ئەردۆغان ئەمڕۆ چی وت؟ دانی بەهەڵەكانی توركیاش نا
01:00 - 12/07/2025
زەمەن -هەواڵەكان
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان،
سەرۆک کۆماری تورکیا و سەرۆكی (پارتی ئاكەپە) لەبارەی قۆناغی یەکەمی چەکدانانی پەکەکە
دەڵێت: لاپەڕەیەکی نوێ لە مێژووی تورکیا هەڵدرایەوە، هاوکات سوپاسی حکوومەتی هەرێمی
کوردستانی کرد کە پشتیوانیی سەرخستنی پرۆسەی ئاشتیی کردووە.
دوێنێ هەینی لە
رێوڕەسمێکدا لە ئەشکەوتی جاسەنە لە ناوچەی سوورداشی سەر بە پارێزگای سلێمانی،
گرووپێکی 30 کەسیی گەریلاکانی پەکەکە چەکەکانیان دانا، کە بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی جێبەجێکاری
کەجەکە، یەکێک بوو لەوان.
ئەمڕۆ شەممە 12ـی
تەمووزی 2025، ئەردۆغان، لەبارەی قۆناغی یەکەمی چەکدانانی 30 ئەندامی پارتی کرێکارانی کوردستان(پەکەکە) لە
ئەشکەوتی جاسەنەی ناوچەی سورداش وتی: 10 هەزار سەربازمان لەشەڕی دژ بە پەکەکە
کوژرا، بەهۆی هەڵەی دەوڵەتیش، چەندین گوندمان لەناوچوو، سەرباری ئەوەی دوو ترلیۆن
دۆلار زیان بەر تورکیا کەوت بەهۆی شەڕی پەکەکەوە.
سەرۆک کۆماری
تورکیا ئاماژەی بەوە کرد، 47 ساڵە شەڕ دووچاری وڵاتەکەیان بووەتەوە، ئیدی بۆ وڵاتەکەیان
سەردەمێکی نوێیە، لاپەڕەیەکی نوێ لە مێژووی تورکیادا کراوەتەوە، بۆ سەدەیەکی نوێی
تورکیا دەرگەیەکی نوێ کرایەوە، دەشڵێت: دەوڵەت بەهۆی هەندێک هەڵە، نەیتووانی پەکەکە
لەناو ببات، هیچ جۆرە مامەڵەیەکیش لەو پرۆسەیەدا نییە، وتی: بۆ ئەوەی چیدیکە دایکەکان
فرمێسکیان نەڕژێت، بۆ ئەوەی چیدی خوێن نەڕژێت، ئێمە لە نزیکەوە کار دەکەین، دەڵێت:
لەسەر بنەمای بانگەوازی ئیمراڵی، پەکەکە خۆی هەڵوەشاندەوە.
ئەردۆغان وتی: هەموو
هاووڵاتییەکی تورکیا لە کورد و تورک و عەرەب، لە پرۆسەی ئاشتی سەرکەوتوو بووە، ئەمڕۆ
تورکیا لە دوێنێ بەهێزترە و بە ئومێدترە و دیواری تیرۆر دەڕوخێندرێت و چووینە نێو
قۆناغی کۆتاییهێنان بە تیرۆر، دەشڵێت: کۆتاییهێنان بە تیرۆر بە دڵی هەندێک کەس نییە،
بە کۆتایی هاتنی تیرۆر، هەندێک کەس بێکار دەبن.
ئەردۆغان وتی: کۆمیسیۆنێک
لە پەرلەمان بۆ پرۆسەی ئاشتی و چاکسازییە یاساییەکان دروست دەکەین، لەگەڵ دەم پارتی
و مەهەپە هەنگاو بۆ داهاتوو دەنێین، لەگەڵ دەم پارتی، پێشتر لەگەڵ خوالێخۆشبوو سرەی
سورەیا و ئێستا لەگەڵ پەروین بوڵدان و میدحەت سانجار کۆبووینەوە و لەبارەی هەنگاوەکانی
داهاتووی پرۆسەی ئاشتی گفتوگۆمان کرد، بۆیە پێمان وایە کاری باشتر دەکرێت لە پرۆسەکە
و پەرلەمانیش پشتیوانیی لێدەکات، دەڵێت: پێویستە کێشەی کوردانی عێراق و سووریاش
چارەسەر بکرێت، لە عێراق دوای پرۆسەکەی چەکدانان، دەنگی جیاواز دەرکەوتن، پێویستە
کوردانی سووریاش لە ئاشتیدا بژین، لێدوانەکانی نێردەی ئەمەریکا بۆ سووریا جێی دڵخۆشیمان
بوو، دەبێت تیرۆر لە سووریاش کۆتایی بێت.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان
وتی: لە ئەمڕۆ بەدواوە، کێشەکان بەگفتوگۆ چارە دەکەین و پەرە بە برایەتی دەدەین،
سوپاسی هەموو ئەوانە دەکەم پاڵپشتی پرۆسەی ئاشتییان کرد، سوپاسی حکوومەتی هەرێمی
کوردستان دەکەم کە پشتیوانیی سەرخستنی پرۆسەکەی کرد.
ئەردۆغان وتیشی:
پەکەکە لە رێوڕەسمێکدا خۆی هەڵوەشاندەوە و دوێنێ چەکی دانا، لە دوێنێوە بەڵای تیرۆر
بۆ ماوەی 47 ساڵ چووەتە قۆناغی کۆتایی و بۆ تورکیا ئەوە ماوەیەکی دوورودرێژی و پڕ
ئازار بوو، داخرا".
ئاماژەیشی بۆ
ئەوەكرد ئەمڕۆ رۆژێکی نوێیە، لاپەڕەیەکی مێژووی نوێ هەڵدرایەوە و سەدەی تورکیا و دەروازەکانی
هەتا هەتایە کرانەوە". بە پێویستى زانى هەموو تاکێکی تورکیا ئەم هەنگاوەی چەکدانانی
پەکەکەی پێخۆشبێت و جەژن بگێڕیت.
ئەردۆغان، لە
وتارەکەیدا وتیشی "هەوڵماندا هەموو کێشەکان چارەسەر بکەین لەگەڵ برا کوردەکانمان"،
لە درێژەی قسەکانیشیدا، باسی لەوەشکرد، لەساڵی 1984ـەوە تاوەکو ئێستا بەهۆی شەڕی تیرۆرەوە
زیاتر لە 10 هەزار ئەندامی هێزە ئەمنییەکان کوژراون و 50 هەزار هاوڵاتى سڤیلیش گیانیان
لە دەستداوە.
وتیشی؛ زیاتر لە
دوو ترلیۆن دۆلاریان بۆ رووبەرووبوونەوەی "تیرۆر" خەرجکردووە
ئەردۆغان، دانیبەوەدانا
رووداوەکانی زیندانی دیاربەکر بەشێکبوون لە هەڵەکان، کە لە ساڵانى هەشتاکانى سەدەى
رابردوو روویاندا.
ئەردۆغان، جەختیکردەوە،
پشتگیریی هەر هەوڵێک بۆ کۆتاییهێنان بە خوێنرشتن دەکەن و لەگەڵ باخچەلی هەموو هەوڵ
و ژیانمان بۆ خێری تورکیا دابینکردووە.
ئەردۆغان، وتیشى
"پێویستە هەموو تاکێکی تورکیا و خێزانەکان بە بۆنەی کۆتاییهێنان بە تیرۆر جەژن
بگێڕن".
ئەردۆغان، بەشێکى
وتارەکەى بۆ برایەتى کورد و تورک تەرخانکرد و وتى "لە مێژووی ئیسلامدا خوێن و
ژیانی تورک و کورد و عەرەب تێکەڵبوون". وتیشى "ئەگەرپێکەوەبین ئەوکات
کورد هەیە، تورک هەیە، عەرەب هەیە، لە ئەزەلەوە تا هەتاهەتایە لەگەڵ کورد براین".
جەختیشکردەوە "لە مێژوودا کورد و تورک و عەرەب نانێکیان هەبووبێت پێکەوە دابەشیان
کردووە".
ئەردۆغان، جەختیکردەوە،
سلێمانی و هەولێر شاری هاوبەشی کورد و تورکن
ئەردۆغان لەبارەی
دەستپێکردنی شەڕی نێوان سوپای وڵاتەکەی و گەریلاکانی پەکەکە و زیانەکانی ئەو شەڕە
قسەی کرد و رایگەیاند، لە 14ی ئابی ساڵی 1984دا پەکەکە یەکەمین کردەی چەکداریی خۆی
لە سنووری پارێزگاکانی سێرت و جۆلەمێرگی باکووری کوردستان ئەنجام دا، بەو هۆیەوە
دوو سەرباز کوژران و 9 هاووڵاتی سڤیلیش بریندار بوون.
سەرۆککۆماری
تورکیا گوتی، لەو رۆژەوە و لە ئەنجامی شەڕی نێوان گەریلاکان و سوپای تورکیا نزیکەی
10 هەزار کارمەندی هێزە ئەمنییەکانی تورکیا و 50 هەزار هاووڵاتی سڤیل کوژراون.
ئەردۆغان ئاماژەی
بەوەش کرد، لەو کاتەوەی ئاکپارتی لە ساڵی 2022ەوە دەسەڵاتی لە تورکیادا گرتووەتە دەست،
کاری زۆری کردووە، بە جۆرێک لە لایەکەوە رووبەڕووی پەکەکە بووەتەوە و لە لایەکی دیکەوەش
کاری کردووە بۆ نەهێشتنی ئەو دۆخەی کە وایکرد بیانوو بدرێتە پەکەکە.
سەرۆککۆماری
تورکیا رایگەیاند، "رێوشوێنمان گرتەبەر بۆئەوەی نەهێڵین برا کوردەکانمان بکەونە
نێو تەڵە"ی پەکەکە. گوتیشی، رێوشوێنیان گرتەبەر "بۆ بەجێگەیاندنی مافی
برایەتی و پێکەوەژیان."
ئەردۆغان جەختی
لەوە کردەوە، سەرکەوتنی پرۆسەی چارەسەری لە بەرژەوەندیی هەموو خەڵکی باکووری
کوردستان و تورکیادایە و رایگەیاند، "86 ملیۆن هاووڵاتی سەرکەوتن. ئێمە دەزانین
چی دەکەین. پێویست ناکات کەس نیگەران بێ و بترسێ. هەموو ئەمە بۆ تورکیا و
داهاتوومان دەکەین."
1ی تشرینی یەکەمی
پار هەنگاوێک بۆ پرۆسەی چارەسەری لەلایەن دەسەڵاتی تورکیاوە نرا. ئەم پرۆسەیە لەلایەن
حکومەتی تورکیا بە "تورکیایەکی بێ تیرۆر" لەلایەن دەم پارتیشەوە بە
"پرۆسەی ئاشتی و چارەسەرکردنی پرسی کورد" ناو دەبرێت.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان،
رێبەری 26 ساڵ زیندانیکراوی پەکەکە، بە مەبەستی سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری ئەم جارەی
تورکیا، 27ـی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد، کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە
و چەک دابنێت.
پەکەکە لە 5-7ـی
ئایاری ئەم ساڵ، 12ـەمین کۆنگرەی خۆی بەست و بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری
و خۆهەڵوەشاندنەوەی دا