227 عیراق

سودانى و ئەردۆغان رێککەوتن

07:54 - 08/05/2025

زەمەن - عێراقى

 

نوسینگەى سەرۆکوەزیرانى عێراق رایگەیاند، لە کۆبوونەوەى نێوان محەمەد شیاع سودانى سەرۆکوەزیرانى عێراق و رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆمارى تورکیا، سودانى دووپاتیکردووەتەوە، پارتى کرێکارانى کوردستان (پەکەکە) گرووپێکى قەدەغەکراون و بەگوێرەى یاساى عێراقى رێگە بە هیچ جموجوڵێکیان نادرێت لەناو خاکى عێراق و رێگەش نادەن ببنە هەڕەشە بۆسەر تورکیا.

 

نوسینگەى سودانى راشیگەیاندووە، سەردانەکەى سودانى بۆ تورکیا، درێژەپێدەر و تەواوکەرى سەردانەکەى ساڵى رابردووى رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆمارى تورکیابووە بۆ عێراق، ئەو بابەتانەى ئەوکات گفتوگۆیان لەسەر کرا، ئەمڕۆ هەردوولا واژۆیان لەسەر کرد و پەسەندکران.

 

هەروەها سودانى گوتوویەتى، پێشوازى لەو پرۆسەیە دەکات کە ئەردۆغان لەگەڵ پەکەکە دەستیپێکردووە بۆ چەکدانانى پەکەکە و راگەیاندنى پرۆسەى ئاشتى لە تورکیا.

 

نوسینگەى سودانى دەڵێت، یەکێک لەو مەلەفانەى سودانى و ئەردۆغان رێککەوتنیان لەسەر کردووە، مەلەفى ئەمنییە، هەردوولا رێککەوتن کە هەماهەنگى لەنێوان دەزگا ئەمنیى و هەواڵگرییەکانیان هەبێت لە چوارچێوەى یاسا نێودەوڵەتییەکان و هەردوولا رێز لە سەروەرى خاکى یەکترى بگرن.

 

یەکێکى دیکە لەو مەلەفانەى سودانى و ئەردۆغان رێککەوتنیان لەسەرى کردووە، مەلەفى ئاوە، هەردوولا رێککەوتوون لیژنە هاوبەشەکانیان لە کۆبوونەوەکانیان بەردەوامبن بۆجێبەجێکردنى ئەو پرۆژانەى پەیوەستن بە بەردانەوەى ئاوى تورکیاوە بۆ عێراق.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن