ئەنجامی كۆتایی دوادەكەوێت و كۆمسیۆن داتاكانى شاردەوە
08:25 - 13/10/2021
"زەمەن"
کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق، سەرجەم داتاکانی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی عێڕاقی لەسەر وێبسایتی فەرمی شاردەوە، بەرپرسێكی كۆمسیۆنیش دەڵێت 20 رۆژی دیكە ئەنجامی كۆتایی رادەگەیەنرێت.
لەسەروبەندی ناڕەزای بەشێك لە گروپە شیعەكاندا كە هەڕەشەی راگەیاندنی باری نائاساییان لەبەغدا كردبوو، كۆمسیۆن داتای ئەنجامە بەراییەكان لەسەر ماڵپەرەكەی لابردو رایگەیاند: ژماردنەوەی دەستی بۆ هەشت هەزار و 547 سندوق دەكرێت.
هاوكات جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا وتی"ئەگەر هەیە ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردن گۆڕانکاری بەسەردابێت و دوای 20 رۆژی دیکە، ئەنجامی کۆتایی دەنگدان رادەگەیەنرێت".
ئەم پێشهاتە نوێییە هاوكاتە لەگەڵ ناڕەزای گروپەكانی سەر بە حەشدی شەعبی لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان، هادی عامری سەرۆکی هاوپەیمانێتی فەتح و بەشێک لە هێزە شیعیەکان، لە ئەنجامی هەڵبژاردن ڕازی نین و جەخت لەسەر قەبوڵ نەکردنی ئەنجامەکە دەکەنەوە، لەو چوارچێوەیەدا دەستەی هاوئاهەنگیی بەرگریی "مقاوەمە"ی عێراقی لەبارەی ئەنجامە بەراییەكانەوە، رایگەیاند: ئەنجامەکانی دەستکاری کراوە و پووچەڵە.
دەستەی مقاومەی عێراق لە کۆمەڵێک گرووپی چەکداری نزیک لە ئێران پێکهاتووە کە لە راگەیەندراوێكدا وتی "بەرگریی (مقاوەمە)ی عێراقی کە رەوایی خۆی لە فتوای زانایان و ئیرادەی گەل بەدەستهێناوە، لەوپەڕی ئامادەباشیدایە بۆ پارێزگاریکردن لە دەوڵەت و پرۆسەی سیاسی بۆ ئەوەی شکۆی گەل و سەروەریی عێراقی بە پارێزراوی بمێنێتەوە".