عیراق

رێكه‌وتنی هه‌رێم و به‌غدا له‌ بودجه‌دا : ‌هه‌رێم رۆژانه‌ 400 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت راده‌ستی به‌غدا ده‌كات

09:47 - 18/03/2023 101 جار خوێندراوەتەوە

زه‌مه‌ن - ئابوری

 رۆژی پێنجشه‌ممه‌ 17ی 3ی 2023، رەشنووسی بودجەی عێراق بۆ هەر سێ ساڵی ( 2023-2024-2025 ) پاش په‌سه‌ندكردنی له‌ ئەنجومەنی وەزیران رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کرا.

قەبارەی بودجەکە بە گشتی 198 ترلیۆن دینارە، لەو بڕە پشکی هەرێمی کوردستان 12.67%ه‌، هەروەها کورتهێنان لە بودجە 63 ترلیۆن دینارە، تێکڕای داهاتی عێراق 134 ترلیۆن دینارە.

بە گوێرەى رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەى گشتیى عێراق کە كۆپییه‌كی دەست "زه‌مه‌ن" کەوتووە، لە 67 مادە پێکهاتووە.

بەگوێرەى پڕۆژە یاساكه‌، هەرێمى کوردستان ئه‌م پابه‌ندیانه‌ی به‌رامبه‌ر به‌غدا بۆ داندراوه‌.

 *رۆژانە 400 هەزا بەرمیل نەوت رادەستى حکومەتى فیدراڵى دەکات.

 

*هەرێم پابەند دەکرێ داهاتی غەیرە نەوتی تەسلیم بەداهاتی گشتی عێراق بکات بەپێی یاسای ئیداری مالی ئیتحادی و دیوانی چاودێری دارایی عێراق بەهەماهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی هەرێم وردبینی داهاتەکان دەکەن. 

 
*هەژمارێکى بانکى بۆ ئەو داهاتى نەوتە دادەنرێت کە لەژێر چاودێریی حکومەتى فیدراڵى دەبێت، بەڵام سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان دەسەڵاتى خەرجکردنى پارەکەى دەبێت و کۆمپانیایەکى نێودەوڵەتیى تایبەتمەند بە وردبینیکردنى داهاتەکە رادەسپێردرێت.

*تاوەکو دەرکردنى یاساى نەوت و گاز لە پەرلەمانى عێراق، کار بە رێکارەکانى پڕۆژەیاسای بودجە دەکرێت لەبارەى پرسى نەوت، ئەوە جگە لە پاکتاوکردنى شایستەى دارایی ساڵانى 2004 بۆ 2022ى نێوان هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵى عێراق.


*لە بەشى قەرزەکانى پڕۆژەیاساى بودجەى گشتیى عێراق ئاماژە بەوەدراوە، قەرزى ئاژانسى ژاپۆنی بۆ هاریکاریى نێودەوڵەتى بۆ پارەدارکردنى پڕۆژەى وەزارەکانى عێراق و هەرێمى کوردستان بەردەوام لە خشتەى قەرزەکانى ئەو ئاژانسە، بڕى 46 ملیۆن دۆلار بۆ پڕۆژەکانى ئاو و ئاوەڕۆى هەرێمى کوردستان دیاریکراوە.

*هاوکات بڕى دوو ملیۆن دۆلارى دیکە دیارکراوە کە دەدرێتە هەرێمى کوردستان لە چوارچێوەى قەرزى بانکى نێودەوڵەتى تایبەت بۆ پارادارکردنى پڕۆژەکان لە چوارچێوەى وەزارەتى پلانداناندا.

* وەزارەتى دارایی حکومەتى فیدراڵى ئەو 400 ملیار دینارەى کە وەک قەرز دراوە بە هەرێمى کوردستان، لە رێگەى بانکى بازرگانیى عێراقەوە دەیداتەوە بە بانکەکە، بە بڕینى لە پشکى هەرێمى کوردستان.

*لەكاتی بوونی هەر ناكۆكییەك لە تێڕوانینی حكومەتی فیدراڵ‌و حكومەتی هەرێم لەوانەی كە پەیوەندیدارن بە ماف‌و پابەندی‌و میكانیزمەكانی هاتوو لە حوكمەكانی ئەم یاسایەدا، لیژنەیەكی هاوبەش لەنێوان هەردوولا دروستدەكرێت بۆ تەماشاكردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان، لەماوەی 30 رۆژدا لەدوای پێكهێنانی، لیژنەكە پێشنیازەكانی خۆی بۆ سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ بەرزدەكاتەوە بۆ ئەوەی بڕیاری گونجاوی لەبارەوە بدات. 


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن