئەوەیشدا، فراکسیۆنی “عەزم” و لایەنە بچووکەکان کە خاوەنی جەمسەربەندیی جیاوازن، مەرج نییە بەئاسانی بچنە ژێر باری ئەم ڕێککەوتنانه‌.

_بوونی ڤیتۆی لایەنە شیعەکان و هەولێر لەسەر حەلبووسی بەپێی هەندێك زانیاری[14]، پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمانی ئاڵۆزتر کردووە. ئەم دۆخە ئەگەری هێنانەپێشەوەی کەسایەتییەکانی “ڕیزی دووەم” زیاد دەکات؛ کە ئەمەیش مەترسیی دووبارەبوونەوەی سیناریۆی ناکۆکییە درێژخایەنەکانی خولەکانی پێشووی لێ دەکەوێتەوە.

گرێی ناوخۆییی پێكهاتەی كوردی و پۆستی سەرۆككۆمار

هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەی هەرسێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق (کۆمار، ئەنجومەنی وەزیران، پەرلەمان) لە چوارچێوەی یەک پاکێجدا یەکلا بکرێنەوە. بە گوێرەی وادە دەستوورییەکان، دوای یەکەم دانیشتنی پەرلەمان، دەبێت لە ماوەی ٣٠ ڕۆژدا سەرۆککۆمار هەڵبژێردرێت و پاشان لە ماوەی ١٥ ڕۆژدا کاندیدی فراکسیۆنی زۆرینە بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران ڕابسپێردرێت. لەبەر ئەوەی تا ئێستا کەشوهەوای سیاسیی هەرێمی کوردستان بۆ سازان و ڕێککەوتن گونجاو نییە، کاندیدی پۆستی سەرۆکایەتیی کۆمار ناڕوونە. ئاستەنگەکانی بەردەم ئەم پۆستە لەم خاڵانەدا چڕ دەبنەوە:

_هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار پێویستی بە دەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان (٢٢٠ دەنگ) هەیە. ئەمەیش پێویستی بە سازانی لایەنە کوردییەکان لەگەڵ شیعە و سوننەکان هەیە کە تا ئێستا ئاسۆکەی ڕوون نییە.

_ئەگەر کورد بە دوو کاندیدی جیاواز بچێتە پەرلەمان، هێزە شیعە و سوننەکان دەبنە یەکلاکەرەوەی پۆستەکە. بەو پێیەی کۆی کورسییەکانی کورد (نزیکەی ٥٦ کورسی) کەمینەیە، دابەشبوونیان دەبێتە هۆی ئەوەی لایەنە کوردییەکان بکەونە ژێر کاریگەریی هاوپەیمانییە گەورەکانی دەرەوەی پێکهاتەی خۆیان.

_هەر جۆرە یەکلاکردنەوەیەکی ئەم پۆستە بەبێ ڕەزامەندیی ناوخۆیی و لەژێر گوشار یان کاریگەریی لایەنە دەرەکییەکان، کاریگەریی نەرێنیی گەورە لەسەر سەقامگیریی سیاسیی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەبێت.

كۆبەند

چاوەڕوان دەکرێت پێکهێنانی حکوومەتی داهاتووی عێراق دوای هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٥، ڕووبەڕووی ئاستەنگی گەورە ببێتەوە؛ هەرچەندە ئەم کێشانە پێشتریش هەبوون، بەڵام ئەم جارەیان بەهۆی پەرتەوازەییی زیاتری لایەنەکان و دەستوەردانی دەرەکی، پرۆسەکە قورستر دەبێت. ململانێی سیاسیی نێوان پێکهاتە سەرەکییەکان (شیعە، سوننە و کورد) دانوستانەکان بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانییەکان دوورودرێژ دەکاتەوە، لە کاتێکدا دەسەڵاتی دادوەری جەختی لە یەکلاکردنەوەی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان و جێگرەکەی تا کۆتاییی ساڵ کردووەتەوە. ئەم ئاڵۆزییانە ئەگەری هەیە پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێ ٣ بۆ ٦ مانگ دوا بخەن. ئەمەیش وڵات بەرەو قەیرانێکی سیاسیی نوێ دەبات، بەتایبەت لە سایەی ناسەقامگیریی ناوچەییدا و لە كاتێكدا لە ناوخۆ كێشەی تەنگژەی دارایی هەیە.

[1]  https://2h.ae/bIBqq

[2]  https://2h.ae/nqVWD

[3]  https://2h.ae/fdNLO

[4]  https://2h.ae/fuXFb

[5]  https://2h.ae/vZitT

[6]  https://2h.ae/xOcbS

[7]  https://2h.ae/sSoyF

[8]  https://2h.ae/tzxKy

[9]  https://2h.ae/Usvcf

[10]  https://2h.ae/ywrkM

[11]  https://2h.ae/IPuub

[12]  https://2h.ae/qbVMl

[13]  https://2h.ae/VGMIe

[14]  https://2h.ae/tFvSP

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن