بازەکەی سەرۆکی حکومەت بەسەر کێوە دەنیشێتەوە؟
11/15/2025 11:45:00 AM
د. ئیبراهیم محەمەد
یەکەم: لە هەلبژاردنی مانگی دوانزەی ٢٠٠٥ لەکۆی ٢٧٥ کورسی پەرلەمان هاوپەیمانی عێراقی یەکگرتووی شیعەکان ١٢٨ کورسی پەلەرمانیان بردەوە. دەبوایە کەسێک دیاری بکەن بۆ سەرۆکی حکومەت بەڵام ناکۆک بوون دواجار لەنێوە لیستەکەی خۆیان دەنگدان کرا لەنیوان عادل عبدالمهدی و ابراهیم جەعفەری ، جەعفەری بە جیاوازی یەک دەنگ لە عبدالمهدی بردەوە بەڵام هیچیان نەبوون بەسەرۆک وەزیران هەرچەندە جەعفەری بردبویەوە چونکە لە ٢٠/٤/٢٠٠٥ دا لەژیر فشاردا وازی هێناو مالکی کە سەرکردەیەکی حزبی دەعوەبوو دیاری کراو بازەکە بەسەریەوە نیشتەوە.
دووەم: لەهەڵبژاردنی ٢٠١٠ دا ئەیاد عەلاوی ٩١ کورسی بردەوە وەک لیستی عێراقیە و براوەی یەکەم بوو بەڵام مالکی ٨٩ کورسی هێناو بۆجاری دووەم بویەوە بەسەرۆک وەزیران. هەرچەندە مافی ئەیاد عەلاوی بوو بەڵام بەخت یاوەری نەبوو ئەمریکا وئێرانیش هاوڕابوون مالکی بێت ودووبارە بازکەیان خستەوە سەری.
سێ یەم : لە هەڵبژاردنی ٢٠١٤ نوری مالکی وەک دەوڵەتی یاسا ٩٢ کورسی بردەوە وەک یەکەم لیستی براوە بەڵام نەیان هێشت بازەکە لەسەر نوری مالکی بێت وحەیدەر عەبادی کەیەکێک بوو لەسەرکردەکانی حزبی دەعوە چانسی ئەوەیی هەبوو کە بازەکە بەسەریوە بنیشێتەوە و کرا بە سەرۆک وەزیران لەکاتێکدا تەنها خۆی بوو وپاشان جیابویەوە لەحزبی دەعوە.
چوارەم: لەهەڵبژاردنی ٢٠١٨ سەدر وەک لیستی سائیرون بە ٥٤ کورسی بو بەیەکەم لیستی براوە بەڵام کەسیان نەبوون بە سەرۆک وەزیران و بازەکە هاتوو لەسەر عادل عبدالمهدی نیشتەوە. لەکاتێکدا عبدالمهدی هیچ کورسیەکی نەبوو لەپەرلەمان.
پێنجەم: کاتێک عبدالمهدی دەستی لەکار کێشایەوە و ململانێ قوڵبوویەوە پاش ململانێ یەکی زۆر موستەفا کازمیش بوو بەوکەسەی کە باز هاتوولەسەری نیشتەوە، کازمی هیچ پاڵپشتیەکی پەرلەمانی نەبوو بگرە ئەندام پەرلەمانیشی نەبوو.
شەشەم: لەهەڵبژاردنی ٢٠٢١ دا سەدر ٧٣ کورسی پەرلەمانی بردەوە هەرچەندە هەوڵی زۆریدا بۆ ئەوەی سەرۆک وەزیران هی ئەو بێت بەڵام دواجار هەر لەپرۆسەی سیاسی کشایەوە. بۆیە بازەکە لەسەر محمد شیاع سودانی نیشتەوە وبوو بەسەرۆک وەزیران کە تەنها یەک ئەندام پەرلەمانی هەبوو.
حەوتەم: لەم هەڵبژاردنەی ١١/١١ /٢٠٢٥ سەرەڕای ئەوەی لیستەکەی سودانی لەپلەی یەکەمدایە بەڵام پێناچێی بتوانێت خولی دووەم بۆ خۆی مسۆگەر بکات. بۆیە دەبێت چاوەڕێی ململانێ یەکی دوور مەودابین وبزانین بازەکە لەسەر کێ دەنیشێتەوە یان بازەکە دەخەنە سەر کەسێکی نوێ.
پۆستی سەرۆک وەزیران کە بەهێزترین پۆستی عێراقە و وەک سازان پشکی شیعەیە سروشتی وابووە لەڕابردوودا براوەی یەکەم نەیتوانیوە بەدەستی بهێنێت، بۆیە وەها مامەڵەی لەگەڵدا کراوە کە نەبێتە (سوپەر پاوەر )بۆ سەرکردەیەک یان لایەنێکی شیعەو ئەوانی تر وەلا بنێت. بۆیە هەر بەوەی سودانی یەکەم بووە پێموایە نەتوانێت ئەو پۆستە بۆخۆی مسۆگەر بکات ونەهێڵن بازەکە بەسەریەوە بنيشێتەوە. لەم پرۆسەی باز هەڵدانەدا ئێران وئەمریکا ڕۆڵی گەورەیان دەبێت لەئاڕاستەی فڕین ونیشتنەوەی بازەکە.