110 عیراق

ئاسیاسێڵ بەرزترین خێرایی ئینتەرنێت تۆمار دەکات

04:25 - 28/11/2026

زەمەن - هەواڵ

 

 ئاسیاسێڵ تەکنەلۆژیای نەوەی پێنجەم 5G لە عێراق دەستپێدەکات، یەکەم پەیوەندی بە نەوەی پێنجەم ئەنجام دەدات و بەرزترین خێرایی ئینتەرنێت لە وڵاتدا تۆمار دەکات.

لە ژێر سەرپەرشتی دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندن و بە پشتگیری زانکۆی نەهرەین، ئاسیاسێڵ یەکەم تاقیگەی نەوەی پێنجەم لە عێراق دەکاتەوە کە تایبەتە بە توێژینەوە و پەرەپێدان.

بەغدا، ٢٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦ – کۆمپانیای ئاسیاسێڵ، دابینکەری پێشەنگی خزمەتگوزارییەکانی پەیوەندی و خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکان لە عێراق، ئەمڕۆ تەکنەلۆژیای نەوەی پێنجەم 5G لە عێراق دەستپێکرد، و بە سەرکەوتوویی یەکەم پەیوەندی بە تەکنەلۆژیای نەوەی پێنجەم لەسەر خاکی عێراق ئەنجامدا، و بەرزترین خێرایی ئینتەرنێتی مۆبایلی تۆمارکرد کە تا ئێستا لە وڵاتدا پێوانە کرابێت، کە گەیشتە 1660 مێگابیت لە چرکەیەکدا لەگەڵ ڕێژەی دواکەوتنی نزم کە 0.6 میلی چرکە بوو، لە تاقیکردنەوەیەکی ڕاستەوخۆی خێراییدا.

ئەم دەستکەوتە لە کاتی کردنەوەی یەکەم تاقیگەی نەوەی پێنجەم لە عێراق لە کۆلێژی ئەندازیاری زانیاری لە زانکۆی نەهرەین لە بەغدا بەدەستهات. ئەم پڕۆژەیە لە ژێر سەرپەرشتی دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندن و بە پشتگیری زانکۆی نەهرەین جێبەجێ دەکرێت، وەک تەواوکەری ڕێککەوتننامەی هاوبەشی کە لە نیسانی ٢٠٢٦ واژۆ کرا.

تاقیگەکە بە شێوەیەکی سەرەکی تایبەتە بە توێژینەوە و پەرەپێدان، و ژینگەیەکی پراکتیکی تەواو بۆ نەوەی پێنجەم دەخاتە بەردەست ئەندازیاران و توێژەران و خوێندکاران بۆ دیزاینکردن و تاقیکردنەوە و پشتڕاستکردنەوەی بەرنامەکان لە بوارەکانی ئینتەرنێتی شتەکان، زیرەکی دەستکرد، شارە زیرەکەکان، پەیوەندییە زۆر خێراکان بە دواکەوتنی کەم و ژمێریاری پێشکەوتوو، لە هەمان کاتدا ئەو شارەزاییە نیشتمانییانە بنیات دەنێت کە عێراق پێویستی پێیەتی لەگەڵ نزیکبوونەوەی دەستپێکردنی بازرگانی نەوەی پێنجەم.
عامر الصنّاع، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ئاسیاسێڵ، وتی: "ئەمڕۆ عێراق چووە سەردەمی نەوەی پێنجەمەوە. ئەنجامدانی یەکەم پەیوەندی بە نەوەی پێنجەم و تۆمارکردنی بەرزترین خێرایی لە مێژووی وڵاتدا تەنها دەستکەوتێکی تەکنیکی نییە، بەڵکو بەڵگەیە لەسەر ئەوەی عێراق ئامادەیە بۆ نەوەی داهاتووی پەیوەندییەکان. بە دانانی ئەم توانایە لە ناو زانکۆیەکی عێراقیدا، ئێمە وەبەرهێنان لەو کەسانە دەکەین کە داهاتووی دیجیتاڵی عێراق بنیات دەنێن. سوپاسی دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندن دەکەین بۆ دیدگا و سەرپەرشتییەکەی، و زانکۆی نەهرەین بۆ هاوبەشییەکەی."

بلیغ ئەبو گلل، سەرۆکی دەزگای جێبەجێکاری دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندن، وتی: "دەستەکە پابەندە بە بەهێزکردنی ئەو تەکنەلۆژیایانەی کە گواستنەوەی دیجیتاڵی لە عێراق خێراتر دەکەن. ئەم تاقیگەیە هەنگاوێکی گرنگە لە ئامادەکردنی سیستەمی نیشتمانی بۆ نەوەی پێنجەم، و ئەو ئامرازانە دەداتە ئەندازیاران و توێژەرانمان کە پێویستن بۆ پەرەپێدانی چارەسەر کە خزمەتی هاووڵاتیانی عێراق و ئابووری نیشتمانی بکەن. پیرۆزبایی لە ئاسیاسێڵ و زانکۆی نەهرەین دەکەین بۆ ئەم دەستکەوتە."

ئەندازیار بەلاسم سالم، سەرۆکی دەستەی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی ڕاگەیاندن و گەیاندن دوا و وتی: "کۆمسیۆن هەمیشە بەوپەڕی توانایەوە پاڵپشتی کەرتی پەروەردەییە لە عێراق، ئەمە لە ڕێی چەند پڕۆژەیەکەوە لە چوارچێوەی دیدگای داهاتووییدا بۆ پەرەپێدانی کەرتی پەیوەندییەکان لە عێراقدا. پڕۆژەی ئەم تاقیگەیە یەکێکە لەو دیدگایانە کە گەرەنتی دابینکردنی ژێرخان دەکات بۆ فێرخوازان بۆ ناسین و کارکردن لەگەڵ نوێترین تەکنەلۆژیاکان بە شێوەیەکی کرداریی، بەمەش گەرەنتی هەبوونی دەرچووی تایبەتمەند لە پسپۆڕیی تەکنۆلۆژیاکانی نەوەی پێنجەم 5G دەکات."

ئەم دەستپێکردنە ستراتیژی ئاسیاسێڵ بەهێزتر دەکات بۆ پێشەنگایەتیکردنی گواستنەوەی دیجیتاڵی لە عێراق لە ڕێگەی وەبەرهێنانی بەردەوام لە ژێرخانی تۆڕ و داهێنان و توانا نیشتمانییەکان، لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکانی بۆ دەستپێکردنی بازرگانی خزمەتگوزارییەکانی نەوەی پێنجەم.
– کۆتایی –
دەربارەی ئاسیاسێڵ:
ئاسیاسێڵ دابینکاری سەرەکی خزمەتگوزاریى پەیوەندییەکانی مۆبایل و خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکانە لە عێراق و ژماره‌ى به‌شدرابووانی زیاتر لە 20 مليۆنە. ئاسياسێڵ وەکو یەکەمین کۆمپانیاى خزمەتگوزاریى مۆبایل ناسێندراوە لە عێراق و یەکەمین کۆمپانیایە کە تۆڕەکەی هەموو بەشەکانی عێراق دادەپۆشێت. ئاسیاسێڵ خزمەتگوزارییەکانی “4G+” بە کواڵیتییەکی بەرز لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق دابیندەکات و تۆڕەکەشى زیاتر لە 99.06٪ ـى دانيشتوانى عێراق ده‌گرێته‌وه‌. ئاسیاسێڵ بەردەوامە لە ڕابەرایەتیکردنی بواری پەیوەندییەکان و وەرچەرخانی دیجیتاڵی لە عێراق.
بەشی پەیوەندییە گشتییەکان: [email protected]
زانیاریی زیاتر: www.asiacell.com

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن