"هەشت کەس بێسەروشوێنن؛ نازانین لەبەفردا گیریان خواردوە یان شتی تریان بەسەرداهاتووە"
01:22 - 28/12/2025
زەمەن -هەواڵ
لە شەوی رابردووەوە
هەشت کەسی سنووری سیدەکان کە مەڕوماڵاتیان هەیە و چوونەتە چیاکانی سنوورەکە، چارەنووسیان
نادیارە.
لە چیاکانی
سنووری قەزای سیدەکان لە پارێزگای هەولێر 8 کەس بێسەروشوێنن و حەوت شاخەوانیش داوای
بەهاناوەچوون دەکەن کە لەنێو بەفردا گیریانخواردووە.
موقەدەم کاروان
میراودەلی، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران، دەڵێ: لە شەوی رابردووەوە لەسەرهێڵین، بەڵام تاوەکو
ئێستا نەمانتوانیوە هیچ لەبارەی چارەنووسیانەوە بزانین. هەموویان خەڵکی ناوچەکەن و
حەوتیان ناسنامەیان دراوە بە ئێمە".
بەڕێوەبەری بەرگریی
شارستانیی سۆران وتیشی: "نازانین لە بەفردا گیریان خواردووە یان چییان بەسەرهاتووە.
ئەوەی هەیە دەتوانین بڵێین چارەنووسیان نادیارە".
موقەدەم کاروان
میراودەلی دەڵێ: "پێشتر هۆشداری دراوە کەس نەچێتە ناوچە سەختە بەفراوییەکان،
بەڵام لە دوێنێوە تیمێکی حەوت کەسیی شاخەوانی لە چیایەکی سیدەکان گیریانخواردووە و
داوای بەهاناوەچوون دەکەن".
وتەبێژی بەرگریی
شارستانیی سۆران گوتی: "حەوت شاخەوانەکە سێ ئۆتۆمبێلیان پێیە. ئەمڕۆ تیممان هەوڵی
رزگارکردنیان دەدەن و خۆشم دەچم بەهانایانەوە، بەڵام ئێمە تەنیا دەتوانین خۆیان
رزگار بکەین نەوەک ئۆتۆمبێلەکانیان، چونکە بەفربارین هەیە و رێگەکە سەختە".
موقەدەم کاروان
داوا لە هاونیشتمانییان دەکات، ژیانی خۆیان نەخەنە مەترسییە بۆ نێو بەفر و گوتی:
"شەوی رابردوو تەنیا لە دۆڵی ئالانە 83 ئۆتۆمبێلمان لەنێو بەفر بردووەتە دەرەوە.
هاونیشتمانییان ژیانی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە و ئەرکی کارمەندانی ئێمەش قورستر دەکەن
کە شەوی رابردوو خۆشم تاوەکو بەیانیی خەریکی رزگارکردنی خەڵک بووم".
دوو رۆژە شەپۆلێکی
بەفر و باران هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و پێشبینی دەکرێ تاوەکو کۆتایی ئەم هەفتەیە
بەردەوام بێت. کاروان میراودەلی گوتی: "ئەگەر ئەمڕۆ حەوت شاخەوانەکە رزگار نەکرێن،
بەهۆی زۆریی بەفرەوە رزگارکردنیان سبەی قورستر دەبێت".