21 کوردستان

وەزارەتی ناوخۆ بە ئەلیکترۆنی کردنی دیجیتاڵی ساڵانەی ئۆتۆمبێلی ڕاگەیاند

12:54 - 27/09/2026

زەمەن - هەواڵ
بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی لە هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پرۆسەی نوێی ساڵیانەی ئۆتۆمبێل لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر، بەشێکە لە هەنگاوەکانی بەستنداردکردن و ئەلیکترۆنیکردنی خزمەتگوزارییەکانی هاتوچۆ لە هەرێمی کوردستان.

ئەمڕۆ یەکشەممە، هێمن میران، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی لە هەرێمی کوردستان روونیکردەوە، پێشتر پرۆسەی ئەلیکترۆنیکردنی مۆڵەتی شۆفێری لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووە و دواتر لە پارێزگای دهۆک سیستەمی ساڵیانە خراوەتە کار. میران روونیکردەوە، بەهۆی زۆریی قەرەباڵغیی و ژمارەی مامەڵەکان لە هەولێر، پرۆسەکە پێویستی بە ئامادەکاریی زیاتر بووە.

بە وتەی بەڕێوەبەری دیوانی گشتیی وەزارەتی ناوخۆ، ئێستا ئامادەکارییەکان لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەروەها ئیدارە سەربەخۆکانی زاخۆ، سۆران و راپەڕین لە قۆناغی جێبەجێکردندان. ئەو پرۆسەیە پێویستی بە ژێرخانی پێویست لە رووی باڵەخانە و کەلوپەلی تایبەت و سیستەمی ئەلیکترۆنی هەیە.

ئەمڕۆ پرۆسەکە لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر تەنیا لە بەشی بارهەڵگر دەستیپێکردووە. ساڵیانەی نوێ هاوشێوەی مۆڵەتی شۆفێری دەبێتە کارتێکی بچووک و بەگوێرەی ستانداردە جیهانییەکان لە رووی ئەمنی و کوالێتییەوە دیزاین کراوە.

هێمن میران ئامانجەکانی پرۆسەکەی خستەڕوو و وتی: “یەکێک لە ئامانجەکان بریتییە لە کاراکردنی پۆرتالی دیجیتاڵ، کە هاووڵاتییان دەتوانن لە رێگەیەوە بەشێک لە مامەڵەکانی دەرهێنان و تۆمارکردن و گۆڕینی خاوەنداریەتی لە ماڵەوە بکەن”.

هەروەک جەختی لە پتەوکردنی پرسی خاوەنداریەتی کردەوە و رایگەیاند، لەمەودوا خاوەنداریەتی ئۆتۆمبێل بەهێزتر دەبێت و رێگری لە هەر جۆرە ساختەکارییەک دەکرێت لە گواستنەوەی خاوەنداریەتی ئۆتۆمبێلدا.

سەبارەت بە کاتی گواستنەوەی خاوەنداریەتی، میران روونیکردەوە، بەپێی رێنمایی ساڵی رابردوو، ماوەکە لە 60 رۆژەوە بۆ 90 رۆژ درێژکراوەتەوە. هێمن میران داوای لە هاووڵاتییان کرد هەر کەسێک ئۆتۆمبێل لە کەسێکی دیکە دەکڕێت، پابەند بێت بە گواستنەوەی خاوەنداریەتییەکە لە ماوەی دیاریکراوی 90 رۆژدا، بۆ ئەوەی کێشەی یاسایی بۆ دروست نەبێت، بەتایبەت کە پێشتر حاڵەتێک هەبوو 1280 ئۆتۆمبیل بەناوی یەک هاووڵاتیی بووە، هاووڵاتییەکەش کۆچی دوایی کردبوو 80 ئۆتۆمبیل بووە میرات، کێشەی میرات بۆ سەدان ئۆتۆمبێل دروست بووە.

لە بارەی ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتاوە ڕایگەیاند، ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتای بڕاوە هیچ مەرجێکی سەلامەتی تیادا نییە، نە بۆ خاوەنی ئۆتۆمبێلەکە و ئەندامانی خێزانەکەی، نە بۆ ئۆتۆمبێلەکانی تری سەر شەقامەکانیش کە کێشەیان نیە.

باسی لەوەشکرد، هیچ کەسێک ناتوانێت ڕێگە بەخۆی بدات ئۆتۆمبێلی بڕاوە تۆمار بکات، چونکە مەرجی سەلامەتی تیادا نییە، بە هیچ جۆرێکیش نابێت لەسەر شەقام بن.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن