د. هێرش سەلیم: بە سێ سەگ پەلاماریان دام
01:54 - 16/09/2025
زەمەن- هەواڵ
جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی دەڵێت، بە سێ سەگی بێلانەوە هێرشی کراوەتە سەر و برینیان کردووەتە قاچەکانییەوە.
د. هێرش لە لاپەڕەی خۆی لە فەیسبوک بڵاویکردووەتەوە: سێ سەگی بێلانە بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە هێرشیان کردە سەرم و برینیان خستە قاچمەوە، ئەمە بۆ من دەرسێكە تا وریای دەوروبەر بم.
ئەوەشی نووسیوە: بابەتە گرنگەكە ئەوەیە تاكەی لایەنی پەیوەندیدار كۆنترۆڵی ئەو هەموو سەگە بێلانانە ناکات، لەكاتێكا من لە شوێنێكی ناوجەرگەی شار و لەناو پرۆژەیەكی نیشتەجێبوونی پەنا پارێزگا و بەبەرچاوی ئەو هەموو پاسەوان و ئێشكگرەوە سەگ پەلامارم بداو كەسیش بەهانامەوە نەیەت جگەلە بەرگری خۆم نەبێت، ئەی سبەینێ دەرگای خوێندن كرایەوە كێ ببێت بە پاسەوانی منداڵان، دەكرێت هەمووی گوێی خۆیلێ كەڕ بكات؟.
دەشڵێت: ئەم شارە پڕبووە لە سەگ بە هەموو جۆرەكانیەوە كەسێك نیە لا لەو خەڵكە بكاتەو؟ جەنابی پارێزگار لە پەنا بارەگاكەی تۆ كە شوێنی نیشتەجێبوون و گەرمەی قەرەباڵغی و سەنتەری شارە سەدان سەگی بەرەڵڵا دەسوڕێنەوەو پەلاماری ژن و منداڵیان داوە پێش من، تكایە كەس با موزایەدەی بەزەیی و ئاژەڵدۆستیمان بەسەردا نەكات.