ئەنجومەنی دەوڵەت ، یان. ئەنجومەنی شورا چیە؟
9/15/2025 12:06:00 PM
هاوڕێ تۆفیق
لەساڵی ١٩٣٣ لەسەردەمی پاشایەتیەوە ئەم ئەنجومەنە دروستبوە، هەتاوەکو پێش ساڵی ٢٠١٧ پێی ئەوترا ئەنجومەنی شورا، پاشان سێ جار یاساکە و دەزگاکە هەموارکراوە، لەساڵی ١٩٧٩ هەمواری یەکەم و لەساڵی ٢٠١٣ دووەم و کۆتاجار ٢٠١٧ ناوەکەی لە ئەنجومەنی شوراوە گۆردرا بە ئەنجومەنی دەوڵەت. ئەم دەزگایە تێکەڵەیەکە لە کاری دادوەریی و راوێژی یاسایی و لە خەڵکانی دادور و ئەکادیمی پسپۆر پێکهاتوە، ئەم دامەزراوەیە یەکێکە لە داودەزگا دێرینەکانی دەوڵەت و ئێستا تەمەنی ٩٢ ساڵە و تەمەنی لە تەمەنی دەوڵەتی تازەی عێراقەوە نزیکە. ئەم دەزگایە وەختی خۆی سەر بە وەزارەتی داد بوە، لە دوو بەشی سەرەکی پێکدێت لە( دادگاکانی کاروباری فەرمانبەران، دادگای کارگێری، دادگای باڵای کارگێڕی) بەشی دووەم کۆمەڵێک راوێژکاری یاسایین. بەشی یەکەمیان کاری دادبینیە بۆ کێشە کارگێرییەکانی فەرمانبەران و داودەزگاکانی دەوڵەت و دەرکردنی بریاری دادوەری پێویست، کارێکی تری رادەربرینە لەسەر دەقەکانی قانون و رێنمایی و بریارەکان، واتە تەفسیرکردن، جگە لە وردبینی پرۆژەکانی قانون پێش ئەوەی بۆ پەرلەمانی بنێرن. ئاشکرایە بە گوێرەی دەستور دادگای فیدراڵی پسپۆری تەفسیری هەیە، بەڵام جیاوازی پسپۆری نێوانیان خاڵێکە، دادگای فیدراڵی تەفسیری دەقی مادەکانی دەستور دەکات و تەفسیرکردنی دەقی قانون و بریار و رێنمانییەکان لەشێوەی رادەربریندا بۆ ئەم ئەنجومەنە دیاریکراوە، بەڵام راکانی بە پێچەوانەی دادگای فیدراڵیەوە کە پابەندی تیایە، رای ئەنجومەنی دەوڵەت بۆ لایەنی داواکار سەرپشک و ئازادە، کە کاری پێبکات ، یان فەرامۆشی بکات. ئەم ئەنجومەنە لەساڵی ٢٠١٧ وە لە وەزارەتی داد جیاکراوەتەوەو لەژێر سەرپەرشتی ئەنجومەنی دادوەریدایە. بەگوێرەی قانون سەرۆکێکی هەیە بە پلەی وەزیر، لەگەڵ دوو جێگر و لەگەڵ ٥٠ راوێژکار. لە ئێستادا بۆ پرسی داهاتی نانەوتی داوای رای لێکراوە.حکومەتی فیدراڵی باوەری وایە دیاریکردنی برگەکانی داهاتی نانەوتی کێشەیەکی کارگێرییەو لە پسپۆری ئەنجومەنی دەوڵەتەو رەهەندی دەستوری نیە ،هەتاوەکو ئاراستەی دادگای فیدراڵی بکات، بەڵام لە راستیدا ئەنجومەنی دەوڵەت بۆ کێشە کارگێرییەکانی وەزارەت و دەستەکانە، بەهیچ شێوەیەک لە یاساکەیدا باسی کێشەکانی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی نەکراوە، کەواتە ئەم کارە لە پسپۆری دادگای فیدراڵیە ،نەک ئەنجومەنی دەوڵەت. بەڵام رەنگە بەهۆی گۆرانکاری لە دادگای فیدراڵیدا، حکومەتی فیدراڵ، گومانی هەبێت کە لە دادگای فیدراڵی بریار لە بەرژەوەندی دەربچێت ،بۆیە پەنای بۆ ئەنجومەنی دەوڵەت بردوە.