12 عیراق

هەرکەسێک ئەم مەرجانەی تیابێت با فۆڕمی بوون بەسەرۆککۆمار وەربگرێت

02:34 - 31/12/2025

زەمەن_هەواڵ

 

 ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند: دەرگای خۆ پاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق کراوەتەوە و داوا لەو کەسانە دەکات مەرجەکانیان تێدایە، لە سێ رۆژدا داواکاری پێشکەش بکەن.

 ئەمڕۆ چوارشەممە، ٣١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥، سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "پاڵپشت بە یاسای ژمارە ٨ی ساڵی ٢٠١٢، یاسای رێکارەکانی خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆککۆمار و کردنەوەی دەرگای خۆکاندید کردن بۆ ئەو پۆستە رادەگەیێنین."

هەر بەپێی راگەیێندراوەکە، ئەو کەسانەی خوازیارن خۆیان کاندید بکەن، دەتوانن داواکاریی نووسراو لەگەڵ سیڤی و بەڵگەنامە فەرمییەکانیان پێشکەشی فەرمانگەی کاروباری یاسایی لە کۆشکی کۆنفرانسەکان لە بەغداد بکەن.

هاوکات، پێشکەشکردنی داواکارییەکان لە ئەمڕۆ چوارشەممە، ٣١ی١٢ی٢٠٢٥، رۆژانی یەکشەممە و دووشەممە، ٤ و ٥ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦، لە کاژێر ٩ـی بەیانی تاوەکو ٣ـی دوای نیوەڕۆ دەبێت.

مەرجەکانی خۆبەربژێرکردن بۆ پۆستی سەرۆککۆمار:

-پێویستە هاووڵاتی عێراقی بێت و لە دایک و باوکێکی عێراقی بێت.
-تەمەنی لە ٤٠ ساڵ کەمتر نەبێت.
-خاوەن ناوبانگی باش، شارەزایی سیاسی، دەستپاک و دڵسۆز بێت بۆ نیشتمان.
-بەلایەنی کەمەوە بڕوانامەی زانکۆی هەبێت کە لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراقەوە دانپێدانراو بێت.
-پێشینەی تاوانی نەبێت، بەتایبەت لەو تاوانانەی پەیوەستن بە شەرەفەوە.
-نابێت بە یاسای لێپرسینەوە و دادپەروەری یان هەر رێکارێکی هاوشێوە گیرابێت.
هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، دانیشتنی داهاتووی پەرلەمانی دیاریکردووە کە لە پێنجی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦ دەبێت.
لەدوای هەڵبژاردنی، سەرۆککۆمار بەربژێری گەورەترین فراکسیۆن رادەسپێرێ بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ، کە لە هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەبێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن