سەرۆک کۆماری عێراق لەگەڵ شاندێکی دامەزراوەی ڤیژن کۆدەبێتەوە
07:36 - 03/09/2025
زەمەن پرێس:
د. لەتیف ڕەشید سەرۆک
کۆماری عێراق، لە کۆشکی بەغدا پێشوازی لە عەدنان عوسمان سەرۆکی دامەزراوەی ڤیژن بۆ
لێکۆڵینەوەی ستراتیجی و شاندی یاوەری کرد.
لە راگەیەندراوێکدا
سەرۆکایەتى کۆمار بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ د. لەتیف ڕەشید سەرۆک کۆماری عێراق، لە کۆشکی
بەغدا پێشوازی لە عەدنان عوسمان سەرۆکی دامەزراوەی ڤیژن بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیجی و
شاندی یاوەری کرد.
سەرۆک کۆماری عێراق
لەمیانی دیدارەکەدا جەختی لە پێویستی چالاککردنی پەیوەندییەکان و فراوانکردنی
هاوکارییەکانی نێوان ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و دەزگا پەیوەندیدارەکانی
حکومەت کردەوە و تیشکی خستەسەر گرنگی جێبەجێکردنی کاریگەرانەی ئەنجامی
توێژینەوەکان، کە لەلایەن ڕێکخراوە ناحکومییەکانەوە، لە هەموو بوارەکاندا ئەنجام
دراون.
سەرۆک کۆمار باسی لە گرنگی دامەزراندنی
ناوەندی ڕۆشنبیری عەرەبی – کوردی کردەوە، بە ئامانجی بەرزکردنەوەی هاوکاری نێوان
کولتوورە عەرەبی و کوردییەکان و دروستکردنی پردی هاوکاری نێوان ڕۆشنبیران و
نووسەران، کە ئەمەش کاریگەری ئەرێنی لەسەر بزووتنەوەی ڕۆشنبیری لە وڵاتدا دروست
دەکات.
لای خۆیەوە عەدنان عوسمان سەرۆکی
دامەزراوەی ڤیژن وێڕای سوپاس و پێزانینی بۆ پاڵپشتی سەرۆکی کۆمار، ئاماژەی بە
کاروچالاکیەکانی دامەزراوەی ڤیژن کرد، کە خۆیدەبینیتەوە لە ئەنجامدانی توێژینەوە و
پێشکەشکردنی پەڕاوی سیاسەتەکان (پۆڵەسی پەیپەر) بۆ ناوەندەکانی بڕیار لە عێراق و
هەرێمی کوردستاندا.