سودانى پوتن لەسەر دۆخی عێراق لە مۆسکۆ کۆدەبنەوە
10:00 - 16/09/2025
زەمەن پرێس
سکرتێری ئەنجومەنی ئاسایشی روسیا لە عێراق رایگەیاند، لە بەغدادەوە
ئامادەكاری بۆ دیداری پوتین و سودانی دەكەن لەسەر ئاسایش و تەکنەلۆژیا و چەند
تەوەرێکی دیکە لە مۆسکۆ.
سێرگی شویگۆ، سكرتێری ئەنجومەنی ئاسایشی روسیا لە بەغدا لەگەڵ هەریەكە
لە محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران، قاسم ئەعرەجی راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی
نیشمانی، مەحمود مەشهەدانی سەرۆكی پەرلەمان و لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عێراق
كۆبووەوە.
ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد
"سەردانی شویگۆ بۆ بەغدا بەمەبەستی ئامادەكارییە بۆ دیداری چاوەڕوانكراوی
نێوان محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق و ڤلادیمیر پوتینی سەرۆكی روسیا لە
پەراوێزی لوتكەی عەرەبی- روسی كە لە مۆسكۆ بەڕێوەدەچێت".
بەڵام لەپاڵ ئەم بابەتەدا، سكرتێری ئەنجومەنی ئاسایشی روسیا لەبارەی
چەند پرسێكەوە لەگەڵ بەرپرسانی عێراق گفتوگۆی كردووە، لەوانە (ئاڵوگۆڕی شارەزایی و
زانیاریی، گواستنەوەی تەكنەلۆژیا، راهێنان لەبواری ئاسایشی سنور و ئاسایشی سایبێر،
رووبەڕووبوونەوەی تیرۆرو ماددە هۆشبەرەكان).