143 کوردستان

سبەی هەڵبژاردنە... ئایا دەزانیت لە ئەمریكا خەڵك ناتوانێـ راستەوخۆ سەرۆك هەڵبژێرێت؟

09:35 - 04/11/2024

فازڵ کوردی - ئەمریكا

 هەندێک زانیاری سەرەتایی لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە ئەمریکا

 سبەی سێشەممەی ٥ی مانگی ١١ی ساڵی ٢٠٢٤ ژمارە ٦٠هەمین هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکایە، لە ئێستادا نزیکەی ٣٥٠ میلیۆن کەس لە ئەمریکا دەژی، بە نزیکەیی ٢٣٥ میلیۆنیان دەتوانێت دەنگبدات ئەمساڵ، لەم ڕێژە نزیکەی ٤١ ملیۆنیان تەمەنیان لە نێوان ١٨ بۆ ٢٧ ساڵیدایە، وەک نەریتێک بەشێکی زۆری ئەم تەمەنە گەنجە لە ئەمریکا بەشداری دەنگدان ناکەن.
شێوازی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک لە ئەمریکا کەمێک جیاوازترە لە وڵاتانی دیکە، ئەوەی پێی دەوترێت دەنگدانی گشتی ڕاستەوخۆ خەلکی ناتوانێت تێیدا دەنگ بە سەرۆک بدات، بەڵکو دەنگدەران دەنگ بە نوێنەری پارتە سیاسیەکان دەدەن لە ویلایەتەکانی خۆیان و ئەم نوێنەرانەش بە زمانی کوردی پێیان دەڵێن دەستەی هەڵبژێردراوان (الهيئة الانتخابية)، ژمارەی ئەم دەستەیە یەکسانە بەژمارەی ئەندامانی کۆنگرس پێکەوە (ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پیران).

لەئێستادا ٤٣٥ ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران و ١٠٠ ئەندامی ئەنجومەنی پیران هەیە، واتە تێکڕا ٥٣٥ ئەندامی کۆنگرس هەیە و ئەم دەستەیەش هەمان ژمارە ئەندامیان هەیە و بە پێی ژمارەی دانیشتوانی هەر ویلایەتێک ژمارەی ئەم دەستەیە دیاری دەکرێت، بۆ نمونە لە ویلایەتێکی وەک ڤرجینیا كە بە نزیکەیی ٩ ملیۆن دانیشتوانیەتی ئەم ویلایەتە خاوەنی ١١ ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانە، واتە هەر ئەندامێک لەبەرامبەر نزیکەی ٨٠٠ هەزار کەسە لەو ویلایەتە، لەگەڵ دوو ئەندامی ئەنجومەنی پیران بۆ هەر ویلایەتێک واتە ڤرجینیا بە تێکڕا ١٣ ئەندامی کۆنگرسی هەیە، واتە ١٣ ئەندامی دەستەی هەڵبژێردراوانیشی هەیە، ئەندامانی ئەم دەستەیە حزبە سیاسیەکان هەڵیان دەبژرێرێت و ئەرکی حکومی و فەرمیان زۆر نیە بەڵكو زیاتر وەک کادری پارتی سیاسین و ڕۆڵیان تەنها لە کاتی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی دەردەکەوێت و کە هەندێک ئەرکی تەکنیکیان هەیە لە پرۆسەکەدا ئەمە سەرەڕای ئەوەی نوینەری کۆکردنەوەی دەنگەکانی دەنگدەرانن بۆ پۆستی سەرۆکایەتی.

بگەڕێمەوە سەر شێوازی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەمریکا، وەک باسم کرد ڕۆژی دەنگدان هاوڵاتیانی دەنگدەر لەسەر فۆرمی دەنگدانەکەیان ناتوانن راستەوخۆ دەنگ بە سەرۆک بدەن بەڵکو دەنگ بە ئەندامانی دەستەکە دەدەن، لە کۆتایی دەنگدانەکەدا دەستەی هەڵبژێردراوانی هەر لایەنێک زۆرترین دەنگ بهێنیت ئەوا کۆی دەنگی ویلایەتەکە بۆ ئەوان دەبێت، بۆ نمونە لە کۆی ١٣ ئەندامەکەی دەستە هەڵبژێدراوانی ڤرجینیا ٨ ئەندامیان سەر بە پارتی دیمۆکراتەکانن و ٥ ئەندامیان کۆماریەکانن، بۆیە لە کۆتایی دەنگدان هەر دەستەیەک بتوانێت زۆرترین دەنگی دەنگدەرانی ویلایەتەکە بەدەست بێنێ ئەوا براوەی هەموو دەنگەکانی ویلایەتەکە دەبات، وەک باسم کرد لە نمونەکەی ڤرجینیادا هەر لایەنێک براوەبێت ئەوا ١٣ دەنگەکە بۆ ئەو لایەنە دەچێت، ئەم نمونە بۆ ٤٨ ویلایەت ڕاستە لە کۆی ٥٠ ویلایەتەکە، تەنها دوو ویلایەتی دیکە ڕێگەی جیاوازیان هەیە کە زۆر کاریگەریان نیە لەسەر یەکلایی کردنەوەی دەنگەکان، ئەگەر واڕێکەوت دەنگی دەستەی هەڵبژێردراوانی هەردوو کاندید وەک یەک بوون ئەوا پرۆسەکە دەبرێتە ناو ئەنجومەنی نوێنەران و لەوێ یەکلایی دەکرێتەوە.

بۆیە ئەوەی لە کۆتایی دا دەرچوون یان دەرنەچوونی سەرۆکی ئەمریکا یەکلایی دەکاتەوە دەنگی دەنگدەرانی گشتی نیە، بەڵكو ڕێژەی کۆی دەرچونی ئەندامانی دەستەی هەڵبژێردراوە لەسەرجەم ویلایەتەکان دا، بۆیە دەکرێت کاندیدێک زۆرترین دەنگی گشتی بێنیت بەڵام سەرکەوتوو نەبێت وەک هیلەری کلنتن بەرامبەر ترەمپ لە خولی پێشووتر. بە جۆرێک لە جۆرەکان دەنگی گشتی هەم ڕۆڵی هەیە هەمیش تاکە هۆکاری یەکلاکەرەوەی پۆستەکە نیە، ئەم جۆرە لە سیستەمی هەڵبژاردن جۆرێک لە پرسیاری جددی لەسەر پرسی دیموکراسی دروستکردوە لە ئەمریکا و زۆرێک لە شارەزایان رەخنەی توندی لێدەگرن پێان وایە هاوڵاتیان ڕۆڵی سەرەکیان نیە لە بڕیاردان لە هەڵبژاردنی سەرۆکی خۆیان ڕاستەوخۆ، لەبەرامبەردا هەندێکیش پاڵپشتی دەکەن و بە باڵانسێکی لۆژیکی دادەنێن لەنێوان دەنگدەری گشتی کە بەتەواوی لە باشی و خراپی هەڵبژاردن هەڵنەبژاردنی کاندیدەکان تێناگات هەمیشە مەرج نیە هەموو زۆرینەیەک بڕیاری درووست بدات، وە ئەگەر تەنها دەنگدانی گشتی مەرج بوایە ئەوا لە دۆخیكی وەک ئێستادا کە ویلایەتە گەورەکانی وەک کالیفۆرنیا و نیویۆرک کە زۆرینەیان دیموکراتن دەبوو سەرۆک بەردەوام لەو پارتەبوایە، ئەمە جگە لەوەی ئەم پرسە لە دەستوردا چەسپیوە و دەستێوەردان لێی ئاسان نیە!
بەشێكی تری ئەوەی کە ئەم پرۆسەیە سەختتر دەکات دەنگدانی ولایەتە خۆڵەمیشیەکانە کە ئاسان خۆیان یەکلایی ناکەنەوە بۆ پشتیوانی و دژایەتی کاندید یان هەردوو پارتی سیاسی سەرەکی و هەر جۆرە بۆچون گؤڕینێکیان بەرامبەر هەر پارت و کاندیدێک بە ئاسانی دەتوانێ پرۆسەکە یەکلایی بکاتەوە، هەر بۆیە بەردەوام کاندیدەکان لە دوو دڵی و نائارامیدا دەبن لەکاتی هەڵبژاردنەکاندا و توانا و هەوڵی زۆری جددی خۆیان لەم ولایەتانەدا سەرف دەکەن و هەوڵدەدەن ببنە جێی متمانەی دەنگدەرانی ئەو ویلایەتانە، بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵیش هەریەک لە ویلایەتەکانی ( میشیگن، نیڤادا، جۆرجیا، ئەریزۆنا، نۆرس کارۆلاینا، ویسکانسن و پەنسیلڤانیا) بە ویلایەتی کێشمەکێش پێناسە دەکرێن، لە میشیگن کە بە کۆکەرەوەی موسڵمانانی ئەمریکا دادەنرێت و زیاتر لە ٢٠٠ هەزار دەنگدەری موسڵمانی لێیە و لە خولی پێشودا ڕۆلێکی بەرچاویان هەبوو لە دەرچونی بایدن و بۆ ئەم هەڵبژاردنە بڕیاری بایکۆت و سزادانی هەردوو کاندیدەکەیان داوە لەبەرامبەر هەڵوێستیان بەرامبەر غەززە.

بە کورتی هەڵبژاردنی سەرۆک لەوڵاتێکی وەک ئەمریکا پرۆسەیەکی ئاڵۆز و ناجێگیر و زۆر جار شۆکهێنەرە.

هەر بۆ زانیاری و بەرچاوڕوونی زیاتر: دیموکراتەکان دژی ئەوەن داوای بەڵگەنامە و ناسنامە بکرێت لە بنکەکانی دەنگدان وە کۆماریەکان ئەڵێن بۆ هەموو شوێنێک پێویستە ناسنامە و بەڵگەنامەت پێ بێ وەک نەریتێکی فەرمی بۆ سەلماندنی ناسنامەی کەسی، چۆن دەبێت بۆ دەنگدان کە گرنگترین کۆڵەگەی دیموکراتیە و بەرپرسیارێتیە داوای ناسنامە و بەڵگەی هاووڵاتی بوون نەکرێت!!

لە ویلایەتی کالیفۆڕنیا نا یاساییە گەر کارمەندی هەڵبژاردن داوای بەڵگە و ناسنامە و کارتی دەنگدان بکات. هەر بۆیەش ویلایەتەکە کە زۆرترین ژمارەی دانیشتوان و دەنگی ئیلکتۆرەل کۆلیجی هەیە کە دەکات ٥٤ دەنگ. بۆ بوونە سەرۆکی ئەمەریکا پێویستی بە ٢٧٠ دەنگی ئیلکتۆرەل هەیە. بەس بە کالیفۆڕنیا دیموکراتەکان نزیکەی یەک لەسەر سێی دەنگی سەرۆکایەتی دەبەن وە نیویۆرکیش ٢٨ دەنگی هەیە.
وەک لەسەرەوە باسم کرد، ئەگەر بە تەنها ویلایەتی کالیفۆرنیا و نیویۆرک (کە ٢ هەرێمی زۆرینە ڕەهای دیموکراتن) کۆبکەیەوە بە هەردووکیان دەکات ٨٢ نوێنەر لە کۆی ٢٧٠ نوێنەر.

ئێستا دەزانن دیموکراتەکان بۆ دژی پیشاندانی بەڵگە و ناسنامە و کارتی دەنگدانن؟

وە چۆن و بە چ شێوەیەک سەرۆکایەتی (کۆشکی) سپی دەبەنەوە هەمیشە و بەردەوام؟

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن