کاندیدی نوێی سەرۆک وەزیران و چەند پرسێک
2/4/2020 2:29:00 PM
د. ئیبراهیم محەمەد
دوای ئەوەی کاندیدی سەرۆک وەزیران لەلایەن بەرهەم ساڵحەوە ڕاسپێردرا بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ و دەستپێکردنی قۆناغێکی تری سیاسی لە مێژووی سیاسی عێراقدا، بارودۆخەکە بە ئاراستەی پێکهێنانی کابینەیەکی نوێیە.
ئەوەی جێگەی پرسیاری هەموو لایەکە ئەوەیە ئایا محەمەد تۆفیق عەلاوی دەتوانێت ئەو گرفتانە چارەسەر بکات کە ئێستا لەئارادایە؟ ئایا ئامانجی سەرەکی ئەم کابینەیەو ئەرکی لەم قۆناغەدا چییە؟ ئایا کەسێکی وەک عەلاوی کە زۆر ڕووی لێکچوونی هەیە لەگەڵ عەبدولمەهدی بەهەمان سەرئەنجامی عەبدولمەهدی ناچێت؟ ئەمانەو چەندین بابەتی تر ڕووبەڕووی پرۆسەکە دەبێتەوە. لێرەدا هەوڵدەدرێت چەند لایەنێکی تاوتوێ بکرێت.
یەکەم: سەرۆک کۆمار دوای ئەوەی چەندین کاندیدی رەتکردەوە کە لەلایەن هێزە شیعەکانەوە پێشکەش دەکران بۆ ئەو پۆستە بەبیانووی ئەوەی خۆپیشاندەران لەسەری کۆک نین و ناڕازین دواجار ئەو پاساوەی بێ بنەما دەرچوو کاتێک بینیمان کە عەلاوی لەلایەن خۆپیشاندەرانی ساحەی تەحریر و هاوشێوەکانی لە ناوچەکانی تر زۆر بەتوندی دژی کاندیدەکەی سەرۆک کۆمار هاتنە دەنگ و بەجۆرێک ئێستا خۆپیشاندەران لە بەردەم هەڕەشەی گروپەکەی سەدردان چونکە ئەو کاندیدە کاندیدی سەدرو عامریەو نابێت خۆپیشاندەران دژایەتی بکەن، بەڵام دژایەتیکردنی ئەو کاندیدە لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە بەردەوامە.
ئەمە ئەوەمان پێدەڵێت کە بەرهەم ساڵحی سەرۆک کۆمار کەسێکی راسپاردووە نەک مەرجەکانی خۆپیشاندەرانی تێدا نییە، بەڵکو تەنها گروپێکی ناو شیعە یان دوو گروپ فشاریان لەسەر کردووە بۆ ئەنجامدانی ئەوکارە. بۆیە یاریکردن بە گیانی خۆپیشاندەرانی گۆڕەپانەکان بۆ ماوەی نزیکەی چوار مانگ لە سلوکی ئەو سیاسیە فاشیلانەیە کە بێباکنو بۆ بەرژەوەندی خۆیان چەندین کەسی بێتاوان بکەنە قوربانی و وڵات ڕووبەڕووی نەهامەتی زیاترو کارەساتی گەورە بکەنەوە پاشان جۆرە رەفتارێک بکەن کە دەتوانرا لەسەرەتاوە بێ هیچ گرفتێک ئەنجام بدرایە. بەڵام سیاسەتی بەرژەوەندیخوازی ئەمانەو مەرامی مسۆگەرکردنی پۆستی داهاتوویان لەپێش بەرژەوەندی گشتییەوەیە بەبەردەوامی ناتوانن و نەیانتوانیوە تەجاوزی بکەن.
دووەم: ئەو گرفتانەی کە بەربەستبوون لەبەردەم کابینەکەی عەبدولمەهدی بریتی بوون لە “هەڵوەشاندنەوەی میلیشیا شیعەکان کە خواستی ئەمریکایە، دەستێوەردانی دەرەکی ئێرانو ئەمریکا، جوڵاندنی دۆسیەی گەندەڵی و خستنە بەردەم دادگا، کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا...هتد” ئەمانە قەیران ئامێزن و کابینەکەی عەلاوی دەبێت چارەسەریان بکات، بەڵام گرفتەکە ئەوەیە کاراکتەرێکی ناوخۆیی وەک عەلاوی کە هیچ فراکسیۆنێکی گەورەی پەرلەمانی نیەو ئەوەی هەیە سەدرو عامری پشتگیری دەکەن لەکاتێکدا عەبدولمەهدی هەموو پێکهاتەکانی پەرلەمان لەسەری کۆکبوون و لەسەرەتاوە پاڵپشتیان دەکرد، بەڵام سەرئەنجامەکەی بەم شێوەیە بوو. بۆیە گرنگە لەوە تێبگەین کە ئەو مەلەفە گەورانەی باسمان کردن زۆر ئەستەمە عەلاوی بتوانێت یەکلاییان بکاتەوەو سەرکەوتووبێت. عەلاوی لەکوێ توانای ئەوەی هەیە بەرپەرچی خواستەکانی ئەمریکاو ئێران بداتەوە، چۆن دەتوانێت عێراق لەوە ڕزگار کات کە نەبێتە مەیدانی ململانێی ئەو دوو لایەنە، نەک عەلاوی بەڵکو کۆی پۆستە باڵاکانی وەک سەرۆک کۆمارو سەرۆکی پەرلەمان و دەسەڵاتی دادوەری عێراق ناتوانن ئەو کارە بکەن. هەڵوەشاندنەوەی سەدو بیست هەزار چەکداری شەعبی، کە بەهێزترن لە سوپای عێراق چۆن ئەنجام دەدرێت بەم کاندیدە. هەرگیز ناتوانێت مالکی و عەبادی و کێ و کێ کە مەلەفی گەندەڵیان لەسەرە بخاتە بەردەم دادگاو لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکات.
بۆیە وادەردەکەوێت سەرئەنجامی ئەم کابینەیەش زۆر باشتر نابێت لە کابینەکەی عەبدولمەهدیو قەیرانەکان نەک چارەسەر نابن بەڵکو قوڵتر دەبنەوە.
سێیەم: ئەرکی سەرەکی ئەم کابینەیە ئەگەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت بێت و بیەوێت ئەو کارە لە ماوەیەکی دیاریکراودا ئەنجام بدات ئەوا ئەرکی دیاریکراو دەبێت و دەبێت زیاتر جەخت لەسەر ئەو پرۆسەیە بکاتەوە، بەڵام ئەوەی گرفتە ئەوەیە لە بارودۆخێیکی لەم جۆرەی ئێستادا ئەستەمە بتوانرێت بەسەرکەوتوویی ئەنجام بدرێت.
یاسای نوێی هەڵبژاردن پرۆسەکەی قورستر کردووە بەجۆرێک بۆ رێکخستنی داتاو بازنەکانی هەڵبژاردن ماوەیەکی زۆری دەوێت چەندین لایەنی کەم و کورتی هەیە لە یاساکەدایە کە ناتوانرێت بەئاسانی چارەسەر بکرێت. سەرئەنجام ئەوە دەبینین، کە کابینەیەک بەدەست گرفت و قەیرانی زۆرەوە گیرۆدە دەبێت و خواستی خۆپیشاندەرانیش لە کەمی خزمەتگوزاری و بێکاری و نەمانی گەندەڵیو دەستتێوەردانی ئەمریکاو ئێران...هتد هیچی بەجێنایەت و بێ هیوایی زیاتری بەدوادادێت.
چوارەم: ئەوەی بەرچاوە ئەوەیە عەلاوی و هاوشێوەکانی لە پۆستە باڵاکانی عێراق لەم بارودۆخەداو بەم شێوازەی کە ئێستا هەیەو دەگوزەرێ ناتوانن بارودۆخی عێراق چارەسەر بکەن و چاکسازی راستەقینە ئەنجامبدەن. ئەم جۆرە هەنگاوانە خۆڵ کردنە چاوی خەڵک و بێهیواکردنی زیاتری هاوڵاتیانە بە پلان و هەوڵی سیاسیەکانی وەک سەرۆک کۆمارو سەرۆکی پەرلەمان و سیاسیە گەندەڵەکانی وەک مالکی و عەبادی پرۆکسییەکانی وەک سەدرو عامری.
عێراق پێویستی بە قۆناغێکی گواستنەوەیە کە نەتەوەیەکگرتووەکان سەرپەرشتی بکات بۆ ماوەی دوانزە ساڵ لەپێناو بنیاتنانی پرۆسەیەکی سیاسی، کە ڕەنگدانەوەی هیواو خواستەکانی هاوڵاتیان بێت دوور لە بەرژەوەندیخوازی مشخۆرەکانی ئێستا کە کۆمەڵگەو هاوڵاتیانیان تووشی نەهامەتی زیاتر کردووە.
تێبینی:
ئەم بابەتە ڕەنگدانەوەی خۆمە وەک مامۆستایەکی زانکۆو رۆژنامەنووسێک هیچ پەیوەندی بە ئاراستەی سیاسیەوە نیە.