دادگای فیدراڵی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ١١ی١١ پەسەندکرد
02:04 - 14/12/2025
زەمەن_هەواڵ
دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکانی پ١١ی١١ی ٢٠٢٥ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی پەسند کرد.
ئەمڕۆ یەکشەممە، ١٤ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بە سەرۆکایەتیی دادوەر مونزیر ئیبراهیم حوسێن و بە ئامادەبوونی تەواوی ئەندامەکانی، دانیشتنێکی داخراوی کرد بۆ وردبینیکردن لە ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی گشتیی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی بۆ ساڵی 2025، کە بە نووسراوی ژمارە (خ/25 ر.م/79) لە 8ی کانوونی یەکەمی 2025 لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانەوە نێردرابوو.
بەپیی ڕاگەیەندراوی دادگاکە،، "دوای وردبینی و گفتوگۆ، بۆ دادگا دەرکەوت "پڕۆسەی دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی پەرلەمانی عێراق (خولی شەشەم)، بەپێی مەرجە دەستووری و یاساییەکان بەڕێوەچووە و هیچ تێبینییەک لەسەر دروستییەکەی نییە."
وەکو لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "بە پشتبەستن بە حوکمەکانی بڕگەی حەوتەم لە مادەی 93ی دەستووری کۆماری عێراق بۆ ساڵی 2005، دادگای باڵای فیدراڵی بڕیاری دا بە پەسندکردنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی گشتی بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق، بۆ ئەو بەربژێرە دەرچووانەی ناوەکانیان لە لیستی هاوپێچی نووسراوی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکاندا هاتووە."
دادگاکە بڕیاریشی دا، هەرسێ دەسەڵاتەکە لە بڕیاری پەسندکردنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن ئاگادار بکاتەوە.
دادگای باڵای فیدراڵی جەختی کردووەتەوە، "بڕیارەکە بە ژمارە (235/فیدراڵی/2025) لە 14ی کانوونی یەکەمی 2025 بە کۆی دەنگ دەرچووە و یەکلاکەرەوە و پابەندکەرە بۆ هەموو دەسەڵاتەکان، ئەوەش بە پشتبەستن بە حوکمەکانی بڕگەی حەوتەم لە مادەی 93 و مادەی 94ی دەستووری عێراقی ساڵی 2005، لەگەڵ بڕگەی حەوتەم لە مادەی 4 و بڕگەی دووەم لە مادەی 5ی یاسای دادگای باڵای فیدراڵی ژمارە 30ی ساڵی 2005ی هەموارکراو."