48 عیراق

سودانی له‌ عومان دوو رێكه‌وتن و ٢٤ یاداشتنامه‌ی واژۆكرد

08:59 - 03/09/2025

زەمەن پرێس:
سەرۆكوەزیرانی عێراق لەمیانی سەردانەكەی بۆ عومان، سەرپەرشتی واژۆكردنی دوو رێككەوتننامە و ٢٤ یاداشتی لێكتێگەیشتنی هاوبەشی لەگەڵ ئەو وڵاتە كرد، كە چەندین بواری جیاجیا لەخۆدەگرێت.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عیراق لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لە سوڵتاننشینی عومان، بە سەرپەرشتی هەریەك لە محەمەد شیاع سودانی و شەهاب بن تارق ئال سەعید، جێگری سەرۆك وەزیرانی عومان، دوو رێككەوتننامە و ٢٤ یاداشتی لێكتێگەیشتن لەنێوان هەردوو وڵات واژۆكرا.
رێككەوتنی یەكەم تایبەت بوو بە هەڵگرتنی فیزا لەنێوان عێراق و عومان، رێككەوتنی دووەمیش تایبەتە بە رێگریكردن لە خۆدزینەوە لە پێدانی باج، یاداشتەكانی لێكتێگەیشتنیش تایبەتن بە بوارەكانی یاسایی، پیشەسازی، بازرگانی، گەشتیاری، پەروەردە و خوێندنی باڵا، وەرزش، نیشتەجێكردن، پەیوەندیكردن، چاودێریی بانكی و سەقامگیری دارایی، وزە و هەناردەكردن و چەند بوارێكی تر.
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عیراق بە سەرۆكایەتی شاندێكی باڵا، بە سەردانێكی فەرمی گەیشتە عومان و لە شاری سەڵاڵە لەلایەن هەیسەم بن تارق ئال سەعید، سوڵتانی ئەو وڵاتەوە پێشوازی لێكرا.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن